هەرچەند تاڵە، بەڵام هەقیقەتە...

ئارام رەفعەت

ئەگەر رژێمی ئیسلامی بروخێت ئازەرییەکان شانسی دەوڵەتییان زیاترە لە کورد.
هۆکاری ئەوە سادەیە...
کورد گەورەترین زەرەرمەندی شۆڕشی گەلانی ئێرانی ١٩٧٩ بوو و نەیتوانیوە لە ٤٠ ساڵی رابردوودا پایەکانی خۆ ئیدارەدان دامەزرێنێت. لە شۆرشی ١٩٧٩ دا، کورد لەچاو زۆربەی نەتەوەکانی تر زۆرترین قوربانی دا و دواتریش کە رژێمی خومەینی هاتە سەرکار، کورد بووە گەورەترین قوربانی دەستی ئەو رژێمە ئاخوندییە.

لەسەر ئاستی ئێران و لە ٤٠ ساڵی رابردوودا زۆرترین زەبروزەنگ و زۆرترین پەت و سێدارەی رژێمی ئاخوندی لەدژی رۆژهەڵات بووە و لەبەرامبەریشدا کەمترین سەرمایەگوزاری و کەمترین خزمەت و کەمترین ماف و نوێنەرایەتییش هەربۆ رۆژهەڵات بووە.

هەر چوار پارێزگا سەرەکییەکەی رۆژهەڵات، ورمێ، سنە، کرماشان و ئیلام، لە دواکەوتووترین پارێزگاکانی ئێرانن. لەو چل ساڵەدا کەمترین گەشە و پێشکەوتنی ئێران لەم چوار پارێزگایەی رۆژهەڵات بووە و بەشی ئەوە دامەزراوە و پایەی ئابووری و هێزی مرۆیی سەردەمی و ئەقڵی تەکنۆکراتی و لەهەموشی گرنگتر، یەکێتی نەتەوەیی وای نییە کە بتوانێت دەست بۆ دامەزراندنی دەوڵەت بەرێت.
واتە لە ٤٠ ساڵی رابردوودا کورد هیچ ئامادەکارییەکی بۆ سەربەخۆیی و بونە دەوڵەتی نەکردووە. بەپێچەوانەی کورد، ئازەرییەکان ئامادەن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ.
هۆکاری ئەوەش سادەیە...
ئازەرییەکان گەورەترین سوودمەندی شٶرشی گەلانی ئێرانی ١٩٧٩ بوون دوای فارسەکان، سوندمەندی سەرەکی شۆڕشی گەلانی ئێران ئازەرییەکان بوون. ئەوان هەم لە تاران شەریکن و لوتکەی دەسەڵاتیان بەدەستەوەیە و هەم لە ئازەربایجان دەوڵەتێکی نیمچە سەربەخۆن و لەسەر ئەرزی واقیعدا دەسەڵاتی ناوەند غائیبە لە ئازەربایجان.
جگەلەوە، دوای تاران قورسایی ئابووری و سیاسی و بڕیاردانی ئێران لە تەبرێز و شارەکانی تری ئازەرییە. ئازەربایجان دەوڵەتێکە لەناو دەوڵەتێکدا و هەموو پایە و موئەسەساتە پێویستیەکانی دەوڵەتییان هەیە. لەهەمووشی گرنگتر، ئازەرییەکان ئاراستەیەکی ناسیونالیستی بەهێز و یەکێتی نەتەوەییەکی پتەوییان هەیە.

رۆهەڵات دەبێت جارێکی تر بەحەزەرەوە مامەڵە لەگەڵ ئاڵوگۆڕەکان بکات و جارێکی تر هاوشێوەی ساڵی ١٩٧٩ نەبێتە کوتەک خۆری بەر نەخۆر. نابێت جارێکی تر رۆژهەڵات خۆی بکاتە قۆچی قوربانی تاران و تەورێز... باشترین رێگا بۆ رۆژەڵات رێگای سێیەمە، نە پشتیوانی کردنی ئاخوندە فاشیستەکان و نە هەراو فەوزای بەشەکانی تری ئێران، لەبری ئەوە رێگای سێیەم، ئەزمونێکی هاوشیوەی رۆژاڤا، کە ئەزموونی خۆپاراستن و خۆسەرییە هەڵبژێرێت.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە