مەی بەدوای کاتی زیاترەوەیە بۆ ڕێککەوتنێکی دیکە لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا

سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بەڵێنێک دەداتە پەرلەمانی وڵاتەکەی
تێرێزا مەی هەوڵدەدات کاتی زیاتری دەست بکەوێت

ژیان:
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بەڵێن دەدات کە هەلێکی دیکە بداتە پەرلەمانی بەریتانیا تا سەبارەت بە جیابوونەوەی وڵاتەکەیان لە یەکێتی ئەوروپا ڕاوبۆچونی خۆیان دەرببڕن.

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ڕۆیتەرز، سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکومەتەکەی تێرێزا مەی ، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا ئاشکرایکردووە، مەی لەم هەفتەیەدا بەڵێن دەدات هەلێکی دیکە بداتە پەرلەمانی بەریتانیا تا ڕاوبۆچوونی خۆیان دەرببڕن سەبارەت بە جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا.

ئاماژە بەوەشکراوە، مەی هەوڵدەدات کاتی زیاتری دەست بکەوێت بۆ وتووێژکرن لەسەر ڕێکەوتنێکی نوێ لەگەڵ یەکێتی ئەوروپادا.

ئەوەش ئاشکراکراوە، مەی پابەندە بەوەوە کە پەرلەمانی بەڕیتانیا دانیشتنێکی دیکە بکات سەبارەت بە جیابوونەوەکە.

29ی مانگی مارس، بەریتانیا لە یەکێتی ئەوروپا جیا دەبێتەوە و تێریزا مەی هەوڵدەدات یەکێتی ئەوروپا ڕازی بکات گۆڕانکاری لەو ڕێکەوتنەدا بکەن کە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لەندەن و بڕۆکسل لەسەری ڕێکەوتن، بەڵام پەرلەمانی بەریتانیا بە زۆرینەی دەنگ ئەو ڕێکەوتنەیان ڕەتکردەوە.