ئەو چل رۆژەی بناغەی حوکمڕانی بنەماڵەی بارزانی تێدا داڕێژرا

ئارام رەفعەت

بەشی یەکەم: دەسپێک‏

 رۆژی ١٠ی حوزەیرانی ٢٠١٩ نێچیرڤان بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم سوێندی یاسایی خوارد و ‏لەماوەیەکی کورتیشدا چاوەڕوان دەکرێت مەسروری ئامۆزا و ژنبراشی وەک سەرۆکی ‏ئەنجومەنی وەزیران دەسبەکار بێت. مەسعود بارزانی مام و خەزوریشی وەک ئەمری واقیع رۆڵی ‏مەرجەعی هەرێمی کوردستان دەگێڕێت و کوڕو برازاکانی تری مەسعود بارزانیش چەندان ‏جومگەی هەستیاری ئەمنی و سەربازیی هەرێمییان قۆرخ کردووە. جگە لەوە، زۆرینەی پۆست و ‏پایە سەرەکی و گرنگەکانی کوردستان لەدەستی پارتیدان و ئەو پۆستانەش کە دراونەتە (یان ‏دەدرێنە) حیزبەکانی تر، بنەماڵەی بارزانی دوا قسەی لەسەر دەکەن و بێ ئۆکەی و رەزامەندی ‏ئەوان، هیچ کەس و لایەنێک ناتوانێت هیچ پۆستێکی هەرێم بەدەست بێنێت و هەندێک جار ئەم ‏باڵادەستییەی پارتی تا دەستنیشان کردنی سەرۆکی لیستی حیزبەکانی تر دەڕوات.‏

‏ بەمجۆرە، لە ئێستادا، بنەماڵەی بازرزانی بنەماڵەی حاکمی فەرمی و بێ رکابەری هەرێمی ‏کوردستانن. لانی کەم لە دوای ئاشبەتاڵ (هەرەس)ی شۆڕشی ١٤ ساڵەی ئەیلول لەسەر دەستی ‏مستەفا بارزانی باپیرەیان، هیچ کاتێک پێگەی ئەو بنەماڵە و حیزبەکەیان (پارتی) هێندەی ئێستا ‏بەهێز و بێڕکابەر نەبووە. ‏
پرسیارە سەرەکییەکە ئەوەیە، چۆن بنەماڵەی بارزانی کە بەرپرسی سەرەکی ئاشبەتاڵەکەی ‏شۆڕشی ئەیلول، خاوەنی ٣١ی ئاب و (دوای داعش) ئەو بنەماڵە و حیزبە بەرپرسی سەرەکی ‏جینۆسایدی شەنگالن، توانییان حوکمڕانی میرایەتییەکەیان(هەندێک بەهەڵە بە سوڵتانیزمی ناوزەدە ‏دەکەن) بەسەر کوردستاندا بسەپێنن؟

وەڵامی ئەم پرسیارە ئاڵۆزتر دەبێت ئەگەر ئەوە بخەینە پێشچاو کە لە دوای ئاشبەتاڵ تا راپەڕینی ‏‏١٩٩١ ئەو بنەماڵە و حیزبەکەیان (بەهۆی ململانێ و کێشەکانییان لەگەڵ یەکێتیدا) بەشێوەیەکی ‏گشتی لە کۆمەڵگای باشور دابڕابوون و هیچ کاریگەرییەکی کردەیی بەرچاوی وایان بەسەر ‏زۆربەی هەرە زۆری پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی و کەرکوکدا نەبوو. ‏

جگە لەم هەقیقەتانەی سەرەوە، رۆڵی پارتی لە راپەڕینی ١٩٩١دا رۆڵێکی لاوەکی و پەراوێز ‏بوو، ئەوانەی شاهیدی راپەڕین و پرۆسەی راماڵینی هێزەکانی دەوڵەتی داگیرکەری عێڕاق بوون، ‏ئاگاداری ئەوەن کە پارتی هەم لەئاستی بەشداری و ئامادەیی مەیدانی و هەم لە ئاستی میدیاییدا ‏بەگشتی غائیب و بێ کاریگەر بوو. بێجگە لەوە، پارتی و هەر یەک لە مەسعود بارزانی و نێچرڤان ‏بارزانی، لە ٢٨ ساڵەی بەشدارییان لە ئەزموونی حوکمڕانی هەرێمدا، بەتایبەتی لە پۆستەکانییاندا ‏وەک سەرۆکی هەرێم و سەرۆک وەزیران، دوو کارەکتەری فاشیل و بێ دەسکەوت بوون و جگە ‏لەوەی بەرپرسی سەرەکی لەدەستدانی نیوەی خاکی کوردستانن، لەهەمانکاتیشدا بەرپرسیارێتی ‏هەرەسهێنانی ئابووری کوردستان و پەرتەوازەیی ناو ماڵی کوردی و سیستەمی پاشەکەوتی موچە ‏‏(کە لەراستیدا سیستەمی برسی کردنی نەتەوەیەکە). ‏

زۆرینەی چاودێرانی سیاسی لە وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوەدا ئاماژە بە فاکتەرگەلی جۆراوجۆر ‏دەکەن، لەوانەش: لاوازی و پەرتەوازەیی رکابەرەکانی؛ سەنترالیەت (ناوەندێتی) دەسەڵاتی ‏بڕیاردان لەناو پارتیدا و نەبوونی کێشەی سەرکردایەتی و باڵباڵین وەک حیزبەکانی تر؛ وە ‏ناوشیاری کۆمەڵگای کوردی.‏
ئەم فاکتەرانەی سەرەوە رەنگە هۆکارگەلێک بن کە هاوکاربووبن بۆ هەڵکشان و بەهێزبوونی ‏پێگە و دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی و چەسپاندنی پایەکانی ئەو سیستەمە میرایەتییەی کە خەریکە ‏بەتەواوی شکڵ دەگرێت. بەڵام هیچ کام لەم فاکتەرانە ناتوانن وەڵامی تەواوی پرسیاری هەڵکشان ‏و بەهێزبوونی ناسروشتی جێگە وپێگەی بنەماڵەی بارزانی و حیزبەکەیان بدەنەوە.‏

ئەم بابەتە لەچەند بەشێکدا تیشک دەخاتە سەر روداوێکی مێژوویی کەمتر باس لێکراو. روداوێک ‏کە هۆکارێکی ئەساسی ئەم هەڵکشان و بەهێزبوونە ناسروشتییەی بنەماڵەی بارزانییە بێ ئەو ‏ڕوداوە مێژووییە مەحاڵ بوو ئێستا نێچرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم و مەسروری ئامۆزای ‏سەرۆکی حکومەت و مەسعود بارزانی مامی مەرجەعی هەرێم بن.‏

ئەو روداوە مێژووییەش، سەردانە چل (٤٠) رۆژییەکەی ساڵی ١٩٩١ی مەسعود بارزانییە بۆ ‏بەغدا.‏

‏ لە ٧ی ئایاری ١٩٩١، مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی وەفدی دانوسانکاری بەرەی کوردستانی ‏دەچێتە بەغدا و تا ١٧ی حوزەیرانی هەمان ساڵ لە بەغدا مایەوە. واتە، دوور لە هەموو عورف و ‏یاسا و رێسایەکی دانوسان و گفتوگۆ، مەسعود بارزانی بۆ ماوەی چل رۆژ و بێ ئەوەی بۆ ‏جارێکیش بگەڕێتەوە بۆ کوردستان لەبەغدا دەمێنێتەوە. ‏

ئەم خولەی کە مەسعود بارزانی سەرکردایەتی دەکات ودووەم خولی دانوسانی نێوان بەرە و ‏بەعس بوو وە بەئەندامێتی نەوشیروان مستەفا لە یەکێتی و رەسول مامەند لە حسک و سامی ‏عەبدولرەحمان لە پارتی گەل بوو. خولی یەکەم بەسەرکردایەتی جەلال تاڵەبانی و بە ئەندامێتی ‏نێچیرڤان بارزانی و نوێنەری حیزبەکانی تر دەبێت. خولی یەکەم تەنها دوو سێ رۆژ دەخایەنێت و ‏وەفدەکە بۆ مشوەرەت و گفتوگۆکردن دەگەڕێنەوە کوردستان. ‏

لەم دانوسانە چل رۆژییەدا، وەفدە هاوکارەکەی مەسعود بارزانی، لەوانەش نەوشیروان مستەفا، ‏دوای چەند رۆژ بەغدا بەجێ دەهێڵن. زۆرینەی سەرکردایەتی بەرەی کوردستانی لەو کاتەدا ‏داوایان لەمەسعود بارزانی کرد کە ئەویش بەغدا بەجێ بهێڵێت. بەڵام ئەو سوور بوو لەسەر ‏ئەوەی تا رێککەوتن (ئیتفاقییە)ی نێوان بەرەی کوردستانی و بەعس واژۆ نەکرێت ناگەڕێتەوە بۆ ‏کوردستان و زۆربەی ئەو چل رۆژە مەسعود بارزانی بەتەنیا لەبەغدا مایەوە و لەگەڵ سەرانی ‏بەعس و بنەماڵەی سەدام لەگفتوگۆ دابوو. ‏

بە کنەکردن، شیکاریکردن و تیشکخستنە روداوەکانی ئەو سەردەم، ئەم بابەتە لە چەند بەشێکدا ‏جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەوەی لە ماوەی ئەم چل رۆژە لە بەغدا رووی دا لەروکەشدا بۆ ‏رێکەوتنی نێوان بەرەی کوردستانی و رژێمی بەعس بوو بەڵام ئەوەی مەسعود بارزانی لە ‏بەغدای بەدەسهێنا جگە لە رێکەوتن (ئیتیفاقییە)لەگەڵ بەعس و دامەزراندنی بناغەی ‏هاوپەیمانییەتیەکی درێژخایەن و هەمەلایەنەی نێوان بارزانی-سەدام (پارتی-بەعس) هیچی تر ‏نەبوو.

هاوپەیمانەتییەک کە لەسەرێکەوە تەمەنی رژێمەکەی سەدامی درێژکردەوە و لەسەرێکی ‏تریشەوە، هێندە پشتیوانی سیاسی، سەربازی، دارایی، لۆجیستی و هەرێمی بۆ مەسعود بارزانی و ‏حیزبەکەی فەراهەم کرد کە لەسایەیدا و سەرەنجام ئەو بنەماڵە و حیزبەکەیان هێندە بەهێز ببن کە ‏بناغەی حوکمڕانی میرایەتی دابڕێژن و ئەمڕۆ ببنە حاکمی بێ رکابەری هەرێمی کوردستان.‏

چاوەروانی بەشەکانی تری ئەم بابەتە بن. ‏






تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە