ئیتر قسە ئەكەم(٤)

عەبدولڕەزاق شەریف

بەشی چوارەم

دوای سەردانەكانی پارتی‌و دوا سەردانی فوئاد حسێن، ئیتر ئەوان دڵنیابون لەوەی كە "نەخێر" بۆ مانەوەی مەسعود بارزانی لە سەرۆكایەتی هەرێم، دوا قسەی كاك نەوشیروانە، چونكە چەندجارێك وتبویان ئەگەر تۆ وەڵامەكەت "بەڵێ" بێ، مەسەلەی یاسا‌و پەرلەمان‌و دەسەڵاتەكانی بۆ ئێمە جێ بهێڵە. بەدوایدا، مەسەلەی دادگایكردنی كاك نەوشیروان‌و تۆمارێكی دەنگی ئەویان لە راگەیاندنەكانەوە وروژاند، دواتر بە رەسمی دەعوایان لە ئاسایشی هەولێرو بەیاسای بەرەنگاربونەوەی تیرۆر، لەسەر تۆماركرد، لەگەڵیدا بەڕێوەبەرایەتی دژە تیرۆر كە سەربە ئاژانسی پاراستن‌و شەخسی مەسعود بارزانییە، تەبلیغی ئامادەبونی بۆ نارد، ئازاد چۆمانی وەك وەكیل‌و پارێزەری یاسایی كاك نەوشیروان، لە نزیكەوە ئامادەی دادگا‌و چاودێری پرۆسەكەی ئەكرد. چەند كاسێت‌و تۆمارێكی دەنگ‌و رەنگیشیان بە گشت سەفارەت‌و كونسوڵخانەكاندا بڵاوكردەوە.

هەفتەی یەكەم كەسمان لەو بڕوایەدا نەبوین پارتی ئەو مەسەلەیە بە گرنگی وەربگرێ، لەو ماوەیەشدا گشت نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە لە عێراق‌و هەرێمی كوردستان بەچڕو پڕی سەردانی كاك نەوشیروانیان ئەكرد.

پێشتر كاك نەوشیروان زۆر بە دەگمەن پێشوازی‌و كۆبونەوەی لەگەڵ بیانییەكاندا ئەكرد، هەمیشە ئەیوت كورد بە مێژوی خۆی میللەتێكی كەسایەتی تێكشكاوە، سەركردەكانی كورد لەجیاتی راستكردنەوەی، بە تەشەبوس‌و میوانداری بێگانە، ئەوەندەی تر ئەم تێكشكانەیان لای كورد بەرجەستە كردوە، ئەركی گۆڕان‌و سەركردایەتی كورد ئەوەیە، شكۆ بۆ ئەو كەسایەتییەی كورد بگەڕێننەوە، ئەو وشەی "دیگنتی- Dignity" بەرامبەر ئەو شكۆیە بەكارئەهێنا‌و ئەیوت من لەبەر ئێوە كە رێكخەری گشتیم نایان بینم، بڕۆن ئێوە بیان بینن، هەندێ نمونەی مام جەلال‌و مەسعود بارزانیشی لەوبارەیەوە باس ئەكرد.

لەو رۆژانەی مەسەلەی مەحكەمەكەدا، بیانییەكان بە فرسەتیان زانی، بەچڕوپڕی سەردانی كاك نەوشیروانیان ئەكرد، ئەویش وەك وەڵامێكی ناڕاستەوخۆ بۆ درۆو دەلەسەكانی پارتی رەتی نەئەكردەوە. جارێ بە فرسەتم زانی‌و لێم پرسی:

-        كاكە ئەو میوانە بیانیانە هیچ كاتێ باسی ئەو تۆمارە دەنگیانە‌و دەعواكەی پارتی ناكەن؟
-        هەتا ئێستا نە ئەوان‌و نە من لە هیچ دانیشتنێكدا باسمان نەكردوە.
هەر لەو ماوەیەدا وەفدێكی باڵای جمهوری ئیسلامی لە تارانەوە هاتنە لای‌، ئەوانیش خۆیان لەو باسە نەدا.

چەند جارێ لە مەترسییەكانی ئەو دادگایەی پارتی قسەم كرد‌و كاك نەوشیروان لای گرنگ نەبو، بەڵام لە هەفتەی یەكەمی حوزەیرانی ئەو ساڵەدا لەسەر ناوەرۆكی دەعواو تەبلیغەكەی پارتی، من‌و شۆڕش حاجی بانگ كرد، ئازاد چۆمانی بە فایلێكەوە لەو كۆبونەوەیەدا بو، داوای لە ئازاد كرد ناوەڕۆكی دەعواكەمان بۆ باس بكات.

"چەند بەڵگەیەك بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتە لە فایلەكەدایە، چوار بۆ پێنج تۆماری دەنگیی‌و وێنەیی پشتڕاستی ئەكاتەوە، بڕین‌و مۆنتاژی پێوە دیارە. دو ئەندامی جڤاتی نیشتمانی خۆیان لەبەردەمی حاكم وەك شایەت ئیفادەیان لەسەر ئەو بەڵگانە داوە‌و ئیمزایان كردوە"، ئازاد لەگەڵ قسەكانیدا كاغەز‌و نوسراوەكانی ئەمدیو و ئەودیو پێ ئەكرد، كاك نەوشیروان وتی:

-        تۆ چیت پێ ئەكرێ؟
-        ئێمە لە هەنگاوی یەكەمدا هەوڵئەدەین دەعواكە بۆ سلێمانی بگوازینەوە، داواش ئەكەین ئەو شایەتانە بە نهێنی نەمێننەوە‌و بێنە بەرەوڕو، هەرچەندە ئەمەی دوەمیان قورسە‌و رەنگە شایەتەكان لە پیشتی پەردەوە ئامادەبن، بەڵام ئەكرێ دەعواكە بگوازینەوە بۆ سلێمانی.

كاك نەوشیروان هیچ ئومێدكی لەسەر قسەكانی ئازاد هەڵنەچنی‌و روی لە ئێمە كرد‌و وتی:
-        لە ئەمڕۆوە چیمان پێ بكرێت ئەیكەین.
هەڵچون‌و توڕەبونێكی زۆر بە رویەوە دیار بو، هەرسێكمان رامان وابو چاوەڕێ بین تا ئەو پێنجشەمەیەی كە ئازاد ئەڵێ دەعواكە بۆ سلێمانی ئەگوێزینەوە. قسەكەی ئێمەی قبوڵ كرد‌و وتی؛ باشە بزانین پێنج شەممە چی روئەدات.
چەند رۆژێك‌و لە نیوەڕۆی پێنج شەممەی ئەو هەفتەیەدا، ئازاد چۆمانی بە هەڵەداوان لە هەولێرەوە گەیشتە سلێمانی، وەك هەفتەی پێشو من‌و شۆڕش حاجی بانگكردەوە‌و وتی؛ گوێ لە ئازاد بگرن.
-        چیتر هیچ هەوڵێك سودی نیە، لە جیاتی وەڵامی داواكەی ئێمە بۆ گواستنەوە، ئەمڕۆ ئەم فەرمانی دەستگیركردنەیان پێداوم.
ئازاد وای وت‌و بەدوایدا كاك نەوشیروان من‌و شۆڕش حاجی راسپارد:
-        48 سەعات‌و بڕۆن شەخسی مەسعود بارزانی لە میدیاوە بكەن بە ئامانج، باس لە پارتی‌و كەسی تری ناو پارتی مەكەن، ئازاریان بدەن. 

بەش بە حاڵی خۆم لە چەندین وێستگەی نالەباری سیاسی‌و شەخیدا ئەو پیاوەم بینیوە، دوجاریان لە نزیكەوە‌و لە كەشفبونی خیانەتی گەورەی دو پێشمەرگەی دەستەكەی خۆیدا، كە هەوڵی كوشتنیان دابو، لەگەڵیدا بوم، هیچ جارێكیان هێندە توڕەو بێزار نەمبینی بو، بیرم ئەكردەوە ئەندازیاری یەكەمی ئەم حكومەتەی هەرێمە كە هەمو تەمەنی لەپێناوی كورد‌و شۆڕشەكەیدا دانا، ئێستا لە دادگای ئەو حكومەتەوە فەرمانی دەستگیركردنی بە خراپترین تۆمەت بۆ دەرئەكرێ، چ كارەساتێكە، حوكمی رەش‌و عەقڵی رەش لەم وێرانەیی نیشتماندا!

ئەو؛ كاری دادگا‌و كاردانەوەی پارتی لاگرنگ نەبو، كۆڵی خەم‌و بێزاریی ئەو سەروەختەی ئاشكرابونی ئەو دو ئەندامەی جڤات‌و وێنەگرتن‌و دزەپێكردنی ئەو تۆمارە ڤیدیۆیانە بو، بۆ یەكەمیان بەجیا، من‌و چەند كەسێكی بۆ دۆزینەوە راسپارد، ئێمەش هەمو هەوڵەكانمان لەچوارچێوەی (گومان) تێنەپەڕی‌و نەگەیشتینە بەڵگەی حاشاهەڵنەگر.

بەمدواییە‌و سەبارەت بە تۆمارە دەنگیی‌و وێنەییەكان هەندێ سەرەداوی ئاشكرا دەركەوتن، جارێكی تر لە سنورێكی بەرتەسكدا، داوای لێكۆڵینەوەم كرد، بەداخەوە لەبەر بەرژەوەندی تایبەت، پشتگوێ‌و دیزە بە دەرخۆنە كرا.

دەبێ خەڵكی كوردستان‌و هەمو ئەوانەی خۆیان بە پشتیوانی بیری نەوشیروان مستەفا دەزانن، پێبزانن كە:

یەكەم: دو ئەندامی جڤات وەك شایەتحاڵ لەدژی كاك نەوشیروان لە دادگا قسەیان لێوەرگیراوە.
دوەم: چەند كاسێتێكی تۆماریی ڤیدیۆیی كاك نەوشیروان لە فایلی دادگاكەی دژە تیرۆری پارتیدا هەیە.

سێیەم: عەلی حەمەساڵح لە پێش دوا كۆبونەوەی جڤاتی نیشتمانی‌و لەبەردەم هەمویاندا لە هەڵچونێكدا وتی: "دەنگ‌و رەنگی كاك نەوشیروانم تۆماركردووە كە باسی سەرۆكایەتی هەرێم دەكات‌و لە مۆبایلەكەمدا هەیە، كێ ویستی پیشانی ئەدەم". بەدوایدا، سەرەنجی یەكێك لە ئەندامەكانی جڤاتم بۆ ئەم قسەیە راكێشا، كە شارەزای كاروباری لێكۆڵینەوەی ئەمنی بو، ئەویش لای خۆیەوە بەسەرسوڕمانەوە قسەكەی وەرگرتبوو، بێدەنگ بوین‌و شەو بەنامەیەك سكرتێری جڤاتم لەو قسەیەی عەلی ئاگاداركردەوە‌و وتیشم؛ بیرتان نەچێت چەند كاسێتێكی ڤیدیۆیی لە دادگای هەولێرە. هیچ لێكۆڵینەوە نەكراو عەلی حەمەساڵح بە وتەیەك كە گوایە مەبەستی ئەوە بوە لە یوتوب‌و راگەیاندنەكاندا بڵاوكراوەتەوە، خۆی لێ دەرباز كرد، لەكاتێكدا ئەو بە ئاشكرا وتی؛ "خۆم وێنەم گرتوە‌و لە تەلەفۆنەكەی خۆمدایە‌و كێش ئەیەوێ پیشانی بدەم".

خۆشبەختانە پاش ماوەیەك گرتەیەكی ڤیدیۆیی تایبەتی كاك نەوشیروان لای (ئارام ئەحمەد)ەوە بڵاوكرایەوە، هەمان گرتەی ڤیدیۆیی بەشێوەیەكی كەمێك جیاواز، لە KNN بڵاوكرایەوە.

عەلی حەمەساڵح هاتەوە سەرخەت‌و بۆ پینەكردنی ئەو تۆمارە ڤیدیۆییانە رونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا وەك تێبینی دەنوسێت "چەندین بەڵگەی ڤیدیۆیی دیكەی كاك نەوشیروان هەیە باسی زۆر كەسایەتی سیاسی‌و چەند دۆخێك دەكات، بەئاگایی خۆیشی وێنە گیراوە، بەڵام ئەخلاقی سیاسیمان تائێستا رێگەی پێنەداوین هیچی بڵاوبكەینەوە".

بەم قسانەی عەلیدا ئاشكرا دیارە، كۆمەڵێك كاسێتی ڤیدیۆیی كاك نەوشیروان دەستاودەستی كردوە‌و كاك عەلیش تائێستا بڵاوی نەكردوەتەوە!
ئێستا هەمو ئەوانەی لە نزیكەوە لەگەڵ كاك نەوشیروان ژیاون‌و ناسیویانە، با بكەونە ژێر باری ئەم پرسیارەوە:

ئایا خوڵق‌و ئەخلاق‌و كەسایەتی كاك نەوشیروان ئەوە بوە رێگە بدا هیچ كەس وێنەی ڤیدیۆیی بگرێت لەكاتی ئاخاوتنی مەجلیس یان تەلەفۆن‌و پەیوەندیكردندا؟ ئەم چەندین بەڵگە ڤیدیۆییەی كاك عەلی باسی دەكا، لە كوێن‌و چەندیان ئەوانەی ناو فایلەكەی دادگای هەولێرن ؟ ئەی ئەم هەڕەشەی بڵاوكردنەوەیە لە كێیە‌و بۆ كێیە؟ کەمیش نین ئەو کەسانەی ئەو ڤیدۆیانەیان بینیوە و باسیانکردوە.

رۆژی دواتر عەلی بەپەلە نوسینەكەی لە واڵی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك سڕییەوە.
لەبەشی پێنجەمدا جێبەجێكردنی ئەو فەرمانەی كاك نەوشیروان وەكو خۆی بڵاوئەكەمەوە.

مردن‌و نەمری !
"پەنجا ساڵە‌و هەمو كارەكتەرە سیاسییەكانی بیری پێشكەوتوخوازی كورد لەم هەرێمەدا‌و یەك بەدوای یەكدا، كەوتن، هەندێ خۆیان ئەو مێژوەیان سڕیەوە، هەندێ ماڵ‌و مناڵ‌و هاوڕێكانیان كوژاندیانەوە، تەنیا كەسێ نەمرو بەپێوە مایەوە، نەوشیروان مستەفا بو، ئێستا موئامەرەیەكی گەورە لەسەر ژیانی خۆی‌و بیروباوەڕەكەی هەیە، ئەركی سەرشانی ئەم جڤاتی نیشتمانیەیە، كاك نەوشیروان‌و بیروباوەڕەكەی بە زیندویەتی بپارێزێت، مناڵەكانی، ئەركی رێكخراوەیی، هەر بوارێك ئارەزو دەكەن بەشێوەیەكی دەستوری بۆیان رێكبخەن، گۆڕان وەسیلەیە‌و ئەگەر زیندوبمێنێتەوە، دەیان گۆڕانی تر دروست دەبێ، بەش بەحاڵی خۆم گۆڕان بم یان نا، هەتا ماوم كار بۆ نەمری نەوشیروان مستەفا‌و بیروباوەڕەكەی دەكەم"، چەند مانگێ دوای مەرگی كاك نەوشیروان‌و لە كۆبونەوەیەكی جڤاتی نیشتمانیدا كە زیاد لە 50 ئەندام ئامادەی بون، ئەم قسەیەم بە دورودرێژتر پێوتن‌و بۆم رونكردنەوە، مەحزەری كۆبونەوەكانیش ماون.

ئەم رامان‌و روانینەم بۆ؟

 لە ئاپۆڕای خەڵك‌و گریان‌و فیزاحی ئەو بەیانییەی 19ی ئایار لە حەوشەكەی شوقەكانی گردی زەرگەتە، ئەم گروپەی ئێستای "خڕ"، لەبیری بڵاوەپێكردن‌و دورخستنەوەی خەڵكدا بون، هەموان‌و هەریەك بە بیانویەك، تەنانەت براو مناڵەكانی خۆشیان دورخستەوە، با هەریەك ئەو پرسیارە لەخۆی بكات، لە نەریت‌و ئەخلاقی كوردەواریدا بەگشتی‌و شاری سلێمانی بەتایبەتی مردو هەر كێ بێ‌و هەر كارە بێ، سەرما‌و تۆفان یان گڕەو گەرما بێ، ئاشتی‌و ئاژاوە بێ، شەو یان رۆژ بێ، كەسوكار‌و هاوڕێ نزیكەكانی تا ناشتنی لێی دورناكەونەوە، هەمو تۆمارە ڤیدیۆییەكان‌و شایەتەكان ماون، (یەك كەسم پێ بڵێن لە كەسوكار، ئەندامانی خانە، ئەندامانی هەردو جڤات لەگەڵ تەرمی نەوشیروان مستەفادا، لە ماڵەوە بۆ خەستەخانەی فاروق بەپێ یان بە ئۆتۆمبێل هاوڕێگەی بوبێ) دڵنیا بن كەسیان.

لێرەوە ئەتانگێڕمەوە بۆ دەیان حاڵەت‌و رەفتاری ئەم گروپەی "خڕ"‌و هەندێ لە بازرگان‌و چەند كەسێكی چاپلوسی دەوروبەری كوڕەكانی كاك نەوشیروان‌و چەندین قسەو بیرۆكە‌و بڕیاری مەترسیدار، كە لە هەمویاندا‌و لە سەرەتای ئازاری كۆستەكەدا، رۆژانە دەیاندەچڵەكاندم.

بە بڕیار‌و فەرمانی كۆپتەرەكەی سەید عومەر دەستی پێكرد‌و لە كۆبونەوەیەكی پەلەدا پێشنیاریان كرد كەس پارە وەرنەگرێت بۆ هاوكاری ئەم پرسەیە، بەداخەوە دواتر بیستم ئەم‌و ئەو پارەو هاوكاری هەتا كارتۆنە ئاویش بە سەدەقە وەرگیرابو، هێشتا چلەی نەچوبو، لە كۆبونەوەیەكدا، لیژنەیەكیان بەبیانوی نەبونی پارەوە بۆ گەڕان بەسەر دەوڵەمەندەكانی شاردا پێكهێنا، ناوی چیا‌و نما لەگەڵ ئاواتی شێخ جەناب بۆ ئەو لیژنەیە پێشنیاز كرا:

-        تكایە كوڕی كاك نەوشیروان لە مەسەلەی پارە‌و پارەكۆكردنەوەدا باس مەكەن.
من ئەمەم وت‌و سەید عومەر وتی:
-        ئەوان ئەزانن كێ هاوكاری باوكیانی كردووە.
بە بێزارییەوە هەستام‌و بەگوێی كاك عومەردا وتم:
-        كوڕی كاك نەوشیروان مەكەن بە دەسڕی سواڵ. خۆی بمایە ئەمەی قبوڵ ئەكرد؟!
من بە چپە ئەمەم وت‌و كاك عومەر بە دەنگی بەرز‌و بە توڕەبونەوە وتی:
-        ئێ چی بكەین، پارە بەوان ئەدەن‌و بەئێمەی نادەن.

حەمەتۆفیق بەئاشكرا ئەیوت كاتی ئەوەیە عوسمان‌و قادر دەربكەین، عومەر سەید عەلی دەستەواژەی "نوێنەری ماڵی كاك نەوشیروان"ی بۆ حەمەتۆفیق بەكارئەهێنا، جوامێری برازای كاك نەوشیروان لە هەفتەی یەكەمی پرسەكەدا لە كاروباری ژوری دیپلۆماسی دورخرایەوە، بەختیاری براو هاوڕێی 50 ساڵەی كاك نەوشیروان بێزارو دەبوغزێنرا، بەپەلەدەكردنی قەسامی شەرعی‌و قانونی كاك نەوشیروان‌و ئینتیقالی مەحكەمە‌و بەیاسایی‌و بەرەسمی دەركردنی كچە تاقانەكەی لەو پرۆسەیەدا، تاپۆكردنی هەمو مومتەلەكاتی گۆڕان‌و كاك نەوشیروان‌و گواستنەوەی بۆسەر هەردو كوڕەكەی، پشتیوانی‌و كاك عومەر‌و قسە بەناوبانگەكەی كە دەیوت" بەشكم ئەم تەعزێیە ببێتە عاملی خێر بۆ ئاشتبونەوەمان لەگەڵ پارتی"، ئەمانە‌و بەئاشكرا هەوڵی دورخستنەوەی نزیكەكانی كاك نەوشیروان وای كرد بەپەلە سێ گروپی جیاواز لە بزوتنەوەكەدا فەرز ببن. عوسمانی حاجی مەحمود، قادری حاجی عەلی‌و هاوڕێكانیان، عومەری سەید عەلی‌و تەكەتولە كۆنەكەی، كوڕەكانی كاك نەوشیروان‌و حەمەتۆفیق‌و دەورپشتەكەیان. چەند كەسێكیش لەو تازە پیاكەوتوانەی گردەكە، لە ئەندام پەرلەمان، وەزیر‌و كادری فەیسبوك، لەنێوانیاندا، هامۆشۆو زمانبەدییان ئەكرد‌و خۆیان ساغ نەكردبوەوە.

هەڵپەكردن بۆ دەستبەسەراگرتنی هەرسێ جومگەی (ئیعلام، موڵك‌و دارایی، ئیرسی مەعنەویی كاك نەوشیروان) بەخێرایی تێدەپەڕی. تەكەتولەكەی سەید عومەر پشتیان لە بەڵێنی هاوڕێیەتی عوسمان‌و قادر كرد‌و لەگەڵ گروپی كوڕەكانی كاك نەوشیروان موساڵەحەیان كرد، لە دەیان رێگەوە فشاریان بۆ راگەیاندن (لە دەرفەتێكی تردا وردەكاری بڵاودەكەمەوە)، كار گەیشت بەوەی، هیچ نامەیەكی رەسمی‌و ناڕەسمی ئێمەیان نەئەخوێندەوە، كۆبونەوەی ژێربەژێر لەگەڵ كادرو دەستەی جیاواز بەبێ ئاگاداری ئێمە لە میدیا دەكرا، پەلەیان بو خانەی راپەڕاندن دروست بكەن، ئەیانویست عوسمان‌و قادر لە پێكهاتەی خانە دوربخەنەوە، ناوی ئەو دوانە بۆ هەر پۆست‌و پلەیەك ئەهات، حەمەتۆفیق وەك ركابەریان بۆ ئەو پۆستە راست ئەبوەوە.

بەیانییەك هەمو ئەو گلەییانەم گەیاندوە سەید عومەر:

-        حەمەتۆفیق دەوری خراپ ئەگێڕێ، دەوروپشتی كوڕەكانی كاك نەوشیروان بیری خراپ‌و كاریگەری خراپیان هەیە، تكایە تۆ لە جێگەی باوك‌و مام ئەو كوڕانە بخەرە ژێر فەرمانی خۆتەوە.

لەم قسانەدا بوم، جەلال جەوهەر خۆی كرد بە ژورەكەی سەید عومەردا، بە لێبوردنەوە ویستی بڕواتە دەرەوە، بە فرسەتم زانی، ئەویشم تێكەڵاوی باسەكە كرد‌و دوای گفتوگۆیەكی كورت وتی:
-        سەد لەسەد تەیدی ئەو قسانەی عەبدولڕەزاق ئەكەم.
چەندجارێك لەگەڵ چیا‌و نما، پێكەوە‌و بەجیا دانیشتم، هەمو جارەكان سێ خاڵم بۆ پێشنیاز ئەكردن.
یەكەم: باوكتان هی هەمو كورد بوە، تەجاوزی گۆڕان بكەن‌و وابكەن ئێوەش هی هەمو كورد بن.
دوەم: ئەم گردی زەرگەتەیە سەرقەبرانی باوكتانە، بەردێك لانابرێ‌و دانانرێ، دەشزانم سورەت قەید‌و قەسام‌و ئینتیقال ئێوە نەتان بیستوە‌و نایزانن، ئەوەش نازانن دابونەریتی سلێمانی وایە باوكمردە لانی كەمی تا ساڵێك عەیبە بەلای ئەو دائیرانەدا بڕوات، پێیان كردن‌و تازە تێپەڕی.
سێیەم: دوژمن‌و نەیارو ركابەرەكانی باوكتان پەنجا  ساڵە بە سەدان ماكینەی ئیعلامی‌و سیاسی‌و ئیستیخباراتی كار بۆ شكاندنی ئەكەن، ئەو بە مردنەكەی سیحری هەمویانی بەتاڵكردەوە، دڵنیا بن پەنجا ساڵی تر كار بۆ مردنی راستەقینەی ئەو ئەكەن، چونكە نایانەوێ كورد پیاوی وا دروست بكاتەوە، ئامانجی سەرەكیش ئێوەن، نەك گۆڕان‌و ئێمەومانان، دەكرێ ماوەیەك سەفەر بكەن، یان لە بڕیارو كاری سیاسی بزوتنەوەكە خۆتان دوربخەنەوە.

هەمو جارەكان جۆرێ لە دڵنەوایی‌و رەزامەندیم لای ئەوانەوە هەست پێ ئەكرد، تەنیا جارێك نەبێ، چیا لە درێژەی گفتوگۆیەكماندا وتی:
-        كاك رەزاقیش وەك رێبین‌و مەریوان (رێبین ئەحمەد هەردی، مەریوان وریا قانع) ئەیەوێ ئێمە دوربكەوینەوە.
كاتێكیش هەواڵی تاپۆكردنی گردەكە لە رۆژنامەی ئاوێنەدا بڵاوكرایەوە، گفتوگۆیەكی لاوەكی لەناو گۆڕانخوازاندا دروست كرد، رونكردنەوەیەكی (چیاو نما) لەڕێگەی مامۆستا جەمالەوە پێگەیشت‌و وتیشی:
-        من‌و كاك عومەر پێكەوەین، كوڕەكان ئەم رونكردنەوەیان بۆ ناردوین‌و رای تۆمان ئەوێ.
تەنیا دەستەواژەیەك كە داوام كرد لەو رونكردنەوەیەدا بیگۆڕن، ئەوە بو "گردی زەرگەتە لە خزمەتی گۆڕاندایە" بگۆڕن بە "گردی زەرگەتە هی گۆڕانە"، هەردو مامۆستاكە راكەی منیان پێ دروست بو، هەرچەندە گۆڕینی ئەو دەستەواژەیە تەنیا ئەرزشێكی ئیعلامی‌و مەعنەوی هەبو، بەڵام بۆ بەیانی كە ناردیان بۆ بڵاوكردنەوە، دەستكاری نەكرابو، پێش بڵاوكردنەوەشی، پەیوەندیم پێوەكردن‌و وتم:

-        بەڵێن بو ئەو دەستەواژەیە بگۆڕین؟!
لەوەڵامدا وتیان:

-        ئێمە ئەمانەوێ بەو قسەیە مەسەلەی ئەم گرد‌و تاپۆكردنە كۆتایی بێت.
ماویەتی...




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە