كورد لە نێوان مەنگەنەی وڵاتانی ناوچە و زلهێزەكاندا

نەوزادی موهەندیس

• كورد وەك نەتەوەی چوارهەمی دێرین و خاوەن مێژوو و خاك و زمان و كەلتوری خۆی دوور لە دەوڵەتێكی سەربەخۆی نەتەوەیی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بۆتە خاوەنی مەسەلەیەكی سیاسی و سەربازی گرنگ تەنانەت لەسەر ئاستی جیهانیش و لە ئێستاشدا بۆتە مەسەلەی پلە یەكی ناوچەكە و وایكردوە كە كێشەی 60ساڵەی فەلەستینیەكان وئیسڕائیل وەك كێشەیەكی میحوەری عەرەب و تەنانەت ئیسلامیش لەناوچەكەدا بخاتە دوای خۆی و ئەو گەرموگوڕی و پشتیوانیە گەورە و فراوانەی لە فەلەستینیەكان دەكرا ڕووبكاتە كورد و مەسەلەكەی بەتایبەتیش لەدوای مقاوەمەتی بێوینەی كوردان دژی تیرۆر و تیرۆریستانی داعش و ئەو وڵاتانەی ناوچەكەش كە پشتیوانی تیرۆریستانیان دەكرد دژ بە كورد و كوردستان لە باكور و ڕۆژئاواو باشور و ڕۆهەڵاتی كوردستان.

•بەڵام سەرەڕای هەموو ئەو خوێن و فرمێسكەی كورد بەخشیە هەموو دونیا و مۆڤایەتی بەتایبەتیش لەماوەی 9 ساڵی ڕابووردودا،گەلێك جاران توشی بیئومێدیان كردۆتەوە تەنانەت لەلایەن بەناو دۆستەكانیشیەوە و دەكەوێتە هەڵوێست و كونجێكی بەرتەسكی واوە كە دوژمنیش حەسودی پێنابات.كورد جارێك لەلایەن وڵاتانی سەردەستی كوردستان لەناوچەكە و ئەوانی تریشەوە و دەیانجاریش لەلایەن وڵاتانی زلهێزی دونیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاواشەوە دەخرێتە نێوان مەنگەنەی بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی خۆیانەوە و زۆرجاران كردویانەتە قوربانیەكی بێ پشت و پەناو نزیكیان كردۆتەوە لەمەرگ و لەناوچوونیش.

•بۆیە كورد بەو  پێگە هەستیار و زۆر ناسكەیەوە كەهەیەتی لەناوچەكەدا ڕووبەڕووی چەندین پیلانی دوژمنانە بۆتەوە كە ویستیان نەمان و نەهێشتنی تەواوەتی كوردبوە و بەچاك و خراپ دوژمنایەتی كوردیان كردوە لەهەر كوێیەك ویستبێتی ئیدارەیەك یان دەسەڵاتێكی خۆسەری بەڕێوەبردن پێكەوەبنێت وەك ئەوەی 29ساڵە لە باشوور و ئەوەی كە نزیكەی 9ساڵە لە ڕۆژئاوا چێكراوە لەناوبەرن،بەتایبەتیش لەلایەن ڕژێمی توركیای ئەردۆگانیەوە كە بە ئاشكراو بەنهێنی دژایەتی كوردان دەكات و چەندین تەنازولی شەرمەزاری بۆ ئەمریكا و ڕوسیا دەكات تەنها لە پێناو دژایەتی كورداندا، ئەو نازانێت یان خۆی لەگێلی دەدات كە سەدان جار نەك بۆ كورد خۆی بۆ توركیا و هەموو ئەو وڵاتانەی تری ناوچەكەش باشترە كە مەسەلەی كورد بە ئاشتیانە وسیاسیانە دوور لە جەنگ و كوشتن و بڕین و ڕێگە چارەی سەربازی چارەسەربكەن وەك ئەوەی كە سەد ساڵە خەرجی و داهاتی وڵاتەكانیان و كوردستانیش بەهەدەر دەدەن و تائێستاش سەركەوتوو نەبوون لە گەیشتن بە ئامانجەكانیان لە لەناوبردنی كورداندا.

•كورد خۆشبەختانە لەئێستادا بەهەوڵ و قوربانیدانە بەردەوامەكانی بەسەر ڕاستانە و ڕاستگۆیانە خۆی كردۆتە یاریزانێكی باشی گەمە سیاسیەكانی ناوچەكە و دونیاش و توانیویەتی پێگەیەكی باش و بەرچاو و ڕێزلێگیراویش بۆخۆی بنیات بنێت و تاڕادەیەك توانیویەتی  خۆی و دەسكەوت و دەسەڵاتەكانیشی بەهەموو كەموكوڕیەكانیشیەوە بپارێزێت بەوەی كە ویستویەتی ئامانج و دروشمەكانی خەباتی ئەم قۆناغە بگونجێنێت یان تاڕادەیەكی باش نزیكبكاتەوە لەبەرژەوەندی و بەرنامە و پلانی زلهێزەكانی دونیا بۆئەوەی بتوانێت هەرچیەك لەتوانادا بێت بیكات بۆ وەدەستهێنانی پشتیوانی ئەوان، چونكە لە ئێستادا پەیوەندی و بەرژەوەندیە دەرەكی و ئابوری و سیاسی و ئەمنیەكان ڕۆڵی گەورە دەبینن لە پێشخستن و بەردەوامبونی دۆستایەتی و پشتیوانیەكاندا بە ئاشكراش ئەمریكا و ڕوسیا نەیانشاردۆتەوە كە بۆ پاراستنی بیرە نەوتەكان لەناوچەكەدان نەك لەبەر پاراستنی نەتەوە و نیشتیمانەكانی ئەم ناوچەیە، كورد و كوردستانیش لەو بوارەدا بنەماو بناغەیەكی باشی هەیە بۆ پێكەوەنانی ئەو دۆستایەتی و بەرژەوەندیانە لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنیشەوە چونكە پێگەیەكی جیۆسیاسی گرنگ و هەڵكەوتەیەكی ستراتیژیشی هەیە و لەڕووی ئابوریشەوە خاوەنی یەدەگێكی نەوت و گازی سروشتی زۆروزەوەندە و لەڕووی ئەمنیشەوە كورد جەنگاوەرێكی ئازا و چاونەترسەو بەكەڵكی دۆستایەتی ئەو زلهێزانە دێت لە ئایندەدا.

•بۆیە ماوەتەوە سەر ئەوەی كە سەركردایەتی سیاسی كورد لەناوخۆی خۆیدا و لەسەر ئاستی هەر چوار پارچەكەی كوردستان یەك دەنگ و یەك ڕەنگ و یەكهەڵوێست بن و بەرژەوەندی باڵای نەتەوە و نیشتیمان بخەنە سەروو بەرژەوەندی تەسكی حیزبایەتی و ناوچەیی و بنەماڵەیی و پلەو پۆست و ئیمتیازاتە مادیە بچوكەكانەوە و هەموان و پێكەوە سیاسەتێكی حەكمیانە و ژیرانەی ئەوتۆ پیادە بكەن كە لەئەنجامدا بە قازانجی ئایندەی كورد و بە زیانی دوژمنان تەواو بێت و چیدی سەدەی بیست ویەكەمیش بە داگیر و دابەشكراوی كورد بەردەوامی نەبێت.

ئەمەش خەونێكی دێرینە و نە ئاسانە بێتەدی و نە زۆر ئەستەمیشە كە هیچ كات نەبێتە ئەمری واقیع،بەهەردوو ڕوكەیەوە وەستاوەتە سەر هێز و توانا و ژیری و پلان و حەكیمی سەركردایەتی سیاسی كورد خۆیەوە.چونكە ئەو وڵات و گەلانەی ئێستای ناوچەكەش كە خاوەنی دەوڵەتی خۆشیانن نە لەكورد زیرەكتر و نە لەكورد جەنگاوەرتر و ئازاتر بوون،بەڵكو تەنها توانیویانە بەرژەوەندیەكانیان لەگەڵ دەوروبەر و زلهێزەكاندا بگونجێنن وبەوەش گرەوە گەورەكەی بون بەدەوڵەتیان مسۆگەر كردوە و بردۆتەوە.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە