ئاساییش؛ ئامرازی ئارامیی و داپڵۆسین

کەمال چۆمانی

ئاساییش ئەگەر ئەركی خۆی جێبەجێبكات دەتوانێت دز بگرێت و ئارامیی شار و سەر و ماڵی وڵاتییان بپارێزێت، وەك نمونەی دەستگیركردنی دزەكانی موچەی فەرمانبەرانی تەندروستیی سلێمانیی. تەواوی خەڵكیش دڵخۆش دەبن و هەستدەكەن هێزێك هەیە لە دەستدرێژیی ئەوانیتر دەیانپارێزێت.

خۆ ئەگەر ئەركی ئاساییش ببێتە جێبەجێكردنی فەرمانەكانی حیزب و بنەماڵەكان، ئەوا دز و چەتە و مافیاكان دەپارێزێت كە لە لوتكەی دەستەڵات دان. دیموكراتخوازان و ئازادیخوازان راپێچی زیندان دەكات و دەزگاكانی راگەیاندن و رێكخراو و حیزبەكان دادەخات. چەند بنەماڵەیەكی بچوكی دەستەڵاتدار و سەرمایەدار دەپارێزێت و خۆیشی دەبێتە كۆنترۆڵ بەسەر كۆمەڵگاوە. هەڵدەكوتێتە سەر خۆپیشاندان و گردبونەوەكان. تانكەری نەوتی دزراو دەپارێزێت. دەبێتە ناشیرینترین ئامرازی داپڵۆسینی دەستەڵات.

ئاساییشی یەكێتیی و پارتیی هێندەی وەك ئامرازی داپڵۆسین و دڵڕەقیی دەبینرێن، هێندە وەك ئامرازی ئارامیی و سەلامەتیی نابینرێن. بەنیشتیمانیكردنی هێزەكانی ئاساییش و پێشمەرگە، گێڕانەوەی كەڕامەتە بۆ ئەو دو هێزە

بەداخەوە لە هەرێمی كوردستاندا ئاساییشێكمان نییە ئەركی یەكەم جێبەجێبكات -هەندێك جار نەبێت-، بەڵكو ئاساییش فەرمانی حیزب و بنەماڵەكان جێبەجێدەكات، بۆیە ئاساییشی یەكێتیی و پارتیی هێندەی وەك ئامرازی داپڵۆسین و دڵڕەقیی دەبینرێن، هێندە وەك ئامرازی ئارامیی و سەلامەتیی نابینرێن. بەنیشتیمانیكردنی هێزەكانی ئاساییش و پێشمەرگە، گێڕانەوەی كەڕامەتە بۆ ئەو دو هێزە. هێزی حیزب و بنەماڵەكان خاوەنی كەڕامەتی نیشتیمانیی نییە، نیشتیمانییانیش بە هێزی خۆیان نازانن. هەمیشە دیموكراسیی و حوكمی قانون و ریفۆرم لەژێر مەترسیی دان تاوەكو میلیشیا حوكمبكات. لەژێر حوكمڕانیی میلیشیاكاندا، دیموكراسیی و عەدالەتی كۆمەڵایەتیی و ئابوریی بەدەستنایەت.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە