تونس‌و هەوای دوای هەڵبژاردن!

د. موئمین زەڵمی

نزیكەی دەیەیەكە یەكەم كڵپەی بەهاری عەرەبی لەتونسەوە سەریهەڵداوە‌و بەسەرنجدان لەبارودۆخی هەموو ئەو وڵاتانەشی شۆڕش‌و خۆپیشاندانەكانیان تیا بەڕێوەچوون دەبینین تونس تاقانەیە تونراوە دەسكەوتەكانی خۆپیشاندان بپارێزرێن. ئێستا تونس لەقۆناغێكی نوێی گەشەی دیموكراسیدایە، بۆیەش وردتر چاو دەخەینە سەر بارودۆخی سیاسی ئێستای ئەو وڵاتە‌و ئاستەنگەكانی بەردەم بزووتنەوەی نەهزەی براوەی هەڵبژاردنەكان.

تونس یەكێكە لەو وڵاتانەی سیستەمی پەرلەمانی هەیە‌و براوەی هەڵبژاردن پێویستی بەتەوافوقاتە بۆ ئەوەی بتوانێت حكومەت پێكبهێنێت، سیستەمی پەرلەمانی ڕێگایەكی دیموكراسیە بۆ حوكمڕانی‌و هەندێك بەدیموكراسیترین ڕێگا وەسفی دەكەن، بەڵام یەكێك لەگەورەترین كەموكورتییەكانی ئەم سیستمە ئەوەیە كاتێ دەردەكەوێ حزبی براوە ناتوانێ پەنجا كۆ یەك بەدەستبهێنێت، ناچارە پەنا بۆ نەیارەكانی ببات بۆ تەوافوقات، وەك دەزانین لەزۆرێك لەوڵاتانەكاندا حزبەكان لەناكۆكی قووڵدان، بۆیەش زۆرجار رێگاكانی تەوافوقات زۆر درێژ دەبنەوە‌و هەندێجار پەنا بۆ دووبارەكردنەوەی هەڵبژاردن دەبرێت، لەهەندێ لەوڵاتان ئەم پرسە رێگای نادیموكراتی وردەگرێت، چونكە حزبی براوە ناچاری چۆكدادان بۆ حزبە بچوكەكان دەبێت‌و دواتریش تەوافوقاتی ناسەركەوتوو بەڕێوەدەچن جگە لەیارییەكی نادیموكراتی هیچی تر لێ سەوز نابێت.

داوا دەكرێت نەهزە كاندیدێكی سەربەخۆ بۆ سەرۆكی نوێی حكومەت بێنێتە پێشەوە نەك كاندیدی خۆی

ئیتالیا پاش شەڕی دووەمی جیهانی بۆ چەندین دەیە ئەم قەیرانەی هەبووە‌و چەندین تەوافوقات‌و هاوپەیمانیی ناسەركەوتووی بەخۆیەوە بینیوە، تەمەنی ئەم جۆرە رێككەوتنانەش ئاسایی كورتە، ئێستاش قەیرانی هاوشێوە بەرۆكی وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و باكوری ئەفریقای گرتۆتەوە، ئەوەتا عێراق‌و لوبنانیش دوو نمونەی زۆر نزیكن، لای خۆشمان كابینەی پێشوو بەكشانەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و یەكگرتوو هەمان كێشە رووبەرووی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوویەوە، نزیكترین نمونەش لەئێستادا تونسە.

ماوەی ڕابردوو لەتونس دا دوایین پرۆسەی هەڵبژاردن بەڕێوەچوو، ئەو وڵاتە لەئێستادا‌و لەقۆناغی خۆڕێكخستنەوەدایە، لەگەڵ ئەوی سەرۆكێكی نوێ بەبێ پشتیوانی لایەنێكی سیاسی دەركەوتووەو وەك مامۆستایەكی زانكۆ گرەوی سەركەوتنی بردەوە ئەویش (قیس سەعید)ە‌و شەشەم سەرۆكی وڵاتەكەیە‌و بڕوانامەی باڵای هەیە لەیاسای دەستوریداو بەسەرۆكە ناحزبییەكە ناوبانگی دەركردووە.

لە هەڵبژاردنەكەدا بزووتنەوەی ڕاپەڕین (نەهزە) بەسەرۆكایەتی راشید غەنووشی لەكۆی (217) كورسی، توانی (52) كورسی بەدەستبهێنێت‌و بوویە یەكەم. دواتریش لیستی دڵی تونسی بە(38) كورسی بوویە دووەم‌و پاش ئەویش تەیاری دیموكراسی (22) كورسی، كەرامە (21) كورسی، حزبی ئازادی تونسی  (17) كورسی،  لیستی بژی تونس (14) كورسیان بەدەستهێناوە.

یەكێك لەو كێشانەی روبەرووی تونس بووەتەوە لەئێستادا تەوافوقاتی پێكهێنانی كابینەی نوێی وزارییە، چونكە حكومەتی نوێ پێویستی بەتەوافوقە‌و لەئێستاشدا یەكێك لەسەختییەكانە، چونكە حزبەكانی تونس دیدگای زۆر جیاوازیان هەیە لەیەكتر‌و روون نیە دواتر چ شتێك گەرەنتی پێكەوەمانەوەیان دەكات.

هەفتەی رابردوو كۆبوونەوەی پەرلەمانی تونس بەڕێوچوو پەرلەمان دەنگدانی بۆ سەرۆكی پەرلەمان ئەنجامداو بەزۆرینەی دەنگی 123 پەرلەمانتار راشد غەنوشی كاندیدی نەهزەی تونسی وەك سەرۆكی پەرلەمان هەڵبژێردرا. ئەوەش دوای ڕێككەوتنی نێوان بزوتنەوەی نەهزە‌و پارتی دڵی تونس هات یەكەمیان خاوەنی 52 كورسی پەرلەمانی‌و ئەوی دیكەشیان خاوەنی 38 كورسی پەرلەمانییە. هەروەها كوتلەی هاوپەیمانی كەرامە، خاوەنی 21 كورسی پەرلەمانییە‌و ئەویش هاوبەشی پێكهێنانی هاوپەیمانێتییەكەیانە بۆ یەكلایكردنەوەی پۆستی سەرۆكی پەرلەمان.

ئەوەی گرنگە پرسی سەركەوتنی دیموكراسییە لەتونسدا

لە ئێستادا یەكێك لەكێشە ماوەكان پرسی یەكلاكردنەوەی سەرۆك وەزیرانە دەنگێكی بەرز هەیە‌و داوا دەكرێت نەهزە كاندیدێكی سەربەخۆ بۆ سەرۆكی نوێی حكومەت بێنێتە پێشەوە نەك كاندیدی خۆی، چونكە ئەگەرچی لەئێستادا هاوپەیمانی كەرامە (21 كورسی) جۆرێك لەرەزامەندی دەربڕیوە كاندیدید نەهزە ببێتە سەرۆك وەزیران بەڵام هاوپەیمانییە لیبراڵ‌و نەتەوەپەرستەكان بەهیچ شێوەیەك رازی نین بەكاندیدی نەهزە بۆ سەرۆك وەزیران، راستە لەئێستدا لیستی دڵی تونس بە(38 كورسی)‌و براوەی دووەمی هەڵبژاردن رازیە پشتیوانی نەهزە بكات بۆ هێنانە پێشەوە كاندیدی خۆی بۆ سەرۆك وەزیران‌و ئامادەشیان راگەیاندووە بەرامبەر بەچەند پۆستێكی سیادی دەنگی پێبدەن، بەڵام ئەمە یەكێكە لەكێشە گەورەكانی نەهزە، چونكە بزوتنەوەی نەهزە بەدروشمی دژە گەندەڵی بەشداری هەڵبژاردنی كرد بۆیەش ناتوانێت بەئاسانی لەگەڵ ئەم لیستە تەوافوق بكات‌و وەستانەوەیە دژی دروشمەكەی چونكە سەرۆكی دڵی تونسی (نەبیل قروی) تۆمەتبارە بەگەندەڵی مادیی‌و لەئێستادا كەیسەكەی لەدادگایە، بۆیەش چاوەڕێ كراوە ئەمڕۆ نەهزە پۆستی سەرۆك وەزیران یەكلایی بكاتەوە، هەروەك رۆژی هەینی رابردوو دیدارێك لەنێوان سەرۆك كۆمار‌و راشید غەنوشی سەرۆكی نەهزە بەڕێوەچوو‌و باسلەوەدەكرێت نەهزە ناوی كاندیدی نوێی سەرۆك وەزیرانی پێشكەشی سەرۆك كۆمار كردوو.

لەكۆتاییدا ئەوەی گرنگە پرسی سەركەوتنی دیموكراسییە لەتونسدا، چونكە هەم حزبی نەهزەی حاكم‌و هەم راشید غەنووشی وەك زانایەكی نوێگەری ئیسلامی جیهانی خەمی پەیڕەوی دیموكراسییان كردۆتە خەمی سەرەكی خۆیان‌و هەر جۆرە پێشێلكارییەك بەرامبەر بەپرۆسە دیموكراتییەكان بەشكستی خۆیان دەزانن، هەروەك چاوەڕێ دەكرێت بۆ رزگاربوون لەم سەرئێشە سیاسیانە نەهزە هەوڵی گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی وڵاتەكەی بدات.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە