ئەردوغان‌و ئیخوان موسلیمین! ئایا ئیخوان سەری ئەردوغانیش دەخوات؟

ئاسۆ عەبدوللەتیف

كوردان دووجار زیاتر لە ئیخوانەكانی میسر ستەمیان لێ دەكرێت، زۆرێك لەو ستەمكاریانە كاراكتەرە ئاینی‌و بەناو ئیسلامگەراكانن، بۆ نمونە ئەردوغان ئەوەندەش بێ ئاگانییە لە حیكایەتی ئەشكەنجەدان‌و ئەو تراژیدیا سەختانەیسەر ئیخوانەكانی میسر، كەچی بێدەنگی هەڵبژاردووە بۆ ئەوەی ستەمكاریەكانی خۆی بەرامبەر بە تەڤگەری كوردی‌و ئیسلامیە نەرێتی‌و كۆمەڵایەتیەكانی دەوروبەری فەتحوڵا گویلەن بشارێتەوە، كە هەزاران لایەنگری ئەو رەمزەی دینیەی خستۆتە سوچی زیندانەكانی توركیا! بەڵام ئیخوان موسلیمین‌و ئەوانەی‌وەك ئیخوان بیر دەكەنەوە بۆچی لەم ستەمكاریە بێدەنگن‌و بەردەوامیش‌وەك خەلیفەی زەمانە سەیری دەكەن؟

راستە سیستەمەكانی دوای بەهاری عەرەبی داشۆراون لە بەهای دیموكراسی‌و تۆلێرانسی دینی‌و نەتەوەیی‌و كەلتوریی، ئەو سیستمانە ئێستا لەبری بەرهەمهێنانی نۆرم‌و بەهای دیموكراسی‌و ئازادی یەكپارچە بوونەتە ژینگەی بەرهەمهێنانی ئەشكەنجەو ترس‌و پاكتاوی رەگەزیی‌و جەستەیی، بەڵام دۆستانی ئیخوان پێویستە هەموو دیوەكان‌وەك یەك‌وێنا بكەن لە توركیا‌و میسر، ناكرێت ئیدانەی تاوان‌و دادگای ناعادیلانەی سیسی لە میسر بكەن‌و چاویان كۆمەڵكوژی‌و لەشكركێشی عەفرین‌و كۆبانێ‌و شەرناخ‌و عاموداو جەزیرێ نەبینێت، ناكرێ بۆ غەززەو باغۆزبگرین‌و بۆ عەفرینیش شاكامی دەربڕین، ئەم تایپە لە ئیسلامی دەبێت تێبگات كورد كاتێك دەچەوسێنرێتەوە بەدەستی ئیسلامیەكانی توركیاو سوكایەتیان پێدەكرێت جیاوازی نیە بەو دۆخەی جولەكەیەك بەرانبەر بە فەلەستینیەك، یان سیسی بەرانبەر داعیەكی ئیخوان دەیكات، دەبێت نەترسن‌و‌وەك یەك ئیدانەی بكەن لەبەر خواو‌ویژدان‌و مرۆڤایەتی.

كاتێك"محەمەد مورسی" هەڵبژێردراوی شەرعی لابرا "عەبدولفەتاح سیسی" هاتە جێگای‌و تەواوی پێوەرەكانی دیموكراسی خرایە ژێر پرسیاری جەوهەری، دەوڵەتێك بە توركیاو تونسیشەوە نەهاتنە‌وەڵام، بۆچی چونكە هەمان پرۆسەی سڕینەوەو كودەتاش لە توركیا درێژەی هەبوو، ئەردوغان لە هاورێ نزیكەكانی خۆیەوە كەوتە جوڵە تا زیندانەكانی پڕكرد لە خەڵكی كوردپەروەرو بێتاوان‌و پەرلەمانتاری شەرعی‌و دەیان سەرۆك شارەوانی.


 ئەوەی كە لە میسر بەرانبەر بە ئیخوانەكان روو ئەدات راستە ئەشكەنجەی سیاسی‌و پاكتاوی جەستەییەو كارێكی نامرۆڤانەیە، بەڵام خۆ ئەوەی لە توركیاش روو ئەدات كەمتر نییە لەو كارەسات‌و ئەشكەنجانەو بگرە، پاكتاوی ئایدۆلۆژی‌و نەژادی‌و رەگەزی‌و كەلتوریشەو ئەوەشی كە  ئەنجامی ئەدات لە جێبڕواكانی ئیخوانەو دۆستی نزیكی قەرزاوی‌و قەرەداغی‌و موفتیەكانی ناو حەوزەی رابەرایەتی ئیخوان موسلیمینە، تا ئێستا بەیاننامەیەكمان نەبینی لەسەر ئەو رەشەكوژی‌و ئەشكەنجە رەش‌و بەردەوامانەی ناو توركیا كە بەرانبەر هێزگەلە كوردیەكان دەكرێت لە ئامەدو كۆبانێ‌و عەفرین‌و جەزیرێ‌و رۆبۆسكی،  دەستگیركردنی كەسی یەكەم‌و دووەمی پارتی دیموكراتی گەلان" هەدەپە"‌و راپێچكردنی سەدان پەرلەمانتارو سەرۆك شارەوانی هەڵبژێردراو بۆ زیندان، حوكمی عورفی‌و سوڵتانی‌وباری نائاسایی‌وڵات‌و دانانی قەییومەكان لە شوێنی شەهرەدارو سەرۆك شارەوانیەكانی باكور، هەموو ئەمانە  لەدەرەوەی یاساو نۆرم‌و بەها ئینسانیەكان دەكرێت كەواتە پێویستە قسەو ئارگیومێنتەكان بۆ تەواوی سیستمە سیاسیەكان بێت، هەڵاوێردن هیچ لۆژیكی تێدا نیەو ئەوەی لە میسر روئەدات هەمان نەریتە كە لە توركیا روئەدات‌و بگرە موبارەكەش كراوە‌وەك كاراكتەرێكی دینی ئیسلامی بەتایبەتی لەلایەن هەندێ خوتبەچی كوردییەوە!!

تا هەنوكە لەناو ئەو ئیمپراتۆرت‌و سوڵتانیزمەی توركیادا، كورد ‌وەك كافرو مورتەد سەیر دەكرێت‌و ئەمەش ئیمتیدادی روئیای ئیخوانە بۆ ئەردوغان، سپۆنسەركردنی هەموو ئەو گروپگەلە دینیە توندرەوانەی‌وەك بەرەی نوسرەو داعش‌و سەیفولئیسلام‌و شام كە توركیا هەناردەی كردن بۆ سوریاو رۆژئاوای كوردستان پەیوەندی بەم خەیاڵدانەوە هەیە، ئیخوان دەبێت بە هەر نرخێك ئەمە بوەستێنێت‌و بگۆڕێت، چونكە سەری ئەردوغانی پێ دەخوات‌وەك محمد مورسی، ئەگەرنا دەبێت ئەردوغان نەكەن بە ماڵ بەسەر خۆیان‌و لایەنگرە پۆپۆلیستەكانەوەو  بەشان‌و باڵیدا هەڵبدەن بە شاو شانامە، با چیتر‌وەك خەلیفەش سەیری نەكەن؟




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە