عێراق لە هاوینێکی گەرم و تاریکدا ، ئەمریکا چۆن جەنگ بەرپا دەکات ؟

هونەر تۆفیق

 

لەسەرەتاوە باشترە لە چۆنیەتی هەڵگیرساندنی جەنگی ئەمریکایی تێبگەین ! ئەمریکا هیچ کات بەبێ گەلەکۆمەکی ( تحشد) و هاوپەیمانی دروستکردن بۆ جەنگ، بەشداری جەنگ ناکات . مێژووی جەنگەکانی ئەمریکا لە هیچکامیاندا بەبێ هاوپەیمانی گەلەکۆمەکی بەشداری نەکردووە . هەرچەند هێز و توانای سەربازی ئەمریکا سەدان جار لە سوپاکەی سەدام حسەینی عێراق باڵاتربوو ، بەڵام لەهاوپەیمانیەکی نێودەوڵەتیدا کە لە دەیان وڵات سازیدابوو جەنگەکەی بەرپاکرد وهێرشی کردە سەر عێراق و سەدام حسەینی لە دەستەڵات خست . 

بۆ هەر جەنگێک ئەمریکا پێویستی بە دوو جۆر شەرعیەت هەیە ، یەکێکیان شەرعیەتی ناوخۆیی یە کە خەڵکی ئەمریکا و کۆنگرێس پەسەندی دەکەن . شەرعیەتی دووەمیان دەرەکی و نێودەوڵەتیە ، بۆ ئەوەی رووبەڕوی لێپێچینەوە و تاوانبارکردنی یاسایی نەبێتەوە . 

بڕیاری جەنگ لە ئەمریکادا بڕیارێکی قورس و زەحمەتە، چونکە دەستەڵاتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ بەکارهێنانی هێزە سەربازیەکان لە ٣٠ ڕۆژ زیاترنیە . لەو ماوەیە زیاتر لە دەستەڵاتی کۆنگرێسدایە .

بونی دەوڵەتێکی ئیسلامی وەک ئێران بۆ بەڵانسکردنی سعودیە بۆ ئەمریکا پێویستە

وەکو تر بەشێکی سەرەکی دەنگدەرانی دۆناڵد ترامپی سەرۆکی ئەمریکا ،بەپێ ی ئەو بەڵێنانە دەنگیان بە ترامپ داوە کە دەیگوت چی دیکە نابێت ڕۆڵە ئەمریکاییەکانمان وەکو سەرباز لە دەرەوەی وڵاتدابن . پەیمانی بە خەڵکی ئەمریکادا کە ئەو سەربازانە بگەڕێنێتەوە ناو خێزانەکانیان . لەبەر ئەوە هەر جەنگێک ترامپ بەرپای بکات ، بەر لەوەی سەرکەوتن بەدەست بهێنێت ، لە ئەگەری هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی ئەمریکادا کەسی ترامپ و پارتی کۆماریەکان دۆڕاندنی هەڵبژاردنەکە لە ئێستاوە مسەوگەر دەکەن . 

ئایا ئەمریکا و ئێران دەجەنگێن ؟

شەڕی ساردی نێوان ئێران و ئەمریکا تەمەنی چل ساڵ دەبێت . لەماوەی ئەم چل ساڵەدا ئەو دوو وڵاتە بەهەموو گەرمیەکانی گوتاری دژ بەیەکیان لەو شەڕە ساردەدا بڕیاریان نەداوە ڕاستەوخۆ ڕووبەڕووی یەکتر ببنەوە. 

لە دیدی ستراتیژی ئەمریکاوە لە سەردەمی هێزی عێراقی سەدام حسەیندا، دۆڕاندنی ئێران، بەهێزبوونی سەدام حسەین بوو، کەنەدەبوو ڕووبدات. 

لە ئێستاشدا سەرباری هەموو زیادەڕوەوی و سەرکێشیەکانی ئێران لەناوچەکەدا ، کەوتنی ئێران دەکاتە بەهێزبوونی یەک جەمسەرەی سعودیەی عەرەبی و تورکیای ئیخوانی . ئەمریکا چەندە لەگەڵ مانەوەی سعودیەدایە ، ئەوەندەش نیگەرانە لە بەهێزبوون و تاک جەمسەربوونی سعودیە لەناو جیهانی ئیسلامیدا، بەتایبەتی میسر کە رۆڵی هێز و بەڵانسی لەبەرانبەر سعودیەدا لەدەستداوە، تورکیاش ناتوانێت تاسەر نوێنەرایەتی دنیای ئیسلام بکات، بەپێ ی دەستورە عیلمانیەکەی ئەو وڵاتە و ئەگەری هەڵنەبژاردنەوەی پارتی دادوگەشەپێدان لە تورکیادا . 

بونی دەوڵەتێکی ئیسلامی وەک ئێران بۆ بەڵانسکردنی سعودیە بۆ ئەمریکا پێویستە ، بەڵام بەم سەرکێشیانەوە نا کە لە سوریا و لوبنان و فەڵەستین و عێراق و یەمەندا دەیکات دژ بە ئەمریکا و ئیسرائیل .

ڕوسیا بۆچی بێدەنگە ؟

لە ڕوسیای سەردەمی حوکمڕانی پوتیندا ، بچوکترین جوڵەی ئەمریکا لە ژێر چاودێریدایە و وەڵام دەدرێتەوە. بەتایبەتی لەو وڵاتانەدا کە هاوسێ و هاوسنووری روسیان وەکو ، ئۆکراینا ، پۆلۆنیا، جۆرجیا .. هتد . لە دووریشەوە روسیا بەرەنگاری باڵادەستبوونی ئەمریکا دەکات لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا لەڕێگای بەشداری ڕاستەوخۆی سوپای ڕوسیا لە سوریادا ، هەروەها ڕاکێشانی تورکیا لەناو ناتۆوە بۆ هاوپەیمانی ڕوسی یان باشترە بگوترێت هاوپەیمانی ئەستانە ( روسیا، ئێران، تورکیا ) بەڵام لەبەردەم ئەو هەڕەشە توندانەی ئێستای ئەمریکادا بۆسەر ئێران کە هاوسنوورە بە ڕوسیاوە ، مۆسکۆ بێدەنگە و هیچ جۆرە گوتارێکی ئاشکرای سیاسی یان سەربازی روسی بەدی ناکرێت !!

ناکرێت ئەمە بە پشتکردنە ئێران لەلایەن ڕوسیاوە لێکبدرێتەوە چونکە تێکچوونی دۆخی ئەمنی و سیاسی ئێران بۆ ڕوسیا دەکاتە بومەلەرزەیەکی مۆسکۆ هەژێن لەلایەن ئەمریکاوە . کەواتە بۆچی ڕوسیا بێدەنگی هەڵبژاردووە ؟

هاوینێکی گەرم و تاریک لە عێراقدا ؟

روسیا لەوە دڵنیایە ئەگەری جەنگی ڕاستەوخۆی ئەمریکی و ئێرانی دوورە لە ڕوودانەوە . بەڵام نیگەرانیش نیە لە گواستنەوەی ئەو جەنگە بۆ ناڕاستەوخۆ لەنێو خاکی عێراق و سوریادا . ئەم هاوینەی عێراق ئەگەر جەنگە ئێرانی - ئەمریکیەکەشی تیادا بەرپا نەبێت ( بەوەکالەت ) ئابڵۆقە ئەمریکیەکە بۆسەر ئێران توشی هاوینێکی گەرم و تاریکی دەکات .

ئەگەر سیاسەتێکی دروست و باڵانسکار لەهەرێمدا پەیڕەونەکرێت، غازی هەرێم دەتوانێت ئەڵتەرناتیڤی غازی ئێرانی بێت بۆ عێراق تا کارەباکەی پێ دابین بکات

عێراق بەپێ ی کڕینی غاز و کارەبای ئێرانی بایی ٥٠٠٠ میگاوات کارەبا لە ئێرانەوە دەکرێت . مەرجی ئەمریکاییەکان بۆ بەردەوامی کۆمەک و پشتیوانی ئەوان بۆ عێراق ، بڕینی پەیوەندیە سەربازی و بازرگانیەکانیانە لەگەڵ ئێراندا کە غاز و کارەباش دەگرێتەوە . بڕینی ٥٠٠٠ میگاوات کارەبا و نەبونی چارەسەرێکی خێرا بۆ ئەو گرفتە حکومەتی عێراقی لەم هاوینەدا توشی شڵەژان و توڕەیی خەڵک دەکاتەوە . پێدەچێت سوڕێکی تر لە جەنگی ناوخۆی سونە و شیعە ، شیعە و شیعە و کورد و عەرەب دەستپێبکاتەوە کە هەریەک لە ئەمریکاو ئێران بەشداری ناڕاستەوخۆی تێدادەکەن . 

ئەمریکا بەهەموو توانایەوە هەوڵی دروخستنەوەی جەنگی ئیسرائیلی لەگەڵ جیهانی ئیسلامدا دەدات . بەریەک کەوتنی ڕاستەوخۆی ئەمریکا و ئێران ، تێوەگلانی ئیسرائیلیش لەو جەنگەدا لە ڕێگەی سوریاوە دژ بەئێران، هەستی موسڵمانبوونی دنیای ئیسلام دەبزوێنێت کە ئیسرائیل بە دوژمن و ئێران بەدۆست بناسرێت . ئەم مەترسیە هۆکارە بۆ دوورخستنەوەی ڕووبەڕوو بونەوە لەگەڵ ئێراندا لە سوریادا . بۆیە چەقی ململانێ و جەنگەکە دەخەنەوە ناو عێراقەوە کە ئەگەری بەشداری هیچ لایەنێکی دەرەکی تێدا نەبێت جگە لە ئێران و ئەمریکا خۆیان بە تەنیا . 

هەرێمی کوردستان لەناو هاوینە گەرمەکەی عێراقدا !؟

پێدەچێت پێگەی سیاسی هەرێم لەناوچەکە و جیهاندا بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێچ ڕیفراندۆمەکەی ٢٥ ی ئەیلول. بەڵام قەیرانی داراییەکەی سەختتر دەبێت لە ساڵی ٢٠١٦ . بێلایەنی هەرێم لەو جەنگەدا ناکاتە بەهێزبوونی ئابووریەکەی . ئەگەر سیاسەتێکی دروست و باڵانسکار لەهەرێمدا پەیڕەونەکرێت، غازی هەرێم دەتوانێت ئەڵتەرناتیڤی غازی ئێرانی بێت بۆ عێراق تا کارەباکەی پێ دابین بکات، هاوکات لەبەرانبەر پێدانی غازدا، هەرێم بەشێک لەسەربەخۆیی شەفافانەی نەوتەکەی بۆ داهاتی ناوخۆی بە ڕەزامەندی بەغدا مسەوگەربکات. بەڵام لەناو ئەم گێژاو و بەربەستە سیاسیانەی لەهەرێم و عێراقیشدا دەگوزەرێت پێناچێت کورد توانای دروستکردنی هێزی بەڵانسی هەبێت کە سەرچاوەکەی لە بێلایەنیەوە دروست دەبێت .




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە