قومار لە خوێنی سیاسەتی (ترامپ)دایە

ماجد خەلیل

لەپەراوێزی پشتکردنە پێشمەرگەکانی خۆرئاوا

ئەمریکا لە دۆزینەوەیدا، چانسێکی ناگەهانی کۆڵۆمبز هاتەدی. دەستپێکی مێژووی ئەمریکا، رێک لە قومار دەچوو، ئەوانەی کەدەچونە ئەوێ، بۆخۆیان دەیانوت: قومارێکەو دەیکەین، یان دەیبەینەوە، یان بەهینمانەوە( ئیدیۆمی قوماربازە دۆڕاوەکانە، گەر نەیڵێن دەتەقنەوە). ئەم کەلتورە خوێنێکە، جینێکە لەدی ئێن ئەی سیاسەتی ترامپ و ئەمریکادایە. ترامپ بۆخۆی پێش ئەوەی سەرۆکی وڵاتێکی داهێنەری سیکیۆلاریزم و لیبرالیزم بێ، ئیمپراتۆرێکی قوماربازو حۆقەباز و باندێکی کەڵەکەبازی کڕین و فرۆشی کیژانی رەوەندی وڵاتانی ئەمەریکای لاتین بوو. ئەو خودانی خانەوادەیەکی چڵێسی شەهوەت و شینگێڕی دراو و دۆلار بوو، هەرگیز بە فەرمانی میریی نەساچاون، باوانی وی هەڵهاتووانی ناو خزمەتی سەربازی ئاڵمان بوونەو لادەرو لوتەلابوون لە یاساو رێسای ئاوەدانیی.

کەواتە بەڵێ ترامپ، نوێنەرایەتی رۆحی میللی ئەمەریکاو خۆرئاوا دەکات. 

بەڵێ ترامپ لە خاکی کیشوەری نوێ دروستکراوە.

 بەڵێ ترامپ تژیی و تێرە لە فەلسەفەی مۆدێرنە، مۆدێرنەیەک میراتی عەقڵی خەتاکاری بازاڕو بالۆرەی پارەو پێناوی سەرمایەداریی بانگدەدا بەگوێیدا. 

ئەرێ ترامپ کوڕی یانە زەبەلاحەکانی قومارو قوتبی قاڕونەکانی پارەو کەلتوری بەپێوە نانواردن و فاسفوتە، ئەو فاشنێکی چون کارداشیان ناگۆڕێتەوە بە هەزار عەقڵی کۆمەڵناسی وەکو مارشاڵ روز و سورنسن و هایکنز.  ئەو پەنجەی سیاسیانێکی ڕقئەستوری وەک شیڵدز و تۆماس شاڵر، ناگۆڕێتەوە بە هەزاران زانای پەروەردەیی وەک ئەغراهام بێڵ، ئەلیزابێس هاریسۆن و بنجامین بلۆم. ترامپ قوتابی زانایانی چێژو سێکسخوازی ئەمەریکایە، زانایانی وەک جیمس کانتۆر و جۆن غانون، ئەوانەی لەبێئورزەییاندا، سێکس وەک دەستدرێژی و ژن وەک کاڵاو جوانی وەک مەزاد دەبینن.  ترامپ پیاوی بانک و گرێبەستی کڕین و فرۆشی مرۆڤە. ئەو گورچیلەی منداڵێ  دەفرۆشێ بۆ ئامێری گەمەیەکی لەشجوانی. ئەو نیگای منداڵێکی برسی کوێردەکا لەپێناو پیاڵەیەک نەوت، ئەو لە ماشینی جامڕەشەوە چاوی بەژیان هەڵهێناوە، باپیرانی بەسەر پشتی پاپۆڕی پیاوە تاوانبارو هەڵهاتووەکانی زیندانەکانی جێرمەنەوە لەدایک بووەو بۆخۆیشی ژیان لە ئەنفال و فەرهودو فەوزای ئاوی لێڵدا دەبینێ. 

ترامپ کوڕی شەرعی ئەمریکایە، مرۆڤێکە بە تەورەکەی دەستی هەموو ئەو بت و سەنەمانەی مارتن لۆتەر کینگی رەشپێست دەروخێنێ کە هەژارو بندەستەکان دەیپەرستن. ئەوەی بەدەم هاواری کیژێکی دڵشکاوەوە شۆڕشێکی مرۆڤانەی بەرپاکرد.

ترامپ لەدایکبووی ناو باڵەخانە بەرزەکانەو مەلۆتکەی ناو کاخە غەربییەکانە. ئەو تەواوی گڕوگاڵەکانی زاڕۆیی خۆی بە مۆسیقاو بەزڕەزڕی پوڵی وردە ئاسن گۆکردووەو چاوی لە سەقفی گرێبەست و گریان و گەمەو چێژی خانمەلەشفرۆشەکانە، نەک رۆمانسییەت و رۆح و خۆشەویستی.

 ترامپ گۆشخۆرەو گۆشتی بەرازە سورلەیەک نەوسی دەتکێنێ و هەزاران ئایلانی خنکاوی کەناری شەپۆلەکانی دەریا، کێچێ میوانی نییە. ترامپ تۆرەمەی تیرۆرە، تیرۆری ڕەزو باخ و بەرخۆلەی ڤێتنامییەکان، کوڕی کوێرکردنەوەی کانیاوی کۆرییەکانە

 ترامپ بیری لەلای کۆپیکردنی مرۆڤ و کانزای ئەڵماس و ئاڵتونی کۆڵۆمبیاو بەڕازیلە، نەک رۆژهەڵاتی پێکەوەژیان و پەروەردەو داهێنانی ئاشتی.

 ترامپ گۆشخۆرەو گۆشتی بەرازە سورلەیەک نەوسی دەتکێنێ و هەزاران ئایلانی خنکاوی کەناری شەپۆلەکانی دەریا، کێچێ میوانی نییە. ترامپ تۆرەمەی تیرۆرە، تیرۆری ڕەزو باخ و بەرخۆلەی ڤێتنامییەکان، کوڕی کوێرکردنەوەی کانیاوی کۆرییەکانەو وەحشی سەر ئەو ئامێرە ئەلەکترۆنیانەیە کە بەدوگمەیەک دنیای هێرۆشیمای کردە خۆڵەمێش. ئەو نەژادو نەتەوەی نەریتێکە کە هۆنەکانی بەڕبەڕ لەبرسییەتییا منداڵی کۆشی دایکیاندەفڕاندو بەزیندویی دەیانخوارد، ئەو قارەمانی قوتەکانی رۆژهەڵاتو ڕۆژئاوایە، ئەوەی توراسی مرۆڤانەی رۆمەکانی رۆکردە ناو چاڵەڕەشەکانی مێژوو.

 تۆ وادەزانی کچە گەریلایەکی گۆشکراوی دامیاوەکانی کوردستان، کوڕە ئەویندارێکی گوشراوی خەمی ئازادی، خەبات و خەمی نەتەوەیەکی پلیشاوەو بندەستی رۆژهەڵات، کوردڕەنگێکی تامەزرۆی هەناسەیەکی ژیان، نەتەوەیەکی خۆمانەو خوایی، بەشێکە لە بای خەیاڵی ترامپ و تەهلیلەی لیبڕالیزم؟ تۆ وادەزانی ئەخلاق و ئادابی دیرۆکێک کە کەلەسەری سورەهیندییەکانی لەکورەدا سوردەکردەوە تا تامی شەرابەکەیان شازتربێ، دەتوانێت لە بەهای مرۆڤدۆستی پیرەپیاوێکی قامیشلۆ و حەسەکەو کۆبانێ تێبگا؟

 تۆ وادەزانی ئەوانەی ئەبۆرجینەکانی ئوسترالیایان کردە قیمەی ماسییەکانی زەریا، لە قیممەی رۆحێک تێدەگەن کە تاوەکو ئێستا دوکان و بازاڕو کوچەی کوردەکانی حەلەب شەوان بێ پاسەوان و دەرگا، خاترجەمانە دەنوون! بەڵێ ترامپ سەرداری سیاسەتێکی سەهەنەو سیخناخە بە بێفەرهەنگیی.

ترامپ تەزووی دڕندەییە لەجەستەی بستبەبستی زەویدا. کاندیدی کەلتورێکە کە رۆح وعیرفان، ئەخلاق و هیومانیزم لە جاڕیدا نیەو نابێ. کاندیدی کەرنەڤاڵێکە کە شەوان تابەیان بەدمەستەو بەددانە دەڕوانێتە هەمووجوانییەک

ترامپ تەزووی دڕندەییە لەجەستەی بستبەبستی زەویدا. کاندیدی کەلتورێکە کە رۆح وعیرفان، ئەخلاق و هیومانیزم لە جاڕیدا نیەو نابێ. کاندیدی کەرنەڤاڵێکە کە شەوان تابەیان بەدمەستەو بەددانە دەڕوانێتە هەمووجوانییەک. ئەو زاڕۆی جەنەڕاڵەکانی جەنگی ئەهلی ئەمریکایەو لینکۆڵنەکانی لای خۆیان بەزۆڵ دەزانن. ئەوان جەنەڕاڵ لی بە تالیرانی ئەوروپا دەزانن و بۆیان بکرێ لە گۆڕستانی پیاوخراپانا دەینێژن. ئەوان نوێنەرایەتی دیموکراسی ناکەن، ڕۆژنامەگەریی ئازاد دانی رۆکراوی سیاسەتی تۆتالیتاریزمیانە. پەیامەکانیان، پەیینی رۆکراوی بن ڕەگەکانی دیکتاتۆرییەتی رۆژهەڵاتن. لەپشتی پەیامە ژەهراوییەکانیاندا ژەندرمەی چوون ئەردۆگان و بەشار و سەدام و پاڤلیچ دێنە دەرێ و تێکڕا زاڕۆی وانن. چ بێجایەکە ئیتر وەک بارزانی دەیوت و باوەڕمان وابێ سواڵکەرێکی کۆری بەر مزگەوتی گەورەین و دەمانپەڕێننەوە، چ بێجایەکە  وەک قازی موحەمەد دەیوت،ئیتر دەستی تۆقەمان بۆدرێژ بکرێ، نەک بیگوشین، ماچیشی بەکەین.

 نەخێر ئەوان لە کیسنجەرەوە کاردی ژەهراویان لە ملی رۆژهەڵاتە. ئەوان لە کیسنجەرەوە مارکە لەدوای مارکەی مەرگ بەرهەم دێنن و لوغمی بەرپێی هەموو ئازادیخوازێکی جیهانن. ترامپ کوڕی سەردەمەو ئەفسانە نییە، ئێمە هێشتا لە ئەفسانەی دیموکراسی و مافی مرۆڤدا خەونی خاترجەم دەبینین. ئێمە هێشتا بەدەم سەمای سیاسەتی بەدمەستانەی ئەوانەوە لەخەوداین و پێمان وابوو تێکشکاندنی ئەفسانەی داعش بزەیەک دەخاتە سەر لێوی ترامپ. نەخێر، داعش، داشی دامەی دەستەخوێناوییەکانی ترامپ و ئەردۆگانە. نەخێر، ئەردۆگان،ئەودەستانەی کابرا کە نزای سەرکەوتنی بۆدەکا، سێبەری خوانییە. ئەردۆگان توێکڵە کاڵەک خۆری، بێستانی بەڕبەڕییەتی ئەمەریکایەو هیچیتر.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە