شاسوار و نەوەی نوێ و ئێن ئار تی!

رەنج نەوزاد

بێ گومان ئەم چەن خاڵە پەیوەندی بە كاری سیاسی ئەو كەس و دەزگایانەوە هەیە،ئەو كاتەی كە بڕیاریاندا بێنە ناو كایەیی سیاسی و حكومیەوە،ئەگەر نا چ خاوەنی كەناڵەكە و چ كەناڵەكەش،وەك سەرەتای دەركەوتنیان هەندێ نموونە و مودێلی نوێ وبەسودیان هێنایە كوردستان،وەك دروستكردنی یەكەی نیشتەجێبوونی هەرزان كە خەڵكیكی زۆر سودی لێ بینی و یەكەم كەناڵی نا حیزبی لە كوردستان،ئیتر بۆ هەر مەبەستێك بووبێت،مایەیی دەستخۆشی بوون لەو كاتەدا،بەڵام ئەم چەن خاڵە پەیوەندی دارە بە كاری سیاسی و حیزبیانەوە:

١-ئەگەر وردبیتەوە لە گوتار و تەكتیك و پلانی سیاسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆت دەردەكەوێت،بزوتنەوەیەكی سیاسیە زیاتر پشت بە شۆك كردنی جەماوەر و دروستكردنی ئەوەی بە عەرەبی پێێ دەڵێن (ضجە إعلامیە) دەبەستێت،زۆر ئاسان دەبنە مایەیی باس و بابەت،ڕاگەیاندن و گوتاریان زۆر كات بینەر و بیسەر شۆك دەكات،شتی نەوتراو دەڵێن،بۆ نموونە ئاشكرا دەڵێن دەسەڵاتی كوردی و دەسەڵاتی بەعسی یەك شتن وبەڵكو هەندێ كات دەسەڵاتی كوردی خەراپتر پێشاندەدەن!نەخێر بۆ سەربەخۆیی!جوانكردنی بەغدا و ناشرینكردنی هەریم! ئەم شێوە لە گوتار،ئەوەندە نادادپەروەرانەیە،ئەوەندە هەڵەیە لە ڕووی سیاسی و دامودەزگایەوە،ئەوەندە نا زانستیە،ئەوەندە دژە بەها نیشتیمانییەكانە...مرۆڤ شۆك دەبێت كە ئەمانە بۆ وا دەكەن و چۆن دەتوانن بگەنە ئەو ئاستە لە جورئەت و حیساب نەكردن بۆ هیچ سنورێك.

ئەگەر وردبیتەوە لە گوتار و تەكتیك و پلانی سیاسی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بۆت دەردەكەوێت،بزوتنەوەیەكی سیاسیە زیاتر پشت بە شۆك كردنی جەماوەر و دروستكردنی ئەوەی بە عەرەبی پێێ دەڵێن (ضجە إعلامیە) دەبەستێت

٢-بزوتنەوەكە دەزانن لە ڕووی فكری و ستراتیج و هێز بە مانا فراوانەكەی،لاوازن،بەڵام لەوەدا زیرەكن كە بێ هیچ لەو كەرەستانە دەكرێت لە ریگەی ڕاپۆرتیكی كەناڵەكەیانەوە،لە هەموو حیزبەكانی تری كوردستان زیاتر ببنە مایەیی باس و زیاتر بناسرێن،بە تایبەت بۆ حزبێكی سیاسی لەسەر ئاستی گشتی و فەرمی حیزبەكە،ئەم جۆرە لە گوتار،مایەیی دەنگدانەوەیەكی گەورە و سەیرە.

٣-لە رێگەی یەك كۆمێنتی فەیس بوكەوە دەتوانن خۆیان بكەنە بابەتی ڕای گشتی،هەوڵدەدەن ئازار بدرێن و خۆیان بخزێننە زیندانەكانەوە،تەنها لە پێناو دروستكردنی زەجەیەكی میدیایی.جوڵانەوەیەكە لە دەرەوەی پۆپۆلیزم دەخنكێت،لەدەرەوەی میدیا دەتوێتەوە.

ناكرێت بە هۆی چەن حیزبێكەوە یا بە هۆی حكومەتێكەوە،دژایەتی نیشتیمان و نەتەوە بكرێت،ئیتر بە مەسەست بێت یا بێ مەبەست،بەڵام ئەوان بە گشتی لە سەنگەری دژ بە كوردن لە ئێستادا،ئەگەر ئەو گوتارە بگۆرن،رەنگە ئایندەیەكی سەركەوتووتریان هەبێت

٤-گوتارێك بە دژایەتیكردنی دەسەڵات و ئۆپۆزسیون ناوەستێت،بەڵكو دژایەتی هەندێ بەها و فكرەی نیشتیمانی دەكات،لەمەوەیە سنور ناناسێت،گرنگ ئەوەیە دەنگدانەوەیەك دروست بكات.

٥-ئەگەر حیزبەكە هەندێ دەستكاری بنچینەیی گوتارەكەی بكات،بە تایبەت جیاوازی كردن لە نێوان حیزب و حكومەت و نیشتیمان،واتە ناكرێت بە هۆی چەن حیزبێكەوە یا بە هۆی حكومەتێكەوە،دژایەتی نیشتیمان و نەتەوە بكرێت،ئیتر بە مەسەست بێت یا بێ مەبەست،بەڵام ئەوان بە گشتی لە سەنگەری دژ بە كوردن لە ئێستادا،ئەگەر ئەو گوتارە بگۆرن،رەنگە ئایندەیەكی سەركەوتووتریان هەبێت و سودێكی گشتیش ببخەشن،بەڵام بەم دۆخەی ئێستایانەوە،بەڕاستی نموونەیەكی نا تەندروست و ترسناكن بۆ كۆمەڵگا و بۆ پەروەردەی تاكی كورد.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە