پێشبینیەكانی وڵات بەجادوو

هونەر تۆفیق

 

بێریای لێپرسراوی هەواڵگیریەكەی ( كەی جێ بی) ستالین، چووە لای ستالین‌و داوای لێكرد ئەو جادووگەرە بەتوانا‌و بەناوبانگەی ڕوسیا ببینێت بۆ ئەوەی پێشبینیەكانی داهاتووی پێ بڵێت. ستالین وەكو ئەوەی ڕازی نابێت جادووگەرەكە ببینێت، بڕیار دەدات دەست بەجێ جادووگەرەكە بكوژن. بێریاش فەرمانەكەی جێبەجێدەكات. دەگەڕێتەوە بۆلای ستالین تا لێ ی بپرسێت بۆچی بڕیاری كوشتنی جادووگەرەكەی دا ؟! لەوەڵامدا ستالین بەبێریا دەڵێت: ئەگەر ئەو جادووگەرە هێندە بەتوانا‌و لێهاتووبایە كەپێشبینی داهاتووی منی دەزانی، دەبایە پێشبینی داهاتووی خۆشی كردبا، دەبوو بیزانیایە دێتە ئێرە ومنیش بڕیاری كوشتنی دەدەم. ئەو نەیزانی داهاتووی خۆی چۆن دەبێت ! لەكوێوە دەتوانێت بزانێت داهاتووی من چۆن دەبێت ؟

ئەگەر وڵاتێك بەپێشبینی جادووەوە سیاسەتی حكومەت بەڕێوەببات ! خەمڵاندنەكانی پەیوەست بێت بەئەگەر‌و نائەگەری تەوەقوعی جادووەكانەوە! پێشبینیەكانی گەیاندبێتی بەم هەموو قەیرانە. پێشبینیە سیاسیەكانی لەماوەی هەشت كابینەی حوكمڕانیدا نەیتوانیبێت كەمترین خزمەت كەئاو‌و كارەبایە دابین بكات ! بووبێت بەژێر قەرزی دەیان ملیارد دۆلارەوە. پێشبینیە سیاسی‌و ئابووریەكانی هەمووی پێچەوانەوە‌و شكستخواردوو بێت.

دەساڵە ئەو دەسەڵاتە بەردەوام پێشبینی چاكسازی‌و ریفۆرمی ئیداری لەداهاتوودا بەگوێی خەڵكدا دەدات، بەڵام هیچكام لەپیشبینیەكانی نەهاتۆتەدی

سیاسەتی نەوتەكەی لەبری قازانج، توشی زەرەر‌و غەرامەكردنی ملیارەها دۆلاری كردبێتەوە! موچەی فەرمانبەرەكانی لەجادووی ئەگەری ناردن‌و نەناردنی بەغداوە دابینبكرێت ! بەم هەموو جادووە ناڕاست‌و نادروستەوە، چۆن دەكرێت بڕوای ئەو پێشبینیەی لێبكرێت كەدەتوانێت ژیانی خەڵك باشبكات ؟

نزیكەی دەساڵە ئەو دەستەڵاتە بەردەوام پێشبینی چاكسازی‌و ریفۆرمی ئیداری لەداهاتوودا بەگوێی خەڵكدا دەدات، بەڵام هیچكام لەپیشبینیەكانی نەهاتۆتەدی. بەمەرجێك هەموو وێرانەكە لەهەناوی خۆیدا بێت نەك لەدەرەوەی خۆی، پێویستی چاكسازیەكە لەئیدارەكەی خۆیدابێت نەك لەخەڵكدا. كەچی ئەو دەستەڵاتە لەتوانایدانیە پێشبینی داهاتووی خۆی بكات (وەك جادووگەرەكەی ستالین) ئێستا چۆن دەتوانێت پێشبینی داهاتووی خەڵك بكات ؟ بۆیە هەر لەسەرەتاوە، ئەو جادووە بەتاڵە. چونكە پێویستی چاككردن‌و باشكردن تەنیا حكومەت پێویستی پێیەتی، ئەگەر حكومەتەكە نەتوانێت خۆی باش‌و چاك بكات ؟ چی باش دەكات؟‌و كێ چاك دەكات ؟ 




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە