چارەنوسی ئاشتی هەورامی لەنێوان دوو ئامۆزدا؟!

هەڵۆ ئەبوبەكر

 

چارەنووسی، ئاشتی هەورامی لەنێوان دوو ئامۆزدا، نێچیرڤان بارزانی كە‌وەك چاوەڕێ‌ دەكرێت سەرۆكی هەرێمی داهاتووە‌و مەسرور بارزانی كە سەرۆكی حكومەتی داهاتووە تائێستاش بە هەڵواسراوی ماوەتەوە.. 

عەبدوڵا عەبدولڕەحمان عەبدوڵا، ناسراو بە ئاشتی هەورامی، ئەو پیاوەی لەوكاتەوەی گەڕاوەتەوە بۆ كوردستان ‌وەزیری سامانە سروشتیەكانی هەرێمی كوردستانە، ئەم پیاوە هۆكاری بەشێكی زۆری نەهامەتیەكانی ئەم هەرێمە بووە لە رابردوودا‌و تا ساڵانێكی زۆر لە داهاتووشدا دەبێت خەڵكی كوردستان باجی هەڵەكانی هەورامی بدەن.

لایەنگرانی هەورامی، ئەو بەپیاوێكی دانسقە‌و زۆر زیرە‌و لێهاتو ‌وەسفدەكەن كە ئەم كەسانە زیاتر لەناو پارتیدان‌و لەناو پارتیشدا ئەو كەسانەن كە زیاتر لە نێچیرڤان بارزانیەوە نزیكن، بۆ نمونە كەسێكی ‌وەك فازل میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە‌وەسفی هەورامیدا دەڵێت: " ئاشتی هەورامی نەك لەسەر ئاستی كوردستان، تەنانەت لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نمونەی كەمە".

ئاشتی هەورامی تەنها هەرێمی رووبەڕووی ئەو قەرزە زۆرە نەكردۆتەوە، تەنانەت ئەم هەرێمەی رووبەڕووی شەرمێكی گەورە كردۆتەوە، كاتێك لە دادگا نێودەوڵەتیەكان چەند ملیار دۆلارێكی بە كۆمپانیا نەوتیەكان دۆڕاندوە 

بۆ كەسێكی ‌وەك میرانی، ئاساییە بەوشێوەیە ‌وەسفی ‌وەزیرێك بكات كەلەسەر پشكی پارتی دانراوە، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەم پیاوە كە لە سێ‌ كابینەی رابردوودا ‌وەزیری سامانەسروشتیەكان بووە دەستكەوتەكانی بۆ هەرێم چی بون‌و ئەم هەرێمە لەسایەی سیاسەتی نەوتی ئەودا بەكوێ‌ گەیشتوە؟
ئەوەی ئاشتی هەورامی شانازی پێوەدەكات‌و هەمیشە دوبارەی دەكاتەوە ئەوەیە كە هەرێمی كوردستانی خستۆتە سەر نەخشەی نەوتی جیهانی، ئەمە راستە، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە هەرێمی كوردستان‌و خەڵكەكەی چیان دەستكەوتوە لەم بەجیهانی بونە؟

ئاشتی هەورامی، یەكێك لە سیماكانی بەڵێنە قەبە‌و زۆرەكانیەتی، كە زۆرجار بەم بەڵێنانە سەرلێشێوانێك‌و جۆرێك لە خۆشباوەڕی بۆ دەوروبەری دروست دەكات كە دوور نیە كەسانێك باوەڕی پێبكەن‌و لەرابردوشدا بەشێك لە هێزە سیاسیەكان كەوتنە داوی ئەم بەڵێنانەوە.

یەكێك لەو بەڵێنە گەورە‌و بریقەدارانەی هەورامی ئەوەبوو كە لە 2015 ‌ووتی، تا كۆتایی ساڵی 2016 هەناردەی رۆژانەی نەوتی هەرێم دەگەیەننە یەك ملیۆن بەرمیل، ئێستا 2019 یە‌و هێشتا نەوتی هەرێم ناگاتە نیوەی ئەو بڕەی بەڵێنیدا بوو.

هەر لەسەر ئەم بەڵێنە حكومەتی هەرێم پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا بەرەو ئاڵۆزی‌و لێكدابڕان برد‌و بڕیاریدا سەربەخۆ نەوت بفرۆشێت، كە ئەوەش بەرهەمەكەی بڕینی بودجە‌و موچەی خەڵكی كوردستان بوو لە ساڵی 2014 دا، كە ماوەی پێنج ساڵ خەڵكی كوردستان كەوتە قەیرانی داراییەوە‌و زیاتر لە سێ‌ ساڵ موچەخۆرانی ئەم هەرێم تەنها چارەكێك لە موچەكەیان‌وەرگرت.

هەر ئەوەندە نا، لەسایەی سیاسەتی سەربەخۆ فرۆشتنی نەوتی هەورامیدا ( كە زۆرێك لە هێزەكانی كوردستانیش كەوتنە ژێر كاریگەرییەوە‌و لە كۆبونەوەیەكدا لەهەولێر ئیمزایان بۆ كرد) هەرێمی كوردستان ئێستا لەسەروی 25 ملیار دۆلار قەرزدارە، كە نزیكەی 10 ملیار دۆلاری ئەو پارەیە موچەی فەرمانبەرانە‌و بڕەكەی تریش پارەی كۆمپانیا‌و بەڵێندەر‌و بانكەكانە.

ئاشتی هەورامی تەنها هەرێمی رووبەڕووی ئەو قەرزە زۆرە نەكردۆتەوە، تەنانەت ئەم هەرێمەی رووبەڕووی شەرمێكی گەورە كردۆتەوە، كاتێك لە دادگا نێودەوڵەتیەكان چەند ملیار دۆلارێكی بە كۆمپانیا نەوتیەكان دۆڕاندوە " دۆسیەی دانەغاز" نمونەیەكی دیارە، كە سەرەڕای ئەوەی نزیكەی 2 ملیار دۆلاری بەم كۆپانیایە دۆڕاند، دواتریش لەگەڵی رێكەوت، ئەرێ‌ بەراست ناكۆكی هەورامی‌و‌وەزارەتەكەی لەگەڵ ئەم كۆمپانیایە بۆ؟ رێكەوتنەوە لەگەڵیدا بۆ؟

بەداخەوە ئێمەی كورد زۆر جار بەسۆزەوە بۆ شتەكان دەڕوانین، تەنها لەبەر ئەوەی دەبینین هەورامی چەند چەمكێكی تایبەت بە پیشكەی خۆی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا روبەروی رۆژنامەنوسێكی نا تایبەتمەند دەكاتەوە ئیتر پێمانوایە هەورامی نمونەی نیە.

ئەزمونی كاری هەورامی پێمان دەڵێت، رۆژێك زوتر ئەم ‌وەزارەتەی لێوەربگیرێتەوە شكستێك كەمتر رووبەڕووی خەڵكی كوردستان دەبێتەوە

بەڵێ‌ نمونەی هەورامی كەمە بۆ ئەو گروپە لە دەسەڵاتدارانەی هەرێم كە لەسایەی سیاسەتی نەوتی ئەم پیاوەدا بون بە ملیار دێر‌و ملیۆنلێری دۆلار، بەڵێ‌ نمونەی هەورامی كەمە بۆ ئەو‌وڵاتانەی كە خاوەنی دڵۆپێك نەوت نین‌و لەخەڵكی كوردستان زیاتر سود مەندی نەوتی كوردستانن، بەڵێ‌ نمونەی هەورامی كەمە بۆ ئەو كۆمپانیایانەی كە لە دۆسیەیەكی دادگایدا سەدان ملیۆن دۆلار دەبەنەوە، نمونەی كەمە بۆ ئەو كۆمپانیایانەی سێ‌ بەرامبەری عێراق سود لە نەوتی هەرێم دەبینن.

ئەرێ‌ بەراست كە ئێمە چوینە سەر نەخشەی نەوتی جیهانی، چی لە ژیانی خەڵكی كوردستان گۆڕا؟ كەرتی كشتوكاڵ‌و پیشەسازی هەرێم لەسایەی فرۆشتنی نەوتی كوردستاندا چەند گەشەی كردوە؟ 

بەڕێز هەورامی‌و هەموو خەڵكی كوردستانیش باش دەزانن ئێستاش مانگێك لە بەغداوە موچە نەیەت، خەڵكی كوردستان چارەگە موچەكەی رابردوش ‌وەرناگرن.

ئەزمونی كاری ئەم پیاوە پێمان دەڵێت، رۆژێك زوتر ئەم ‌وەزارەتە لەم پیاوە بسەنرێتەوە، شكستێك كەمتر روبەروی خەڵكی كوردستان دەبێتەوە.

بۆیە یەكەم شكستی كابینەی نوێ‌ لەو كاتەوە دەستپێدەكات كە تێیدا هەورامی بە‌وەزیری سامانە سروشتیەكان دابنرێتەوە، با چاوەڕێ‌ بكەین بزانین مەسرور بارزانی دەتوانێت هەورامی تێپەڕێنێت، یان ئەویش پێویستی بە هەورمی‌و هاوشێوەكانیەتی؟! 




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە