كازمی و ماكرۆن سەبارەت بە قه‌یرانی دارایی په‌یوه‌ندیه‌كى ته‌له‌فونییان ئه‌نجامدا


سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سه‌رۆكی فەڕه‌نسا له‌باره‌ی كۆرۆنترۆڵكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قه‌یرانی دارایی و شه‌ڕی دژ به‌داعش گفتوگۆیان كرد.

ژیان-بەغدا: نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ٢٣ی ٥ی٢٠٢٠، ئیمانوێل ماكرۆن په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌گه‌ڵ مسته‌فا كازمی ئه‌نجامداوه‌ و پیرۆزبایی لێكردووه‌ به‌بۆنه‌ی وه‌رگرتنی متمانه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بۆ سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت، هه‌ر له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا جه‌ختیان له‌سه‌ر فراوانكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان فەڕه‌نسا و عێراق كردۆ‌ته‌وه‌.

ئاماژە بەوەشکراوە، هه‌ردولا گفتوگۆیان له‌سه‌ر پێگه‌ی عێراق و بینینی رۆڵی سه‌ره‌كی له‌ناوچه‌كه‌ و جیهان كردووه‌، هه‌روه‌ها جه‌ختیان له‌سه‌ر بڕیاری سه‌ربه‌خۆ و پاراستنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق وه‌ك ئه‌وله‌ویه‌تێكی نیشتمانی كردۆ‌ته‌وه‌.

بەپێی راگەیەندراوەکەی نوسینگه‌ی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، قه‌یرانی دارایی به‌شێكی سه‌ره‌كی گفتوگۆی په‌یوه‌ندیه‌ ته‌له‌فۆنیه‌كه‌ بووه‌ و باس له‌ پاڵپشتی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی بۆ عێراق له‌ڕووی داراییه‌وه‌ كراوه‌، ئه‌ویش له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی ته‌واوه‌تی چاكسازی ئابوری، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ڕۆڵی كۆمپانیاكانی فەڕه‌نسا له عێراق و په‌ره‌پێدانی كاره‌كانیشیان كراوه‌، به‌جۆرێك ڕۆڵی گرنگ ببینن له‌ دوباره‌ داڕشتنی پلانی بنیادنانه‌وه‌ی ناوچه‌كاندا.

هەروەک، دۆخی ئه‌منی و روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی تیرۆر و رێگەگرتن له‌زیاتر بڵاوبوونه‌وه‌ی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ، به‌شێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كه‌ی نێوان سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەڕەنسا بووه‌ و باسیان له‌هه‌ماهه‌نگی و كاری هاوبه‌شی نێوان هه‌ردوو وڵات كردووه‌.