پەیوەندیی نێوان ھونەر و ئەدەبیات و سیاسەت

مەریوان وریا قانع

لە وەڵامی خوێنەرێکدا

دۆستێک پرسیارێکی لە من کردوە سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان ھونەر و ئەدەبیات و سیاسەت. ئەو دۆستە دەپرسێت ئایا بۆ نووسەر و ھونەرمەند و ڕۆشبیر باشە یان خراپە لە سیسەتەوە نزیکبێت؟ ئایا باشتر نییە خۆیان لە سیاسەت بپارێزن؟

ئەگەرچی لە زیاد لە نووسێک لە نووسینەکانی مندا وەڵامی ئەم پرسیارانە دراونەتەوە وچەندجارێک دیدی خۆمم نیشناداوە و بەرگرییم لێکردوە. بەڵام ھەوڵئەدەم جارێکی تر بە کورتیی و بە پوختیی لێرەدا دیدی خۆم دابڕێژمەوە.

من باوەڕم وایە ھەر نووسەر و ھونەرمەند و ڕۆشنبیرێک، کە لەگەڵ خۆی و لەگەڵ ئەو بواەەدا کە کاری تێدەکات ڕاستگۆبێت، بەردەوام ئەو پرسیارانەی سەرەوە لەخۆی دەکات. پێشموایە ھەندێکجار کردنی ئەو پرسیارانە ھێندە پێویستە، دەکرێت بڵێم دەبێت ببن بە کردەیەکی ڕۆژانە. چونکە نووسەر و ھونەرمەند و ڕۆشنبیر بکەری کۆمەڵایەتیی تایبەتن و خاوەنی دەسەڵاتێکی رەمزیی و مەعنەوین کە دەکرێت لەناو ژیانی کۆمەڵایەتیدا کاریان پێبکرێت. ھەر نووسەر و ھونەرمەند و ڕۆشنبیرێک لەناو ژیان و ڕووبەرێکی گشتیی تایبەتدا ئامادەیە و بەشێکە لەو کۆمەڵگایەی تیایادا دەژیی، بوونەوەرێک نین لە دەرەوەی پەیوەندییەکان و پرۆسەکان و ڕووداوەکاندا. کەسێک دەشێت شاعیر یان ھونەرمەند یان نووسەرێکی باش بێت، بەڵام ھاوکات پێویستە ھاوڵاتیەکی باشیش بێت. نووسەربوون مرۆڤ لە ھاوڵاتیبوون ڕزگارناکات. نەک ھەر ئەمە، لە دیدی مندا، ھەم نووسەر و ھونەرمەندبوون خۆیان وەک کردەیەکی تایبەتی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و ھەم ھاوڵاتیبوونەکە خۆشی، مرۆڤ ناچاردەکات لە کێشە گشتیی و سیاسییەکانی کۆمەڵگاکەیەوە بئاڵێت و لێیان بێدەنگ نەبێت و بەھانە بۆ بێدەنگبوونی خۆی نەھێنێتەوە.

بەپێچەوانەی زۆر کەسەوە لە دونیای خۆماندا من دیوارێکی گەورە لەنێوان ھونەر و ئەدەبیات و سیاسەتدا نابینم

بەبۆچوونی من ھەر لە بنەڕەتەوە پرسیارەکە ئەوە نییە ئایا پێویستە شاعیر و نووسەر و ھونەرمەند، یان ڕۆشنبیر، ڕۆڵی سیاسیی ھەبێت یان نا؟ بەڵکو ئەوەیە ئایا ھەریەکێک لەمانە بە چ ڕادەیەک و تا چ مەدایەک ئەو ڕۆڵەی ھەبێت، کەی و لەکوێدا پێ لەسەر ئەو ڕۆڵە دابگرێت، لە کوێدا دەتوانێت تەنانەت بچێتە سەر شەقامەکان، یان بە فۆرمی تر و چالاکانە لەناو ڕووبەری گشتیی کۆمەڵگادا، ئامادەبێت. بەپێچەوانەی زۆر کەسەوە لە دونیای خۆماندا من دیوارێکی گەورە لەنێوان ھونەر و ئەدەبیات و سیاسەتدا نابینم، سیاسەت بە پۆخڵەواات و ھونەر و ئەدەبیات بە ڕۆحانیەت یەکسانناکەم، پێموایە ئەو جۆرە بۆچوونانە ھەم لەسەر سیاسەت و ھەم لەسەر ھونەر و ئەدەبیات ھەڵەن و ھاوکات ترسناکیشن، زۆرینەی ئەوانەش کە ھەڵگری ئەو بۆچونانەن خۆیان بە چەندان شێوەی جیاواز، لە فۆرمە ھەرە خراپ و ھەرە ناشیرینەکانی سیاسەتکردنەوە ئاڵاون.

بێگومان دەبێت لەوە ئاگاداربین کە وەڵامێکی ڕەھا و ئەبەدەیی بەو پرسیارانە بوونی نییە کە بۆ ھەموو شوێنێک و ھەموو سەردەمێک بخوات. وەڵامدانەوەی ئەو پرسیارانە پەیوەستە بەوەوە مرۆڤ لە چ کۆمەڵگایەکدا ئەژیی، چ جۆرە ڕەفتارێک بەرامبەر بە ئینسان لەو کۆمەڵگایەدا دەکرێت، چ جۆرە ھێزێک لەو کۆمەڵگایەدا ئامادەیە و ئەم ھێزانە تا کۆێ و تا چەند سوکایەتیی بە مرۆڤ و بە ژیان دەکەن.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە