هێزەکانی ئەمریکا کەی لە خاکی سووریا دەچنە دەرەوە؟

تەرزە عەباسی

 

نزیکەی دوو مانگ تێپەڕ دەبێت بەسەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، بەڵام تا ئێستا نزیکەی ٥٠٠ سەربازی ئەمریکی لەناوچەکەدا ماونەتەوە.

هەر لەو چوارچێوەیەدا ژەنەرال لێنت مێکنیزی، فەرماندی هێزە ناوەندەکانی ئەمریکا ناڕەزایی خۆی دەربری بەرامبەر بەهێرشەکانی تورکیا بۆسەر ناوچەکانی سووریا و جەختیلەوەکردەوە کە لەگەڵ ئەوەی چەندین بڕیار دراوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا، بەڵام تا ئێستا کاتێکی دیاریکراو نەخراوەتە بەرباس بۆ کشانەوەی ئەو هێزانە لە سووریا.

هەڵبەتە هێزەکانی ئەمریکا تا ئێستا لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دژی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەکە دەجەنگن، بەڵام لێکۆڵەری گشتی پێنتاگۆن لە راپۆرتێکی نوێدا ئاماژە بەوەدەکات؛ داهاتووی ئاسایشی ناوچەکە لەژێر مەترسیدایە و ئەوەش تەواو ئێمەی نیگەران کردووە. لە راپۆرتەکەدا هاتووە کە داعش هێشتاش دەتوانێت سوود وەربگرێت لە هێرشەکانی تورکیا بۆسەر سووریا و دەست بکەنەوە بە هێرشەکانیان، تۆڕی نهێنی دورست بکەن و وڵاتانی رۆژئاوایی بە ئامانج بگرن.

پێنتاگۆن: داهاتووی ئاسایشی ناوچەکە لەژێر مەترسیدایە و ئەوەش تەواو ئێمەی نیگەران کردووە

بڕیارە هێزەکانی ئەمریکا بەمەبەستی پارێزگاری کردن لە کێڵگە نەوتییەکانی سووریا لە پارێزگای دەیرلزوور جێگیر ببن، بەڵام پێنتاگۆن جەختیلەوەکردەوە کە پارێزگاریکردن لە کیڵگە نەوتییەکان تەنیا بەشێکە لە چالاکییەکی قوڵ کە ئەوان دەیانبێت لە میانەی پێکانی ئامانجەکانیان، ئامانجی سەرەکی ئەوانیش بەوتەی خۆیان لەناوبردنی تەواوەتی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشە.

لەگەڵ دەستپێکی ئۆپەراسیۆنی سەربازیی تورکیا بۆسەر سووریا دۆخێکی نەخوازراوی بۆ خەڵکی ناوچەکان و بەتایبەت کوردەکان خوڵقاند کە تێیدا بە دەیان کەس گیانیان بەخت کرد و بەسەدانی دیکە بریندار بوون، بەڵام ژەنەراڵ مێکنزی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش، تا ئێستا چاودێری تەواوی هەیە بەسەر چەکدارانی داعش لە سووریا و عێراق.

لەئێستادا؛ نوسینگەی لێکۆڵینەوەی وەزارەتی بەرگری ئەمریکا لە نوێترین ڕاپۆرتیدا دەڵێت: جێگەی نیگەرانییە کە چەکدارانی شانەی نهێنی داعش سوودیان لە هێرشەکەی تورکیا وەرگرتووە و چالاکییەکانیان دەستپێکردووەتەوە و کشانەوەی بەشێک لە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، بووەتە ئامانجێکی سەرەکی دیکە کە ئەو چەکدارانە زیاتر خۆیان ئامادەبکەن بۆ خۆرێکخستنەوە لە ناوچەکە و ئەنجامدانی کردەی تیرۆریستی لە وڵاتانی رۆژئاوا.

لەئێستادا ئەوەی ترسی لای ئەمریکا و وڵاتانی رۆژئاوایی دروستکردووە، کۆچی بەلێشاوی چەکدارانی داعشە بۆ وڵاتەکیان و تێکدانی ئاسایشی وڵاتەکەیان و کەمهێنانیان لەبەرامبەر کردەوەکانیان، لەئێستادا رەنگە نەوتی سووریا تەنها بیانوویەکی ئابووریانە بێت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە