"سێ شەمەی داهاتوو ڕۆژە ڕەشەکەی ترەمپە"

گۆران دووکانی

لەکۆنگرێسی ئەمریکا چی باسەو لەپاڕلەمانی هەرێمیش چی ڕوویدا؟!

كەمێک  پێش ئێستا کۆنگرێسی ئەمریکا بەدەنگی زۆرینەی ئەندامانی ڕۆژی سێشەمەی داهاتوی دەستنیشان کرد بۆ دادگایکردنی دۆناڵد ترەمپ لە ئەنجومەنی پیراندا...

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ بەتۆمەتی بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی شەخسی مانگی ڕابردوو ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمریکا (Congress) بەپشت بەستنی شایەتحاڵەکانی ئەو دۆسێیەو دواجار بەزۆرینەی دەنگی ئەندامانی متمانەی سەرۆکایەتی لە دۆناڵد ترەمپ ستاندەوە، کەمێک پێش ئێستاش جارێکیتر کۆنگرێس بەدەنگی زۆرینەی کۆنگرێسمانەکان ۲۲۸ بە ۱۹۳ دەنگ ڕۆژی سێشەمەی داهاتوی دەستنیشان کرد کە بۆ دواجار لەئەنجومەنی پیراندا (Senate) دەنگ لەسەر یاساکەی کۆنگرێس بدرێت.

سێشەمەی داهاتوو ئەو ڕۆژە ڕەشەیە کەزەمەنێک بوو دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی زلهێزترین وڵاتی سەرئەم زەمینە لێی دەترسا، چونکە ئەگەر لەداهاتوودا بە ۲/۳ی دەنگی ۱٠٠ سیناتۆرەکەی ئەنجومەنی پیران دەنگ بدەن بەلێسەندنەوەی متمانەی سەرۆکایەتی لەترەمپ، ئەوە بەیەکجاری خۆری ترەمپ ئاوادەبێت و بنەوبارگەی لەکۆشکی سپیەوە دەپێچێتەوە بۆ کۆشکە بازرگانیەکەی خۆی لەنیویۆڕک سیتی کەبە (Trump Tower) ناسراوە.

کۆنگرێسی ئەمریکا ڕۆژێکی مێژووی دەستنیشان کرد بۆ لێسەندنەوەی متامانەی گەورەترین سەرۆکی سەرئەم زەویە

هەرچەندە بەشیک لەچاودێرانی سیاسی پێیان وایە کەترەمپ یەک چانسی لەبەردەم ماوە ئەویش ئەوەیە کە لەئەنجومەنی پیراندا زۆرینەی سیناتۆرەکان سەربە کۆماریەکان پارتەکەی ترەمپ خۆیەتی بەپێچەوانەی کۆنگرێسەوە کەدیموکراتەکان زۆرینەن، بەڵام ئەگەر لەداهاتوودا ئەنجومەنی پیران بەزۆرینەی دەنگ متمانەی سەرۆکایەتی لەترەمپ بسەننەوە، کارەساتەکە لەدوای ئەوە دەستپێدەکات بۆ ژیانی ترەمپ چونکە دوای لەدەستدانی پۆستی سەرۆکایەتی ئەمریکا پێدەچێت جارێکیتریش لەلایەن دادگای باڵای ئەمریکاوە (Supreme Court) دادگای بکرێتەوە، بەلام ئەمجارەیان لەسەر ئەو سەروەتە زۆرەی کەخاوەنیەتی و لەدوای بون بەسەرۆکی ئەمریکاوە بەدەستی هێناوە.

لەهەردوو حاڵەتدا متمانەی سەرۆکایەتی لەدۆناڵد ترەمپ بسەننەوە یان نا، ئەم ڕووداوە دەبێتە گەورەترین ڕووداو لەمێژووی ئەمریکادا، ئەم کارەی (ئەنجومەنی نوێنەران) و (ئەنجومەنی پیران) ئەوپەڕی نیشاندانی سەروەری یاساییە لەگەورەترین وڵاتی سەرئەم زەمینەدا کەپێی دەگوترێت (ئەمێریـــکا)، لێرە هیچ کەسێک لەسەرو یاساوە نیە تەنانەت سەرۆکیش!

ئەوەی کە لەم تەوقیتەدا پێویستە باس بکرێت ئەو جیاوازیە مەزنەی نێوان ئەمریکاو هەرێمە، هەر ڕۆژێک دوای شەڕە شەقەکەی پەڕلەمانتارانی هەرێم لەهۆڵی پاڕلەماندا لەسەر وشەیەک (مزایەدە) کەهیچ پەیوەندیەکی بەژیانی ئاسای خەڵکی هەرێمەوە نیە، ئەمڕۆ کۆنگرێسی ئەمریکا ڕۆژێکی مێژووی دەستنیشان کرد بۆ لێسەندنەوەی متامانەی گەورەترین سەرۆکی سەرئەم زەویە!، دۆناڵد ترەمپێک کەنیو هێندەی هیچ سەرکردەیەکی دەسەڵاتدارانی هەرێم تۆمەتبارنیە بەدزین و خیانەت و کاری نانیشتیمانی و خاک فرۆشی و شارفرۆشی، لەڕاستیدا ئەمەیە جیاوازیەکەی نێوان نوێنەرانی خەڵکی ئەمریکی و نوێنەرانی خەڵکی هەرێم.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە