ئێران بەرانبەر ئەمریكا چەند كارتی یاسایی بەدەستەوەیە؟

شوان گەردی

دوا بەدوای ئەو رووداوانەی ئەم چەند رۆژەی ڕابردوو، تایبەت بە بەكارهێنانی هێز لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا و لەسەر خاكی عێراق و هەروەها كوشتنی یەكێك لە گرنگترین پیاوەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە وەك باس دەكرێت سەركردایەتی هێزە شیعییەكانی چەندین دەوڵەتی دەكردو بە بەهێزترین كەسایەتی سەربازی ئێران هەژمار دەكرا، قاسم سلێمانی و پاشان بەكارهێنانی موشەك لە دژی بنكەكانی سەربازی ئەمریكا لە عێراق و تا رادەیەكیش كەوتنەخوارەوەی تەیارەیەكی ئۆكرانی كە تەواوی پاسێنجەرەكانی بوونە قوربانی، قسەی زۆر لەسەر ئەوە دەكرێت خەتاكە هی كێیە؟، كێ گێچەڵ بە كێ دەكات؟ كێ خاوەن مافە و كێ مافخوراوە؟ لەو باس و خواسەدا بابەتی ئەوە باس دەكرێت ئایا ئێران وەك ئەوەی خۆی بە مەغدور دەزانێ، ناتوانێ هانا بۆ نێوەندە نێودەوڵەتییەكان ببات بۆ ئەوەی هیچ نەبێت كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە هانایەوە بێت و وەك خۆی نیشانی دەدات لە گێچەڵەكانی ئەمریكا نەجاتی بدرێت.

ئێران هیچ كارتێكی سیاسی و یاسایی بەدەستەوە نییە بتوانێ لە رووی نەیارانی بەكاری بهێنێت

بێ گومان لە كێشە نێودەوڵەتییەكان بابەتی یاسایی بەدی ناكرێت كە بە رێژەی 100% یاسایی بێت و تەنها دادگاكان بتوانن قسەی خۆیانی تێدا بكەن و بڕیاری خۆیانی بۆ بدەن، تەواوی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان و كێشە نێودەوڵەتییەكان بە راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ لە دایكبووی پەیوەندییە سیاسی و ئابوورییەكانن، بە واتایەكی تر پەیوەندییە یاساییەكان و كێشەكانیش دەرئەنجامن بۆ پەیوەندییە سیاسیەكان و ئابوورییەكان.

ئێران وەك هەر ووڵاتێكی تر كە ئەندامە لە نەتەوەیەكگرتووەكان بۆی هەیە هەمان ئەو كارتانە بەكاربهێنێت كە ووڵاتانی ئەندام بەكاریدەهێنن، هەر لە هانا بردنە بەر ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوەیەكگرتووەكان، تا كۆمكاری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و دادگای عەدلی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەڵەتی و ئەنجوومەنی مافەكانی مرۆڤیش بە پێی هەندێ تایبەتمەندی خۆی، بەڵام...
گرفتی ئێران ئەوەیە، چونكە پەیوەندی نێودەوڵەتی وەك لە روواڵەتدا دیارە، باش نییە، لەبەر ئەو دەست تێوەردانانەی خراوەتە پاڵی و ئەو تۆمەتانەی باس لە هاریكاری ئێران دەكات بۆ گروپە تیرۆریستییەكان و ئەو تاوانانەی دژ بە بەرژەوەندی هەندێ ووڵاتی خاوەن نفوز دەیكات و هەروەها ئەو تاوانانەی دژ بە هاوڵاتی خۆی دەیكات لە ناوەوە و دەرەوەی ووڵات، وایكردووە ئێران یەكێك بێت لە ووڵاتە رەزا قورسەكان بە تایبەتی لە عیلاقاتی دەولی و دۆسێیەی مافەكانی مرۆڤ .

وڵاتی ئێران روو لە شوێنێك بكات چەندین دۆسێیەی خۆی لەوێ هەیە یەكلایی نەبوەتەوە

ئێران تۆمەتبارە بە تەقاندنەوەی چەندین شوێن لە ووڵاتان

ئێران تۆمەتبارە بە كۆمەكی بزوتنەوە تیرۆریستییەكان

ئێران تۆمەتبارە بە دەستوەردان لە كاروباری ووڵاتان

ئێران تۆمەتبارە لە دۆسێیەی دروستكردنی بۆمبی ناوكی 

ئێران تۆمەتبارە بە كوشتنی چالاكوانان و بەرهەڵستكارانی لە ‌ئەوروپا

ئێران وەك هەڕەشە سەیر دەكرێ لەسەر ئیسرائیل

ئێران بە یەكێك لە پێنج ووڵاتەكانی دونیا هەژمار دەكرێت لە سەپاندن و جێبەجێكردنی ئاشكرای سزای لە سێدارەدان

ئێران لە راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ناوی زۆر بە خراپە دێت

ئێران چەندین جار سزای نێودەوڵەتی سەپێندراوە بەسەریدا ..... زۆر شتی تریش ...

بۆیە وڵاتی ئێران روو لە شوێنێك بكات چەندین دۆسێیەی خۆی لەوێ هەیە یەكلایی نەبوەتەوەو لە هەمووشیان كاریگەرتر ئەو ووڵاتەی ئێران كێشەی لەگەڵیدا هەیە خاوەنی فراوانترین نفوزی سیاسییە لە ئێستا لە ناو نەتەوەیەكگرتووەكان و دەرەوەی نەتەوە یەكگرتووەكان، بە مافی ڤیتۆشەوە. 

ئەوەی جگە لەوەی ئێران ئەو ووڵاتە نییە توانای سەربازی نەك هەر هاوتا بێت، بەڵكو نزیكیش بێت لە ئەمریكا، لەلایەكی تریشەوە هاوڕێكانی ئێران لە دەوڵە خاوەن نفوزەكان، وەك ئەزموونی مێژوویی پێمان دەڵێن ئەوانە هەتا پەتەكە لەگەڵ ئێرانن، كە كار كەوتە خانەیەكی ترەوە هەمووی پشتی تێ دەكەن.

بۆیە ئێران هیچ كارتێكی سیاسی و یاسایی بەدەستەوە نییە بتوانێ لە رووی نەیارانی بەكاری بهێنێت بۆ كاتی ئێستای .




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە