دوای 140 رۆژ، یەكێتی خواستەكانی خۆی لەپێكهێنانی كابینەی نۆیەم سەپاند

یەكێتی لەجەمسەری ئابووری، سیاسی، ئەمنی، عەسكەری و جوگرافی بەرامبەر پارتی وەستاوە
کۆبوونەوەی یەکێتی و پارتی

ژیان: بیلال حاجی
دوای زیاتر لە 130 رۆژ لەهەڵبژاردنە پەرلەمانییەكەی 30ی ئەیلولی ساڵی رابردوو دواجار لەشەشەمین كۆبونەوەی نێوان پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان. گەیشتنە رێككەوتنێكی سەرەتایی و بڕیار وایە لەرۆژی 18ی ئەم مانگە دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان هەڵبژێردرێت و لەهەمان رۆژیشدا پۆستی پارێزگاری كەركوك یەكلایی بكرێتەوە.

لەتەواو دانوستانەكانی پارتی لەگەڵ یەكێتی بەهەموو شێوەیەك پارتی مەرجەكانی یەكێتی لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم رەتدەكردەوەو نەیدەویست بەهیچ شێوەیەك بچێتە ژێرباری سەپاندنی مەرجەكانی یەكێتی. 

بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان، مامەڵەی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەدوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر شتێكی تازەیەو بەر لەو رووداوە پارتی دیموكراتی كوردستان هەر بەرنامەیەكی هەبوایە یا هەر شتێكی بویستایە بەئاسانی بەسەر یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەیسەپاند، بەڵام ئەوەی بەڕوونی دەبینین سەردەمی سەپاندنی بەرنامەو ویستەكانی پارتی بەسەر یەكێتیدا بەسەرچووە. ئێستا یەكێتی نیشتمانی كوردستان وەك جەمسەرێكی بەهێز خۆی دەبینێت نەك وەك هاوكارێكی پارتی دیموكراتی كوردستان.

16ی ئۆكتۆبەر، قۆناغێكی جیاواز
لەدوای جەلال تاڵەبانی رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر یەكەمین وێستگەی رووبەڕوو بونەوەی سیاسەتەكانی پارتی بوو لەهەرێمی كوردستان، بەبڕوای چاودێرانی سیاسی ئەمە بەهۆی ئەوەوەیە كەئێستا دەستەیەكی نوێ ئاراستەی سیاسەتەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان دەكەن. ئەو ئاراستە نوێیەی یەكێتی بەهیچ شێوەیەك لای پارتی دیموكراتی كوردستان قبوڵكراو نین. 

چۆن 31ی ئاب نەخشەی سیاسی و جوگرافی لەهەرێمی كوردستان گۆڕی و نزیكەی 20 ساڵ پارسەنگی هێز بەلای پارتیدا كەوت، 16ی ئۆكتۆبەریش بۆ یەكێتی گەڕانەوەیەتی بۆ بوونەوە بەجەمسەرە بەهێزەكەی كوردستان لەبەرامبەر پارتیدا.

ناساندنی 16ی ئۆكتۆبەر لەلایەن پارتییەوە بەخیانەت زیاتر لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كەپارتی نایەوێت مەرجەكانی ئەوجیلە نوێیەی یەكێتی قبوڵ بكات، پارتی پێی وایە بەو تۆمەتباركردنەیان دەتوانێت ئەوانە بكاتە كەسایەتی نەخوازراو، بەڵام واقیع شتێكی دیكە دەڵێت. بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان 16ی ئۆكتۆبەر رۆژی گۆڕینی ئاراستەی سیاسی یەكێتییەو بەجەمسەر بوونەوەی یەكێتییە. چۆن 31ی ئاب نەخشەی سیاسی¬و جوگرافی لەهەرێمی كوردستان گۆڕی و نزیكەی 20 ساڵ پارسەنگی هێز بەلای پارتیدا كەوت. 16ی ئۆكتۆبەریش بۆ یەكێتی گەڕانەوەیەتی بۆ بوونەوە بەجەمسەرە بەهێزەكەی كوردستان لەبەرامبەر پارتیدا.

گرەوكردن لەسەر توانەوەی یەكجاری یەكێتی نیشتیمانی
دوای مەرگی تاڵەبانی و بەدیاریكراویش دروستبوونی ناوەندی بڕیار لەناو یەكێتیدا وەك بچووكبونەوەی یەكێتی سەیردەكراو پارتی پێی وابوو باڵی بڕیار لەیەكێتی جیادەبنەوەو دەبن بەهێزێكی دیكە بەمەش دەنگی هێزەكانی دەرەوەی پارتی هێندەی دیكە پەرش و بڵاودەبن، بەڵام رێكخستنەوەی یەكێتی بەو شێوەیەی ئێستاو كۆبونەوەی تەواوی ئاراستە جیاوازەكانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەسەر مێزی گفتوگۆو پێكهاتنیان لەبارەی چۆنیەتی ئیدارەدانی حزبەكەیان كۆتایی بەو خەونەی پارتی هێنا، بەپێچەوانەوە یەكێتی لەئێستادا وەك جەمسەرێك لەرووی ئابووری، سیاسی، ئەمنی، عەسكەری و جوگرافی بەرامبەر پارتی وەستاوە.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدرێژایی ئەو كاتانەی لەگەڵ پارتی لەگفتوگۆ بووە هەمیشە مەرجی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام لەئیدارەدانی نوێی سیاسەتی یەكێتی ئەم قۆناغە كۆتایی هاتووە، ئێستا ئەو دەیەوێت مەرج بسەپێنێت. بافل تاڵەبانی لەرۆژی 30ی ئەیلول لەبەردەمی كامێرای رۆژنامەنووسان ووتی "سەردەمی ئەوە كۆتایی هات یەكێتی دوای خەڵكی دیكە بكەوێت، بەڵكو دەبێت خەڵكی دیكە دوای یەكێتی بكەون". ئەمەش لەئێستادا بەكردەیی دەبینرێت.

پۆستی سەرۆك كۆمار
كاندیدكردنی بەرهەم ساڵح، بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی نیشتمانی كوردستان، یەكێكی دیكە بوو لەهەنگاوەكانی رێكخستنەوەی ناو ماڵی یەكێتی. پارتی دیموكراتی كوردستان تەواوی هێزو توانای ماددی و سیاسی خۆی خستەگەڕ بۆ ئەوەی شكست بەبەرهەم ساڵح بهێنن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان بەدرێژایی ئەو كاتانەی لەگەڵ پارتی لەگفتوگۆ بووە هەمیشە مەرجی بەسەردا سەپێندراوە، بەڵام لەئیدارەدانی نوێی سیاسەتی یەكێتی ئەم قۆناغە كۆتایی هاتووە

ئامانجی پارتی بۆ ئەم شكست پێهێنانە تەنیا بریتی نەبوو لەوەی كەسێكی پارتی ئەو پۆستە وەربگرێت، بەڵكو ئامانجی پارتی زیاتر ئەوەبوو چیتر ناو ماڵی یەكێتی بەیەكگرتووی نەبینێت. پارتی دیموكراتی كوردستان باشتر لەهەمووان ئەوە دەزانێت كەئەگەر یەكێتی هێزێكی یەكگرتووی بەهێز بێت، دەبێت لەناو خۆیی هەرێمی كوردستانیش كۆمەڵێك تەنازول بۆ یەكێتی بكات. بۆیە شكستهێنانی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار شۆكێك بوو بۆی و تا ئێستاش كاریگەری ئەو شۆكە بەسەرییەوە ماوە.

یەكێتی لەئێستادا بەهۆی پۆستی سەرۆك كۆمارەو هەم لەسەر ئاستی عێراق هەم لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان بەهێزتر دەردەكەوێت و ئەم بەهێزییەی یەكێتیش بۆ پارتی مایەی سەرئێشەیە، پارتی پێویستی بەوە هەیە یەكێتی هێزێكی پارتەوازەی بێ هێزبێت.

سەپاندنی مەرجەكانی یەكێتی
یەكێتی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان لەدوای 16ی ئۆكتۆبەرو دوای هەڵبژاردنی بەرهەم ساڵح بەسەرۆك كۆماری عێراق، پەیوەندییەكانیان ئاڵۆزی تێكەوت. پارتی بەئاشكراو بەدەنگی بەرز باسی لەتۆڵەكردنەوە دەكرد لەیەكێتی و باسی لەوە دەكرد یەكێتی مادام لەبەغدا باس لەكەمینەو زۆرینە دەكات دەبێت ئەمەی بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و پۆستی پارێزگاری كەركوك قبوڵ بێت. بەڵام دوای پێنج كۆبونەوەی فەرمی و چەندین پەیوەندی نافەرمی لەنێوان ئەو دوو هێزە دواجار لەكۆبوونەوەی شەشەمی نێوان ئەو دوو هێزە پارتی رازی بوو بە مەرجەكانی یەكێتی.

یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەتەواوی دانیشتنەكانی و لەلێدوانە رۆژنامەوانییەكانی بەرپرسانی باسیان لەوە دەكرد بەرلەوەی ئەوان لەگەڵ پارتی باس لەپۆستەكانی هەرێم و پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بكەن دەبێت لەگەڵ پارتی رێككەوتنێكی سیاسی بكەن، تەواوی كێشەكانی نێوانیان چارەسەری بۆ بدۆزنەوە بەتایبەت كەپارتی لەبەغدا نایەوێت پۆستی وەزیری داد بۆ یەكێتی بێت و لەدیاریكردنی كاندیدێك بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك یاری كات كوشتن لەگەڵ یەكێتی دەكات. بەڵام پێداگری یەكێتی لەسەر داواكانی وایكرد پارتی ناچار بەڕازی بوون بكات بەداواكانی یەكێتی. 

بافل تاڵەبانی: سەردەمی ئەوە كۆتایهات یەكێتی دوای خەڵكی دیكە بكەوێت، بەڵكو دەبێت خەڵكی دیكە دوای یەكێتی بكەون

بەرپرسانی پارتی بەبیانوی ئەوەی كێشەی كەركوك تەنیا بریتی نیە لەپۆستی پارێزگار، بەڵكو دەبێت دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە. لەلایەن بەرپرسانی یەكێتی ئەم قسانە تەنیا وەك بیانو سەیر دەكرا.

ئەمە لەكاتێكدا لاهور شێخ جەنگی لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا لەكەركوك رایگەیاند" بۆ یەكێتی نیشتمانی كوردستان، كەركوك هیچی لەپێكهێنانی حكومەتی هەرێم كەمتر نییە".

ئەمە بەو مانایەی ئەگەر بۆ پارتی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم گرنگ بێت ئەوا بۆ یەكێتیش وەرگرتنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك لەئاستی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم و پۆستی سەرۆكی هەرێمە، چونكە بۆیەكێتی كەركوك قوڕسایی و گرنگی خۆی هەیە.

بەڕای چاودێران یەكێتی ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت لەپێداگری لەسەر خواست و داواكانی ئەوا دەتوانێت هاوسەنگی بۆ پەیوەندی خۆی لەگەڵ یەكێتی بگێڕێتەوەو ڕێ لەفراوانتر بوونی هەژموونی پارتی بگرێت بەسەر تەواوی جومگەكانی دەسەڵات لەهەرێمی كوردستان.

نوێنەرەكانی یەكێتی دەتوانن لەحكومەتدا نوێنەرایەتی ئەو رەوتە نوێیە بكەن؟
لەكابینەی پێنجەمی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كەحكومەتی هاوبەشەو لەدوای تێكەڵكردنەوەی ئیدارەی سلێمانی و ئیدارەی هەولێر زۆرینەی كادیرانی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لەكابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكومەت پۆستیان وەرگرتووە، دوای وەرگرتنی پۆستەكەیان و تەواوبوونی ئەركەكانیان تۆمەتی نزیك بوون لەپارتییان ئاراستەكراوە. ئەو كادیرانەی یەكێتی بەر لەوەی پۆست وەربگرن هەڵوێستەكانیان بەرامبەر پارتی زۆرجار توند بوون، بەڵام دوای وەرگرتنی پۆست بگرە لێدوان و هەڵوێستەكانیان نەك توند نەماون، بەڵكو زۆرینەی لێدوانەكانیان دەچنە خزمەت پارتی.

پارتی باشتر لەهەمووان ئەوە دەزانێت كەئەگەر یەكێتی هێزێكی یەكگرتووی بەهێز بێت، دەبێت لەناو خۆیی هەرێم كۆمەڵێك تەنازول بۆ یەكێتی بكات، پۆستی سەرۆك كۆمار بەنمونە

ئەو رەوتە نوێیەی لەناو یەكێتیدا پێداگری دەكات لەسەر خواست و داواكانی یەكێتی گرنگە بتوانن كەسانێك بنێرنە پۆستەكان كەبتوانن لەئاست ئەو پێداگرییانەی ئەو رەوتە بن. نەك ئەوەی ئەوان لەدانوستانەكان بەدەستی دەهێنن لەكاتی مومارەسەی پۆستەكانیان لەحكومەت دەیخەنە دەست پارتی.

ئەو پۆستە سیادییانەی كە مافی یەكێتین وەك جێگری سەرۆكی حكومەت و سەرۆكی پەرلەمان دوو پۆستی گرنگن و یەكێتی دەتوانێت سوودی زۆر لەو دوو پۆستە وەربگرێت، بەڵام بەو مەرجەی ئەو كادیرانەی ئەو پۆستانە وەردەگرن لەئاست ئەو بەرپرسیارێتییە بن.