محەمەد حاجی مەحمود: پەرلەمانی پێشوو باش نەبوون

تا ئێستا گفتوگۆی جدییان لەگەڵ نەکراوە بۆ بەشداریکردنیان لە حکومەت
محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان

ژیان:
سكرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند، پەرلەمانی پێشوو باش نەبوون، چونکە سیستەمی بەڕێوەبردنمان نیە، ئاماژە بەوەش دەکات، تا ئێستا گفتوگۆی جدییان لەگەڵ نەكراوە بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی داهاتوو.

محەمەد حاجی مەحمود سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموكراتی كوردستان سەبارەت بە پرسی بەشداریكردنییان لە كابینەی داهاتووی حكومەتی هەرێم رایگەیاند "گفتوگۆمان لەگەڵ کراوە و باسکراوە، بەڵام تا ئێستا گفتوگۆیەکی جددی لەسەر ئەو بابەتە نەکراوە، چونکە ئەوەی تا ئێستا ھەیە تەنھا کۆبوونەوەی حزبەکانە و پەرلەمانی کوردستانیش تا ئێستا کۆبوونەوەی خۆی نەکردووە و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی دانەندراوە، بە دانانی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان ئەوکات داوا لە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی دەکرێت کە حكومەت پێکبھێنن، دوای ئەوە ئەو کەسەی رادەسپێردرێت بۆ پێکھێنانی حكومەت بەڕەسمی دەست بە گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ لایەنەکان دەکات".

سەبارەت بە کار و چالاکی خولی پێشووی پەرلەمان محەمەد حاجی مەحمود ئاماژەی بەوەدا، "باش نەبوون" چونکە سیستەمی بەڕێوەبردنمان نییە.

وتیشی: "ئێمە سیستەمی بەڕێوەبردنمان نییە لە وڵاتدا کە دەستوورە کە دەستووریش نەبوو سیستەمی حوکمڕانی دیاری ناکرێت، ئەگەر سیستەمی حوکمڕانیش دیاری نەکرا ئەوکات یاساکان رێکناخرێت و مافی تاک و کۆمەڵ و پلانی وڵات دیاری ناکرێت، ئەوانەش نەبوو ئەوکات بە میزاج کار دەکرێت".