نە یەکێتی پێویستی بەکۆنگرەیەو نە کورد پێویستی بەهەڵبژاردنە

سامان جەلال

 

وەک مۆدێل و چاولێکەریەک دەمێکە یەخەی نوێ بونەوەو دەستاودەستکردنی دەسەڵات، لەرێگەی هەڵبژاردن و کۆنگرەکانەوە بووقی بۆ لێ دەدرێت. ئاخر پێم نالێن کام کۆنگرەو هەڵبژاردن، بەسروشتی راستەقینەی خۆیاندا تێپەڕیوون، چ کاتێک خانووە قورەکان تەنها قسەی نەستەق نەبووە. چ کاتێک لەرێگەی کۆنگرەکانەوە، لێشاوێک لە خوێن و ووزەی تازە هاتوونەتە پێشێ، تا بەو درەنگە وەختە، ئەو خەونانە وەک داری جادو بهێندرێنەدی.

ئازیزم، بۆ لەخۆمان ناپرسین، کام منداڵە شەهید، لەبەر بارتەقاو گەورەیی خوێنی باوکی چۆتە پلەو پۆستێکەوە. بۆچی لەخۆمان ناپرسین چ کاتێک بڕوانامەو ئەقل و ویژدان و مەنتق، پێوەری "کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو" بوونە. هەر کاتێک مەنهەج و رەفتارمان، یەکتریان قەبووڵکردو بەیەکتر ئاشنابوون، ئەوا بێگومان کۆنگرەو هەڵبژاردن پڕدەبن لەجوانی و راستی، بەڵام هەموو قوربانیەکانمان بەنانە رەقە رازین، کەچی ووردەیان پێ رەوا نابیندرێت. ئەگەر کۆنگرەو هەڵبژاردنە یەک لەدوای یەکەکان، توانیویانە نەشونما بەدیموکراسی بکەن و ئاستی ئەو وڵاتە بگەیننە لوتکەو کەشکی فەلەک، ئەوا زمانم لالەو شوورەییە بلێین، کۆنگرەو هەڵبژاردنەکان بەردەوامیان نەبێت.

ئەگەر هەڵبژاردنێک یان کۆنگرەیەک، بۆ زیاتر وێرانکردنی خانووە قورەکانە، ئەوا نە یەکێتی پێویستی بەکۆنگرەیە و نە کورد پێویستی بە هەڵبژاردنە

وەک سوقڕات دەڵێت:-" نهێنی گۆڕین ئەوەیە کە سەرنج بخەیتە سەر هەموو ووزەکانت، نەوەک شەڕکردن لەگەڵ کۆنەکان، بەڵکو دروستکردنی نوێیەکان"ە. ئەوەی سوکایەتیە بە مەدرەسەو کۆنگرەو هەڵبژاردنەکان دەکرێت و بەنوێژی نیوەرۆ ئەتک دەکرێن. بۆیە با چی تر"کا"ی کۆن بەبا نەکەین و وەک بیرناردشۆ دەڵێت:-"تاکە کەس کە دەیناسم و بە ئەقلی رەفتار دەکات "بەرگ دروە"،چونکە هەرکاتێک دەمبینێت، دەمپێوێتەوە،.

بەڵام ئەوانی تر پێوانە کۆنەکانیان بەکار دەهێننەوە، وە چاوەڕوانی ئەوەشم لێ دەکەن کە بۆم ببێت" ئاخر ئەگەر توانیمان تێ بگەین ، کە گەنج و ئەقل و خاون قوربانی و شەهیدەکان، تێکۆشەرو شۆرشگێرەکانمان، لەکوێی پێوەرو هاوکێشەی کۆنگرەو هەڵبژاردنەکاندان، ئا لەوێدا هەڵبژاردن و کۆنگرە لەپێویستی پێویسترە.

ئەگەر هەڵبژاردنێک یان کۆنگرەیەک، بۆ زیاتر وێرانکردنی خانووە قورەکانە، بۆ شەرعیەتدان بە ناشەرعیەکانە. بۆ ملشکاندن و پشت شکاندنە، بۆ تەسفیەی یەکترو گۆڕینی پارسەنگی هێزو دەوڵەمەندبوون و زیاتر قەبە بوونە، یان بۆ تەشکیلکردنی تیمی یاریکردن و ریزبەندنی هەڵپەرکێییەکی خۆمانەیە، ئەوا نە یەکێتی پێویستی بەکۆنگرەیە و نە کورد پێویستی بە هەڵبژاردنە.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە