كۆتایی زەردەواڵەکان و ئایندەی کوردستان

مەجید ساڵح

 

لە کۆندا لەوکاتەی هێشتا داودەرمانی قڵاچۆکردنی زەردەوڵە نەهاتبوو، لە سلێمانی هەنگوانەکان بۆ ئەوەی زەردەواڵە هەنگەکانیان نەخوات، دەچوون سی و جگەرێکی گەنیویان دەکرد بەدارێکەوە و لە نزیک شانەکەیاندا دایاندەنا. زەردەواڵەکانیش وازیان لە هەنگەکان دەهێنا و دەئاڵانە سی و جگەرەکە. دواتر خاوەن هەنگەکان دەچوون تورەکەیەکیان دەکرد بە سەر سی و جگەر و زەردەواڵەکاندا و گریان تێبەردەدان و دەیانسوتاندن بەم شێوەیە مێش هەنگەکانی خۆیان دەپاراست..

لە سەرەتای هاتنی داعش کاک نەوشیروان ئەم باسەی بۆ کاک مەسعود بارزانی گێڕابووە و پێی وتبوو، نابێ کورد زۆر دڵی بەوە خۆش کات کە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ لە ناوبردنی داعش پشتیوانیمان لێ دەکەن و ئەم پشتیوانیە تا سەر نییە. وڵاتی ئێمە بە نسبەت ئەوانەوە سی و جگەرەکەیە، و زەردەواڵەکانیش توندڕەوە ئیسلامیەکانی وڵاتی خۆیانن، ئەیانەوێ هەمویان بهێننەوە و لێرە بیانسوتێنن و رزگاریان بێت لێیان.. نابێ چاوەڕێی ئەوە بکەین ئەم هاوکاریانەیان بۆ هەتاهەتایە بەردەوام دەبێ ..دەبێ ئاگامان لەوە بێ ئێمەش بەوانەوە نەسوتێنن..

باشتر وایە کەڵک لە ئەم پشتیوانیانە وەرگرین و خۆمانی پێ بەهێز بکەین، ئەو بەهێز بونەش بە یەکخستنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەبێ..
وا لە باگۆز و لەسەر دەستی خوشک و براکانمان لە رۆژئاوای کوردستان و پێشتریش لەسەردەستی پێشمەرگە، زەردەواڵەکان سوتان و لە گەڵ خۆیاندا بەشێکی زۆر لە خەڵک و وڵاتی ئێمەشی پێوە سوتا و بەهۆی یەکنەخستنی هێزی پێشمەرگەشەوە نیوەی باشوری کوردستانمان دۆڕان و کەسیش خۆی ناکات بە خاوەنی..

سەردەم سەردەمی هێزە، هێزی سەربازی و هێزی متمانەی خەڵک و هێزی دیپلۆماسی و هێزی ئابوری.. هەر میللەتێک خاوەن ئەو هێزانە بێت، یاری پێ ناکرێت.. بەڵام بەبێ ئەو هێزانە، دەبێتە یاری پێکراو و لە هەموو ململانێیەکدا بە دۆڕاوی لێی دەردەچێ.. سەرچاوەی ئەو هێزانەش یەکگرتوویی و ئیتیفاقە.. ئیتیفاقیش بە بوونی عەداڵەت و شەفایەت دێتە دی .....




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە