واقیعی تەزویرکراو

مەریوان وریا قانع


سەرەتا واقیعێکی سیاسیی ناشیرین، لە ڕێگای تەزویرکردنێکی گەورە و کەموێنەوە، دروستدەکەن و دەیسەپێنن، دواتر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بزانن چۆن ئەو ”واقیعە تەزویرکراو“ە ڕێکبخەن و بیگۆڕن بە ”واقیعێکی ڕاستەقینە“. پرۆسەی گۆڕینی تەزویر بۆ واقیع، پرۆسەی سیاسیی ژمارە یەکی ناو مێژووی ئەمڕۆکەی کۆمەڵگای ئێمەیە. لەم یاریە ناشیرینەدا، لەناو واقیعێکی ساختە و تەزویرکراودا، ھەموو شوناسەکان بە یەکتری تێکەڵدەبن و ھێزەکان دەکەونە ململانێیەکی گەورەی لەیەکتری چوونەوە. بەھێزەکەیان وێنە تەزویرکراوەکەی خۆی دەکاتە مۆدێلێک بۆ لاساییکردنەوە، چەند یارییەکەش درێژەبخایەنێت ھێندە پرۆسەی کۆپیکردن و لەیەکچوونیان بەھێزتر و قووڵتر دەبێتەوە. ھەر کاتێکیش ئەم یارییەیان بە ئاسانی بۆنەکرا، ئیتر بەردەبنە گیانی یەکتر و گیانی کۆمەڵگاکە، بە زمانێک دەدوێن بۆنی ڕشاندنەوەیەکی بۆگەنی لێدێت. درۆ و ھەڕەشە و ئیھانەکران دەبنە گرامەری ئەو زمانە سیاسیی و ئەخلاقییەی قسەیپێدەکەن، ھەموو دەزگاکان، بەتایبەتی میدیا میلیشاییەکانیان، و ھەموو خوێندەوار و ڕۆشنبیرە بەیعەچییەکانیان دەخەنەکار. سنوورێکی ئەخلاقیی نامێنێت نەیبەزێنن و شەرمێکیش نامێنێتەوە نەیشکێنن. کەی گەیشتنە ڕێکەوتنیش لەسەر دابەشکردنی غەنیمەکان، ئیدی دەستدەکەنە ملی یەکتر و چەپڵە بۆ یەکتری لێئەدەن.باس لە خەمی نیشتیمان و یەکدەنگیی سیاسیی دەکەن. 

سەرەتا واقیعێکی سیاسیی ناشیرین، لە ڕێگای تەزویرکردنێکی گەورە و کەموێنەوە، دروستدەکەن و دەیسەپێنن، دواتر کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی بزانن چۆن ئەو ”واقیعە تەزویرکراو“ە ڕێکبخەن و بیگۆڕن بە ”واقیعێکی ڕاستەقینە“

ئەم مەھزەلە سیاسییە ڕۆژ بە دوای ڕۆژدا بەردەوامە و کۆمەڵگای ئێمەش تا دێت نائومێدتر دەبێت. لەم دۆخەدا چارەسەر بەوە نابێت کۆمەڵگای ئێمە لە سیاسەت دووربکەوێتەوە، یان سیاسەت وەک یارییەکی پۆخڵ و ناشیرین وێنابکرێت و بە خەڵک بگوترێت خەریکی شتێکی دیکە بن، بەوەش نابێت پشت بکرێتە ئەو ھەموو ناشیرینییە گەوارانە و باس لە گەڕان بەدوای جوانیدا بکرێت، بەوەش نابێت ھیچ چالاکییەکی تاکەکەسیی و دەستەجەمعی تر بکرێتە ئەلتەرناتیڤی چالاکیی سیاسیی. ئەوەی پێویستە برەودانە بە تێگەیشتنێکی نوێ بۆ سیاسەت وەک چالاکییەکی ئینسانیی بنەڕەتیی، وەک کردەیەکی بەرپرسیارانەی دروستکردنی ژیانێکی گشتیی ھاوبەش و یەکسان، وەک کردەی دروستکردنی جیھان، وەک ئیتیما بۆ ئەو پرۆژە ئینسانییانە کە مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی خاوەن ویست و خاوەن ڕێز مامەڵەبکات. ئەوەی پێویستە گەشەدانە بە وێنەیەک بۆ مرۆڤ وەک بوونەوەرێکی بەرگریکەر، گەشەدانە بە ڕوانینێک بۆ بەرگریکردن وەک یەکێک لەسەرەکیترین کارەکانی مرۆڤ. 

ئەم مەھزەلە سیاسییە ڕۆژ بە دوای ڕۆژدا بەردەوامە و کۆمەڵگای ئێمەش تا دێت نائومێدتر دەبێت. لەم دۆخەدا چارەسەر بەوە نابێت کۆمەڵگای ئێمە لە سیاسەت دووربکەوێتەوە، یان سیاسەت وەک یارییەکی پۆخڵ و ناشیرین وێنابکرێت و بە خەڵک بگوترێت خەریکی شتێکی دیکە بن

لەناو ساتەوەختێکی تاریکیی بە تەزویر دروستکراوی وەک ئەم ساتەدا، ئەوەی پێویستە کۆڵنەدانە لەو بەرگرییە ڕۆژانەیە کە مانایەک بە ژیان و بۆ مرۆڤبوون دەبەخشێت.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە