راستی روداوی سوتاندنی سەگەكەی چوار قوڕنە

منداڵێك سوتاندویەتی بۆ ئەوەی بۆن نەكات

ژیان: 

ماوەی دووڕۆژە لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان وێنەی سەگێك بڵاو دەكرێتەوە بە سوتێندراوی و بەڵام پۆلیس سوتاندنی ئەو سەگە رەتدەكاتەوە. 

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان وا بڵاو كراوەتەوە كە سەگێك لە لایەن هاوڵاتیەكی دانیشتووی ناحیەی چوارقوڕنەی سەر بە قەزای ڕانیە بە زیندووی سوتێندراوە. 

پۆلیسی راپەڕین لەوبارەیەوە رایگەیاند "بە گوێرەی بەدواداچونەكانی بنكەی پۆلیسی بیتوێن لە ناحیەی چوارقوڕنە سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوكاری هێزە ئەمنیەكانی تر، ئەم سەگە پاش ئەوەی لە گۆڕستانێكی ناحیەكە لە نزیك كولانەكەی خۆی گیانی لەدەستداوە هەر لەوێ لە لایەن منداڵێكەوە سوێتندراوە بۆ ئەوەی بۆن نەكات".

ئەو بەرێوەبەرایەتیە باسی ئەوەش دەكات "لە لایەن كارمەندانی بنكەی پۆلیسی ناحیەی چوارقوڕنە ژێر خاك كراوە تا كاریگەری خراپی لەسەر هاوڵاتیان دروست نەكات لە ڕووی تەندروستی".

پۆلیس ئەوەش ئاشكرا دەكات كە "بەوتەی ژمارەیەك شایەتحاڵ كە نزیكن لە گۆڕستانەكە ئەم سەگە لە نزیك كولانەكەی خۆی گیانی لەدەستداوە و پاشان منداڵێك لاشەكەی سوتاندووە".