عێراق لەنێوان ئەمریكا و ئێراندا كامیان؟

نەوزادی موهەندیس


•لەم قۆناغی ململانێ توندەی نێوان ئەمریكا و ئێراندا،عێراق لە هەموو وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش لە پێگەیەكی زۆر هەستیار و ئیحراجیدایە و زۆر سەختە بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدات كە كامیان هەڵببژێرێت لەنێوان لایەنگری تەواو بۆ ئێران یان ئەمریكا.چونكە عێراق هەرچەندە وڵاتێكی خاوەن سیادە و سەروەری و سنوری نێودەوڵەتی خۆیەتی و خاوەن بەناو پەڕلەمان و حكومەت و دامودەزگا شەرعیەكانی حوكمڕانیە،بەڵام لە ئێستادا توانا و هێز و پێزی ئەوەندەی نیە كە ببێتە خاوەن بڕیارێكی عێراقیانەی سەربەخۆ ،جا هەر وڵاتێكیش كە لە ڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنیەوە بەهێز و توانای پێگەیەكی حساب بۆكراو نەبوو ناشتوانێت ئازادانە بڕیارەكانی خۆی بدات و تەنانەت بەرژەوەندیەكان و سیادە و سەروەری وڵاتەكەشی بپارێزێت.

لە ئێستادا عێراق لە پێگەیەكی هێندە بەهێزدا نیە كە بتوانێت بە ئێران و ئەمریكا بڵێت بوەستن و چیتر ململانێ‌ لەسەر خاك و گەلانی عێراق مەكەن و ململانێكانتان بەرنە دەرەوەی سنورەكانی عێراق

•ئەوەی ئاشكرایە عێراق وڵاتێكی دراوسێی مێژوویی ئێرانە و بەدرێژایی ئەو دراوسێیەتیش هەمیشە لەجەنگ و ململانێدا بونە و هیچ كات وەك دوو وڵاتی دراوسێی باش ڕێزیان لە سیادە و سەروەری یەكتری نەگرتوە،بەتایبەتی ئێران هەمیشە چاوی تەماعی بڕیوەتە عێراق و هەوڵی داگیركردنی داوە لە كۆن و نوێدا و ویستویەتی لەڕێگەی عێراقەوە وەك دەروازەیەك بچێتە ناو كۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامیەكانی ناوچەكەوە بەتایبەتیش وڵاتانی كەنداو و سوریا و..هتد.بۆیە تۆمار و مێژوویەكی ڕەشیان پێكەوە هەیە. دواترین جەنگیش جەنگی 8ساڵەی نێوانیان بوو، لەئێستاشدا و لەدوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی صدامیەوە لەساڵی 2003وە ئێران بەئاشكرا و بەنهێنی  و ڕاستەوخۆ خۆی و هێزەكانی یان ناڕاستەوخۆ لەڕێگەی دەستوپێوەندەكانیەوە لەسەركردە و حیزب و میلیشیا سیاسی و چەكدارە شیعەكانەوە دەستیوەرداوەتە كاروباری عێراق و ململانێیەكی توند دەكات لەگەڵ ئەمریكادا بۆ ئەوەی نفوز و هێز و دەسەڵات و پاوانخوازی خۆی لەناوچەكەدا فراوان بكات و مەزهەبی شیعە و شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی هەناردەی وڵاتانی ناوچەكە بكات و خۆی بكاتە دەمڕاست و گەورە و ڕیشسپی وڵاتانی ناوچەكە و بەمەش جێگە و پێگەیەكی سیاسی و ئابوری و ئەمنی لەناوچەكەدا دژ بەبەرژەوەندیەكانی ئەمریكا و ئەوروپیەكان و زلهێزەكانی دونیا بۆخۆی مسۆگەر بكات و لەهەوڵی گەرموگوڕیشدایە بۆ وەدستهێنانی چەكی ئەتۆمی.بەم شێوەیە ئێران نفوز و كاریگەری گەورەی خراپی لەسەر عێراق و عێراقیەكان داناوە لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنی و كۆمەڵایەتیەوە و تەنانەت دانان و لابردنی سەرۆك كۆمار و سەرۆك وەزیر و كاربەدەستەكانی تر لە سیاسی و ئەمنیەكانیش بەدەست ئەوە،و ئێران بەهەموو توانایەكیەوە ڕۆچۆتە ناو تەواوی جومگە گرنگەكانی بڕیاردانی عێراقەوە و بەمەش عێراقی خستۆتە خولگەی خۆیەوە و ناتوانێت لێی دەربچێت.

•هەرچی ئەمریكاشە وەك زلهێزێكی دونیایی و ڕزگاركەری عێراق و پاڵەوانی عێراقیەكان بەتایبەتی سونە مەزهەبەكان و كورد و ئەوانی تر جگە لە شیعەكان لێی دەڕوانرێت و پێیان باشە بوون و دەسەڵات و هەژموونی هەبێت لە عێراقدا لەلایەك بۆ پارێزگاریكردن لە عێراق لە تیرۆریستان و لەلایەكی تریشەوە بۆ پاراستنی لە كەوتنە ژێر هەژموونی ئێرانی فارسەوە بەتەواوەتیو لەلای سێهەمیشەوە بۆ ڕێگەگرتن لە هەژموونی زۆرینەی شیعەكان لە دەسەڵاتدا،هەرچەندە ئەمریكاش لە پێناو بەرژەوەندیە سیاسی و ئابوری و ئەمنیەكانی خۆی و هاوپەیمانەكانی لەناوچەكەدا عێراقی گەرەكە و دەیهەوێت پێگەیەكی بەهێزی هەبێت، چونكە عێراق خاوەن یەدەگێكێكی نەوت و غازی سروشتی زۆر وزەوەندە و پێگەیەكی جیۆسیاسی گرنگی هەیە لە باكوری وڵاتانی كەنداوی عەرەبیەوە كە هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمریكان و هەرواش لەڕابووردوودا دوژمنێكی سەرسەختی ئیسڕائیلی هاوپەیمانی زۆر دەلالی ئەمریكا بوە ،بۆیە ئەمریكا گەرەكێتی بەهەر نرخێك بوە عێراق لە خولگەی ئێران دەربهێنێت و بیكاتە دۆست و هاوپەیمانێكی گوێڕایەڵی خۆی  لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندیەكانی خۆی و هاوپەیمانەكانیشی.ئەمریكا لە ئێستادا نزیكەی 50 هەزار سەربازی هەیە لە عێراقدا و تەواوی ئاسمان و دەریاشی كۆنتڕۆڵكردوەو بەوپەڕی چەكی تەكنەلۆژی نوێوە ململانێ‌ لەگەڵ ئێراندا دەكات.گەرەكێتی بەپلەی یەكەم ئێران نەبێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و لەو پێناوەشدا گەمارۆی توندی ئابوری بەسەردا سەپاندوە و گەرەكێتی لەڕێگەی وەستاندن و سفركردنەوەی هەناردەكردنی نەوتەكەیەوە ژێرخانی ئابوری ئێران دابڕمێنێت كە بە شادەماری ژیان و پێشكەوتن و خۆشگوزەرانی ئێران دادەنرێت.

عێراق ناتوانێت دەست لە هاوكاری و یارمەتی و پشتیوانی و دۆستایەتی هیچ كام لەئێران و ئەمریكا هەڵبگرێت و لە پێگەیەكی بەهێزیشدا نیە كە بتوانێت میانگیری لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا بكات 

•پرسیارەكە ئەوەیە ،لەم نێوەندە پڕ بارگاوی و هەژمووون و ڕاكێش ڕاكێشی ئێران و ئەمریكادا عێراق دەتوانێت چی بكات؟چۆن بڕیار بدات؟بەرژەوەندی لەگەڵ كام لادایە؟ و دەیان پرسیاری تریش.

ئەوەی ئاشكرایە وەك پێشتر باسمان كرد  لە ئێستادا عێراق لە پێگەیەكی هێندە بەهێزدا نیە كە بتوانێت بە ئێران و ئەمریكا بڵێت بوەستن و چیتر ململانێ‌ لەسەر خاك و گەلانی عێراق مەكەن و ململانێكانتان بەرنە دەرەوەی سنورەكانی عێراق. هەربۆیە ئەوەندەی پێی دەكرێت دەبێت پەیوەندیەكی هاوسەنگ لەنێوان هەردوولایاندا دروستبكات كە تیایدا بەرژەوەندیەكانی عێراقی تیادا پارێزراو بێت،چونكە ناتوانێت بە ئێرانێكی دراوسێی بڵێت نا كە لە مێژە دراوسێیەتی و بە حوكمی مێژوو و جوگرافیا ناتوانێت لێی دووربكەوێتەوە و هەردەبێت بە دیفاكتۆ پەیوەندی و دراوسێیەتی باش و ڕێزگرتنی هەردوولا درێژە بەپەیوەنیەكانی خۆی بدات لەگەڵ ئێراندا،لەگەڵ ئەمریكاشدا هەرچەندە نەدراوسێی یەكترن و نە خاك و نە سنوریان پێكەوەیە،بەڵام بەهۆی ئەوەی ئەمریكا زلهێزێكی دونیاییەو هەژموونی سیاسی و ئابوری و ئەمنی گەورەی بەسەر دونیاوە هەیە و بەتایبەتیش وڵاتانی ناوچەكە و هەرواش ڕزگاركەری عێراقە و ماوەی 16 ساڵە عێراق دەپارێزێت و قوربانیشی بۆ دەدات ،عێراق ناتوانێت هەموو ئەم چاكانەی ئەمریكا لەبەرچاو نەگرێت و لەچاوتروكاندنێكدا هەموانی سفر بكاتەوە و پێی بڵێت خواحافیزتان بێت،كە هەرچەندە نە ئەو بوێریە سیاسیە و نە ئەو توانا ئابوری و ئەمنیەشی هەیە.چونكە ئەمریكا نەك عێراق لەتەواوی وڵاتانی ناوچەكەدا خاوەن بەرژەوەندی ستراتیژی و گەورە و گرنگە و خاوەن بڕیاریشە بە خۆشی بێت یان بەجەنگ دەتوانێت پلان و سیاسەتەكانی خۆی پیادە بكات. هەربۆیە باشترین ڕێگە و چارەسەری سیاسی  بۆ عێراق مامەڵە كردنێتی لەگەڵ ئەمریكادا وەك دوو وڵاتی دۆست و لێكنزیك و خاوەن بەرژەوەندی بەستراوە بەیەكەوە ، هیچ عەیبەكیش لەمەدا نیە چونكە زۆر وڵاتانی تر كە لەعێراق زۆر خۆیان بەبەهێزتر دەبینن لەهەموو ڕوەكانەوە پێویستیان بە ئەمریكا و هاوكاریەكانی هەیە و ملكەچییان بۆ دەبڕیوە وخواخوایانە ئەمریكا تەنها سڵاویان لێبكات نەك دۆستایەتیشیان بكات،هەربۆیە دۆستایەتی ئەمریكا بۆ عێراق بۆ دەیان ساڵی تر گرنگە لانی كەم تا ئەوكاتەی عێراق هێز و توانای ئەمنی و سیاسی و ئابوری خۆی بەدەستدێنێتەوە و دەتوانێت بڕیاری سەربەخۆی خۆی بدات.

•بەم شێوەیە عێراق ناتوانێت دەست لە هاوكاری و یارمەتی و پشتیوانی و دۆستایەتی هیچ كام لەئێران و ئەمریكا هەڵبگرێت و لە پێگەیەكی بەهێزیشدا نیە كە بتوانێت میانگیری لە نێوان ئەمریكا و ئێراندا بكات بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارە و ڕێكەوتن و هەڵنەیسانی جەنگ و توندنەكردنەوەی ململانێكانیان،چونكە هەمیشە میانگیر یان دادوەر دەبێت لانی كەم وەك دوولایەنی كێشەكە پێگەی بەهێزی هەبێت و هەردوولاش گوێڕایەڵی  بكەن،كە بەداخەوە عێراق لەم قۆناغەدا نە هێندە بەهێزە و نە ئەوانیش گوێی بۆ دەگرن و بگرە زۆربەی ململانێكانیشیان لەسەر ئێستا و ئایندەی عێراقە لەڕووی سیاسی و ئابوری و ئەمنیەوە،هەربۆیە عێراق بیەوێت یان نا بۆتە بەشێك لە ململانێكان و لەهەمان كاتیشدا قوربانیەكی بەردەوامی بێچارەشە، كە تەنها ڕێگا لەبەردەمیدا بریتیە لە دۆستایەتی هەردوولا و درێژەپێدان بە پەیوەندیەكانی و ڕاگرتنی هاوسەنگی لەنێوانیاندا بەبەرژەوەندی گەلان و خاكی عێراق و پاراستنی ئەو سیادە و سەروەریەی گەر بەناویش بێت هەیەتی،گەر لایەنداری بۆ لایەكیان بكات ئەوا بەخراپترین شێوە دەشكێتەوە بەسەریدا و زیان و ماڵوێرانی گەورەتر بەسەر عێراقدا دەهێنێت و بۆ دەیان ساڵی تر عێراق گیرۆدەی ململانێ‌ ناڕەوا و نابەرامبەرەكان دەكاتەوە و ئەوكاتیش تەنها و تەنها گەلان و خاكی عێراق زەرەرمەندی گەورە دەبن.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە