لە پەراوێزی یاردیدەدەرەکانی سەرۆکی حکومەتدا

مەجید ساڵح

(١)
هەر لەسەرەتای وتووێژەکانی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، جڤاتی نیشتمانی گۆڕان وەک باڵاترین مەرجەعی بڕیاردان بەومەرجە رازی بوو کە پرۆژەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کارنامەی حکومەتدا جێ بکرێتەوە، نەک هەر ئەوە لە رێکەوتنەکەدا مەرجی مانەوەی گۆڕان لە ناو کابینەکەدا بەستراوەتەوە بە جێبەجێکردنی کارنامەی چاکسازییەکان و باشکردنی گوزەرانی خەڵک. لە رێکەوتنەکەشدا سەقفێکی زەمەنی شەش مانگی دانراوە بۆ هەڵسەنگاندنی رادەی جێبەجێکردنی کارنامەکە، خۆ گەر هاتوو حکومەت لانی زۆری کارنامەکەی جێبەجێ نەکرد، ئەوا مۆڵەتێکی شەش مانگی دیکەش دەدرێتەوە بە حکومەت و خۆ گەر وەعدو بەڵینەکان هەر لە جێگەی خۆیدا مایەوە و جگە لە دروشم هیچی دیکە نەبووە گۆڕان لە کابینەکە پاشەکشە دەکات.
لە کۆبوونەوەی رۆژی ٢٨ی ئەیلول لە هەولێر عومەری سەید عەلی رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان جەختی لەسەر ئەو رێکەوتنە کردەوە رایگەیاند: "بۆ جێبەجێکردنی کارنامەی حکومەت و ئەو بەرنامە چاکسازییە لەسەری رێکەوتوین دەرفەتی تەواو دەدەینە حکومەت، ئەگەر لەوکاتەدا چاکسازیی جێبەجێنەکرا و چاکسازی راستەقینە ئەنجامنەدرا، ئەوکاتە ئێمە قسەی خۆمان دەبێت و هەڵوێستی گۆڕان بۆ رایگشتی رون دەکەینەوە".

(٢)

ئاماژەکان پێمان دەڵێن، پارتی دیموکراتی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەندێ هەنگاو هەڵدەنێن کە بەزیانی گەورە بۆ سەر رێکەوتنەکەی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی دەشکێتەوە. هەڵبژاردنی رێباز حەملان و محەمەد حاجی لە نێو ئەو سەدان کادیرە دێرینە ئیداری و حزبیەیانەی پارتی، وەک دوو یاریدەدەر بۆ سەرۆکی حکومەت، مەبەستەکە هەرچییەک بێت لە ناو گۆڕان و دەنگدەرانی گۆڕاندا بە کارێکی ئیستفزازیی لە قەڵەم دەدرێت و نەک هەر پەسەند نییە، بەڵکو دروستکردنی کەلێنە بۆ ئەو متمانەیەی کە بزوتنەوەکە بەو قەول و بەڵێنانەی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بزوتنەوەکەی دابوو.

پارتی و کادیرەکانی پارتی پێش هەموو کەسێک دەزانن ئەو دوو کەسە چۆن و بۆچی و بۆ لەو کاتەدا ریزەکانی گۆڕانیان بەجێ هێشت چوونە ناو پارتییەوە. مێژوویش پێمان دەڵێت هەرکەسێک خێری بۆ خانەخوێکەی خۆی نەبوو، دڵنیابە لەوەی بۆ مووچەدەرەکەشی نایبێ.. هیتلەر و ناپلیۆن لەمەدا زۆر شارەزای ئەو جۆرە کەسانە بوون، بۆیە لە جیاتی پاداشت کردنیان لەسێدارەیان دەدان و پێیان دەوتن ئێوە کە خێرتان بۆ وڵاتی خۆتان نەبێ، دڵنیاین هەر هەلێکتان بۆ بڕەخسێ پشت لە ئێمەش دەکەن...

(٣)

هێشتا لەسەرەتای رێگەین، حکومەتی هەرێم بە رێکوپێکی سەرقاڵی دانانی کار و بەرنامەیە، وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە ناو کابینەی حکومەت بە رۆحیەتی یەک تیم لە گەڵ هاوڕێکانی دیکەیاندا و بەسەرپەرشتی سەرۆکی حکومەت کار بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکەیان دەکەن، بزوتنەوەی گۆڕانیش لەسەر زاری رێکخەرەکەیەوە رایگەیاندووە: "بەشداریی کردنی گۆڕان لە کابینەی نوێی حکومەت بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەی چاکسازییە و بۆ ئەو مەبەستەش پاڵپشتی تەواوی حکومەت دەکەین."، بەڵام دانانی ئەم جۆرە کەسانە لەو پلەوپۆستانە و بەبێ راوێژکردن لە گەڵ بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ساردی دەخاتە نێوان لایەنە سەرەکییەکانی ئەندام لە کابینەکە. پارتی دیموکراتی کوردستان دەیتوانی لە نێو سەدان کادیری بە ئەزموون و خاوەن تێکۆشانی خۆیدا خەڵکانێک هەڵبژێرێ کابینەکەی پێ بەهێز بکات، نەک کەسانێک برینە سارێژ بووەکان هەڵکولێنێتەوە.

ئەمە ئەگەر پەیامە بۆ گۆڕان، ئەوا بۆ گۆڕان زۆر ئاسانە، رێگە یەک ساڵیەکەی کورتتر بکاتەوە و پەیامی بەرامبەری هەبێ...




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە