كادرێكی پارتی هێرش دەكاتە سەر نێچیرڤان بارزانی

بەبڕیاری نێچیرڤان بارزانی؛ كادرێكی ناسراوی پارتی تەجمید دەكرێت
نێچیرڤان بارزانی؛ جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان

ژیان:

ئەندامێكی ناوەندی دیراسات و لێكۆڵینەوەی پارتی، لەلایەن جێگری سەرۆكی حزبەكەیەوە سڕ (تەجمید) دەكرێت و زانیارییەكانیش ئەوە دەخەنەڕوو، ئەو بڕیارەش دەرئەنجامی دەمەقاڵێیەك بووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست (تۆڕی هەواڵی ژیان) كەوتووە، سەرەتای مانگی شوباتی ئەمساڵ، لەكاتێكدا لەهۆڵی بۆنەكانی مەكتەبی دیراساتی پارتی كۆڕێك لەبارەی (باشتر كردنی پەیوەندیەكانی حیزب و حكومەت) بەڕێوەدەچێت، (ئەبو بكر جاف) ئەندامی مەكتەبی ناوەندی دیراسات و تویژینەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەو كۆڕەدا روبەربەروی ستافی مەكتەبی نیچیرڤان بارزانی دەبێتەوە.

زانیارییەكان ئەوەش ئاشكرا دەكەن، ئەبوبەكر جاف لەكۆڕەكەدا وتویەتی"بابە حكومەتی چی كۆمەڵێك چەتەو مافیایە ئەم حكومەتە"لەوەڵامی ئەو قسەیەدا پێی وتراوە كە "نیچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەم حكومەتەیە"، ئەویش وتیەتی ئەو لەهەموویان گەندەل ترە.

پاش ئەو چەند وشەیە، بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوەكەی ژیان، دلشاد شهاب راویژكاری نیچیرڤان بارزانی هەستاوە كە لێی بدات و هێرشی كردۆتەسە، ئەوەش وەهای كردوە ئەبوبكر كۆڕەكە بەجێ‌ بهێڵێت و دواتر بەبڕیاری نوسینگەی (نیچیرڤان بارزانی) ئەبوبكر جاف (سڕ- تەجمید) كراوە.