سەرۆكایەتی هەرێم وپەیامێك لەبارەگاوە

هەڵۆ ئەبوبەكر

رۆژی چوارشەممەی رابردوو مەسعود بارزانی، قسەی كۆتایی لەبارەی پێكهێنانی حكومەت كرد، كاتێك رایگەیاند "چیتر چاوەڕێی هیچ لایەنێك ناكەن بۆ پێكهێنانی حكومەت"، بەچەند كاتژمێرێك دواتر پەرلەمان بە بەشداری فراكسیۆنی یەكێتی كۆبوەوەو یەكێتش بەشداریكردنی خۆی لە حكومەت راگەیاند. 
ئەم پەیامەی بارزانی، جارێكی تر ئەوەی سەلماندەوە كە ئەوەی لەهەرێمی كوردستان قسەی یەكەم­و كۆتایی دەكات دامەزراوەكانی هەرێم نین، بەرپرسی یەكەمی حزبەكانن.

مەسعود بارزانی، كە لەدوای ئەوەی لەسەرۆكایەتی هەرێم نەما، بارەگای داناوە، لێرەدا نامەوێت قسە لەسەر "بارەگا" وەك ناو­و مانای زمانەوانی­و پێگەی لە مێژوی سیاسی­و كلتوری ئێمەدا بكەم، ئەمە دەكرێت لەشوێنێكی تردا لەبارەیەوە بدوێین، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كاتێك بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستانە، بۆ ئامادەنیە بەم ناوەوە بمێنێتەوەو لەژێر ناوی بارەگادا لە فەزای سیاسیدا درێژە بەكار دەدات؟

وەڵامی ئەم پرسیارە دەكرێت چەند خوێندنەوەیەك هەڵبگرێت، بەڵام ئەوەی بۆ من گرنگەو جێگای هەڵوێستە لەسەركردنە ئەوەیە، بارەگای بارزانی ساڵانێكی دوورو درێژ وەكو سێبەر بەسەر كۆی دامەزراوەكانی هەرێمەوە دەمێنێتەوەو دەبێت هەموانیش رابێین لەگەڵ ئەوەی كە لەمەودوا قسەی یەكەم­و كۆتایی لەبارەگاوە دەكرێت نەك لە سەرۆكایەتی هەرێم­و پەرلەمان­و حكومەتەوە.

بارزانی لێرەوە پەیامێكی روون بەجێدەهێڵێت، كە ئەو لەهەر شوێن­و پێگەیەكدا بێت ئەوە بارزانیە كە قورسایی بەو شوێنە دەدات نەك بەپێچەوانەوە، لەراستیدا ئەمە بۆ هەرێمی كوردستان­و سیستەمی حكومرانی ئەم وڵاتە شتێكی نامۆنیەو 28 ساڵە كار بۆ ئەمە دەكرێت­و بەدرێژایی ئەو ساڵانە بە دەگمەن هەستمان بەوە نەكردوە بایەخی قسەو بڕیارەكان لە دامەزراوەكانەوە بن، بەڵكو ئەوەی گرنگ بوە كە كێ‌ ئەو قسەیە دەكات.

هەر لەم روانگەیەوە پێموایە ئەوەی ساڵانێكە حزبە دەسەڵاتدارەكانی ئەم هەرێمە، هاوڵاتیانیان پێوە سەرقاڵ كردوە بە پرسی سیستەمی حكومرانیەوە جگە لە خۆڵكردنە چاوی خەڵك شتێكی تر نیە، لەراستیدا ئەوەی لە بناغەوە كاری بۆ دەكرێت هەرێمی سوڵتان، پاشاو میرو بنەماڵەكانە، نەك هەرێمێك خاوەن دامەزراوەی حكومرانی لەچوارچێوەی سیستەمێكی سیاسی دیموكراسیدا، هەر ئەوەش وایكردوە هەر رۆژەو گوێمان لە ئاوازێك بێت، رۆژێك دەڵێن رازین سەرۆك لە پەرلەمان هەڵبژێرێت، رۆژێك دەڵێن، با لەناو خەڵك بێت رۆژێك دەڵێن، دەسەڵاتەكانی زۆرە، دواتر دەڵێن با دەسەڵاتەكانی تەشریفاتی بێت، جارجاریش بۆی درێژ دەكەنەوەو جارجاریش هەڵیدەسپێرن.

كورتی­و كرمانجی، لە هەرێمی كوردستان نەدامەزراوەكان­و نە یاساكان بایەخێكی ئەوتۆیان نیە هەرچۆن رێكبخرێن­و هەرچۆن بنوسرێن رۆڵیان كارتۆنی دەبێت­و دواجار دەبێت چاوەڕێ‌ بین بزانین لە بارەگاكانەوە چی دەوترێت.

فەرمون ئەوە هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمیش هاتە ناو پەرلەمان، گریمان دەسەڵاتەكانیشی كەمكرایەوە چی لەمەسەلە دەگۆڕێت، نێچیرڤان بارزانی، لە بیست ساڵی رابردوودا بەنزیكەیی 18 ساڵی سەرۆكی حكومەت بووەو لە پەرلەمان هەڵبژێردراوەو لەبەردەم لێپرسینەوەی پەرلەماندا بووە، بۆ یەكجاریش پەرلەمان توانیویەتی لێپرسینەوەی لێ‌ بكات؟ بێگومان نەخێر.

كەواتە كێشەكە لەوەنیە سەرۆك لەكوێ‌ هەڵبژێرێت ­و چەند دەسەڵاتی هەبێت، كێشەكە ئەوەیە لەهەرێمی كوردستان دامەزراوەكان تەنها كارتۆنین­و بەناوخاوەن پەرلەمان­و سەرۆكایەتی هەرێم­و حكومەتین.

لەراستیدا ئەوەی پێویستە لەكوردستان بكرێت ئەوەیە رێز بۆئەو دامەزراوانە بگەڕێنرێتەوە، ئەمە چۆن دەكرێت، پێش هەرشتێك پێویستە بەرپرسی یەكەمی حزبەكان لە بارەگاو هاوینەهەوارو ڤێلاكان بێنەخوارەوەو خۆیان لە لوتكەی دەسەڵاتی هەرێمدا بن، ئەوەش چارەسەرێكی بنەڕەتی نیە، لەراستیدا پرۆسەی بەدامەزراوەیكردن­و رێزگرتن لە بەها دیموكراسیەكان­و بڕوابون بە سەروەری یاساو دامەزراوەكان، پێویستی بە پرۆسەیەكی دوور مەودواو كەسانێكە كەبڕوایان بە سیستەمی دیموكراسی هەبێت نەك كەسانێك ئامانجیان چەسپاندنی حوكمی بنەماڵەیەو ساڵانێكە لەسەر شەرعیەتی شۆرشگێڕی دەژین.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە