ریمۆنتادای گۆڕان‌و یەكێتی

هەڵۆ ئەبوبەكر

سەرەڕای ئەو تێبینیانەی لەسەر پرۆسەی هەڵبژاردنی ساڵی رابردوی پەرلەمانی كوردستان هەبوو، دواجار پارتی براوەی یەكەم بوو، كاتێك نەك تەنها‌وەك هێزی یەكەم مایەوە بەڵكو ژمارەی كورسیەكانی بۆ 45 كورسی زیادكرد، لەبەرامبەردا هەردوو هێزی بزوتنەوەی گۆڕان‌و یەكێتی بەیەكەوە 33 كورسی پەرلەمانیان بەدەستهێنا، كە پێشتر ئەو دوو هێزە 42 كورسی پەرلەمانیان هەبوو، پرسیارەكە ئەوەیە گۆڕان‌و یەكێتی دەتوانن دوای ئەو شكستە "ریمۆنتادا" بەسەر پارتیدا بكەن؟ 

ریمۆنتادا، لە بنەڕەتدا ‌وشەیەكی ئیسپانیا، ئەم‌وشەیە لە كۆندا‌و بەتایبەت لە سەدەكانی  شانزە تا نۆزدەدا لە ئیسپانیا لە شەڕی ناوخۆ‌و شۆڕشەكانی سەربەخۆیی هەرێمەكانی باسك‌و كەتەلۆنیا بەكارهاتووە، كاتێك ئەم دوو هەرێمە هەوڵیانداوە لەژێر حوكمی پاشایەتی ئیسپانیا بێنە دەرەوە.

ئەوەی زیاتر ‌وشەی ریمۆنتادای بەجیهان ئاشنا كرد‌و كردی بە‌وشەیەك كە بە زمانە جیاوازەكان بەكاربێت، تۆپی پێ بوو.

لەتۆپی پێدا كاتێك یانەیەك بە ئەنجامێكی گەورە دەدۆڕێت، بەڵام لە یاری دواتردا دەتوانێت ئەنجامەكە پێچەوانە بكاتەوە‌و بە ئەنجامێكی گەورەتر یاری دواتر بەرێتەوە پێی دەوترێت ریمۆنتادا..
بۆ ئەوەی‌وەڵامی پرسیارەكەی سەرەوەمان بە دروستی دەستكەوێت دەبێت كەمێك سەیری مامەڵەی پارتی‌و یەكێتی بكەین لەگەڵ گۆڕان لەوكاتەوە كە دروست بوە.
مامەڵەی پارتی لەگەڵ  گۆڕان
لەساڵی 2009 دا كە بزوتنەوەی گۆڕان دروست بوو، پارتی تاوەكو 2013‌وەكو نەیارێكی سەرسەختی خۆی مامەڵەی لەگەڵ ئەم هێزە دەكرد، بەڵام كاتێك گۆڕان جارێكی تر خۆی سەلماندەوە‌و توانی دەنگەكانی خۆی بپارێزێت‌و 24 كورسی پەرلەمانی بەدەستبهێنێت، ئیتر پارتی بیری لە مامەڵەیەكی تر كردەوە، ئەویش هێنانی ئەم بزوتنەوەیە بوو بۆناو حكومەت، بەڵام پرسی سەرۆكایەتی هەرێم ناكۆكی ئەم دوو هێزەی بردەوە لوتكە، ئەم ناكۆكیانە بەردەوام بوو تا ئەوكاتەی ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی ساڵی رابردوی پەرلەمان راگەیاندرا‌و دانوستان بۆ پێكهێنانی حكومەت دەستیپێكرد..

پارتی تا ئەم ساتە زۆر باش هاوكێشەكانی خوێندۆتەوە‌و زۆر باش سودی لە ناكۆكیەكانی نێوان گۆڕان‌و یەكێتی‌وەرگرتوە، هەر ئەوەش‌وایكرد پارتی هەموو ناكۆكیەكانی لە پرسی سەرۆكایەتی هەرێمدا لەگەڵ گۆڕان لەبیر بكات‌و ئامادەبێت حكومەتی لەگەڵ پێكبهێنێت، پارتی بە باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ گۆڕان دوو ئامانجی پێكاوە، یەك بەرەی ئۆپۆزسیۆنی لاواز كردوە لەبەرامبەر ئەو حكومەتەی كە پارتی سەرۆكایەتی دەكات، دوو، هەمیشە گۆڕان ئەو هێزەیە كە دەتوانێت سەنگی هەڕەشە‌و خواستەكانی یەكێتی بۆسەر پارتی كەم بكاتەوە، بەرونی لە یاسای سەرۆكایەتی هەرێم‌و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەماندا ئەوەمان بینی.


یەكێتی چۆن مامەڵەی لەگەڵ گۆڕان كردوە؟ 

بەپێچەوانەی پارتیەوە، بەدرێژایی دە ساڵی رابردوو هیچ كات یەكێتی ئامادە نەبوە دان بە بزوتنەوەی گۆڕاندا بنێت، هەر جۆرە باشكردنێكی پەیوەندیش هێندەی لە هەوڵێك دەچوو بۆ بچوككردنەوەی گۆڕان هێندە هەوڵەكانی بە ئاراستەی دروستكردنی پەیوەندییەكی هاوسەنگ نەبوە، كە لەبەرژەوەندی هەردوو هێز‌و بۆ هاوسەنگكردنەوەی حكومرانی هەرێم بێت.  

بەپێچەوانەی گۆڕان‌و بەتایبەت خودی نەوشیروان مستەفا، كە تا ئەوكاتەی لەژیاندا بوو زۆرباش لە یارییەكانی پارتی تێگەیشتبوو، زۆرجار هەوڵیدەدا لەگەڵ یەكێتی پەیوەندی باش‌و كاری پێكەوەییان هەبێت، پێشنیاری پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ یەكێتی لە 2013‌و دواتر لێكتێگەیشتنی دەباشان‌و دواتر ‌واژۆكردنی رێكەوتننامەی گۆڕان لەگەڵ یەكێتی لە دیارترین هەوڵەكانی نەوشیروان مستەفا بوو بەڵام یەكێتی نەك سودی لەم هەوڵانە نەبینی بەپێچەوانەوە پابەندی لێكتێگەیشتنی دەباشان‌و رێكەوتنەكەش نەبوو.

 رێمۆنتادایەكی چاوەڕواننەكراو! 

گۆڕان‌و یەكێتی ئەگەرچی بەژمارەی كورسی لە پەرلەمان لە پارتی كەمترن، بەڵام بەپێی زانیارییەكان لەرووی ژمارەوە ‌وەزارەتەكانی ئەم دوو هێزە لە حكومەتدا لە پارتی ئەگەر زیاتر نەبن كەمتر نین، كەواتە ئەگەر ئەم دوو هێزە بتوانن لەداهاتودا بەیەكەوە كار بكەن‌و رێكەوتننامەكەی نێوانیان كارابكەنەوە، دەتوانن كاری گەورە بكەن‌و تەنانەت ببنە هاوبەشێكی راستەقینە لە دەسەڵاتدا، بەپێچەوانەوە مامەڵەی پارتی بۆ قوڵكردنەوەی ناكۆكیەكانی ئەم دوو هێزە‌و بەجیا مامەڵە كردن لەگەڵیاندا لەوەی كە هەیە بچوكترییان دەكاتەوە..

ئەوەی تا ئێستا هەیە چاوەڕێ‌ ناكرێت گۆڕان‌و یەكێتی بتوانن ریمۆنتادا بەسەر پارتیدا بكەن، پشكی گەورەی بەرپرسیارێتیەكەش دەكەوێت سەر یەكێتی كە سیاسەتێكی دروست بەرامبەر گۆڕان پەیڕەو ناكات، كە ئەوەش نەك لەبەرژەوەندی نیە، بەڵكو زیانی زۆریشی پێگەیاندوە.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە