رێكخستنەوە یان سانسۆر

هەڵۆ ئەبوبەکر

 

لەوكاتەوە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم دەستبەكاربون، بەناوی رێكخستنەوە، هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی لە وەزارەتەكاندا وتەبێژ‌و بەڕێوەبەری راگەیاندن نەمێنێت‌و تەنها كەسێك بەناوی وتەبێژی حكومەت ئەو كارەی لە ئەستۆ بگرێت.

لەرابردوودا هەمیشە راگەیاندنەكان كێشەی ئەوەیان هەبوە، بەئاسانی دەستیان بەزانیارییەكان نەگەیشتوە، ئەوەی هەستی پێدەكرێت لە كابینەی نوێ هەوڵەكان بەئاراستەی سنورداركردنی زیاتری راگەیاندنەكان هەیە، بەشێوەیەك نەك وتەبێژ‌و ڕاگەیاندنەكانی وەزارەتەكان ناتوانن لێدوان بدەن، تەنانەت جۆرێك لە سانسۆر بۆسەر وەزیرەكانیش هەستی پێدەكرێت.

بۆ ئێمە ئەوە چاوەڕێ كراو بوو، بەتایبەت كە مەسرور بارزانی، لە پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیراندایە كە پێشتر راوێژكاری دەزگایەكی ئەمنی بوە ( ئەنجومەنی ئاسایش)، بۆیە لەگەڵ دەستبەكاربونی خۆی‌و ستفاكەی هەست بەوەدەكرێت بەهەمان رێكار مامەڵە دەكەن‌و دەخوازن هەموو شتەكان لەچوارچێوەی نهێنیدا بمێننەوە‌و تەنها ئەو زانیارییانە بۆ بڵاوكردنەوەن كە خواستی خۆیانە، بەپێچەوانەوە هەر زانیاری‌و لێدوانێكی تر بەخێرایی بەدرۆ دەخرێنەوە‌و سەرچاوەكەشی روبەروی سانسۆر‌و لێپرسینەوە دەكرێتەوە.

لەگەڵ دەستبەكاربونی مەسرور بارزانی‌و ستفاكەی هەست بەوەدەكرێت وەك دەزگای ئەمنی مامەڵە لەگەڵ حكومەت دەكەن

لە دنیادا هیچ وەزارەتێك نیە كەسێك لەژێر ناوی وتەبێژ، یان بەرپرسی راگەیاندن، یان سكرتێری راگەیاندن، نەبێت بۆ گەیاندنی زانیاری‌و وەڵامدانەوەی راگەیاندنەكان، بۆیە ئەوە تەواو مۆدێلێكی تازەیە كە رێگا نەدرێت لە وەزارەتەكانی حكومەتی هەرێم وتەبێژ نەمێنێت.

لەهەرێمی كوردستان یاسایەك هەیە، بەناوی یاسای ( مافی دەستكەوتنی زانیاری- ساڵی 2013) ، لە ئامانجەكانی ئەم یاسایەدا هاتوە، كە بۆ شەفافیەتی زیاتر‌و پرەنسیپی بەشداری كارایە بۆ چەسپاندنی پرۆسەی دیموكراتی، لەو خاڵانەش گرنگتر كە لە ئامانجەكاندا هاتوە، دابینكردنی كەشێكی لەبارترە بۆ ئازادی رادەربڕین‌و پەخش‌و بڵاوەكردنەوە، بۆیە هەر هەنگاوێك بەئاراستەی نەهێشتنی وتەبێژ لە وەزارەتەكان كارێكە پێچەوانەی ئەم یاسایەیە‌و خزمەت بەبواری راگەیاندن‌و ئازادی ڕادەربڕین ناكات‌و دەچێتە چوارچێوەی هەوڵی سانسۆركردنی زیاتری راگەیاندنەوە.

لەراستیدا یاسای مافی دەستكەوتنی زانیاری نەك تەنها رێگا بەراگەیاندنكاران دەدات دەستیان بەزانیاری بگات، تەنانەت هەر هاوڵاتیەكی ئاسایی دەتوانێت داواكاری پێشكەش بكات، ئەوەی مایەی نیگەرانیە هەر بەپێی ئەو یاسایە پێویستە لە سەرجەم دامەزراوە گشتی‌و تایبەتەكاندا كەسانێك تەرخانبكرێن بۆ وەڵامدانەوەی ئەو داواكارییانەی بۆ بەدەستهێنانی زانیاری پێشكەش دەكرێن، بەڵام بەداخەوە بەدەگمەن لە دامەزراوەكاندا بەگشتی‌و تایبەتیشەوە ئەوە لەبەرچاو نەگیراوە، بەمانایەكی تر كار بەیاساكە نەكراوە، ئەوەش تەنها پەیامێكی هەڵگرتوە كە لەرابردوودا بەرپرسانی حكومەت هەر لەبنەمادا بڕوایان بەیاساكە نەبوە، بەداخەوە ئەو پەیامانەش كە لێرە‌و لەوێ دەدرێت بەگوێدا كابینەی نوێش نەك بڕوای بەجێبەجێكردنی ئەم یاسایە نیە، بەڵكو هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی مەوداكانی ئازادی راگەیاندن سنوردارتر بكرێت‌و میدیا بەئاسانی دەستی نەگات بەزانیارییەكان.

بۆیە پێویستە سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران نەچێتە ژێر كاریگەری هەر جۆرە راوێژێكی لەوشێوەیە كە وتەبێژەكان لە وەزارەتەكان لاببرێن، بەپێچەوانەوە هیوادارین كەسانێكی ئەكادیمی‌و بەئاگا لەو بەرپرسیارێتیە دابنرێن‌و كارابكرێن‌و قورسیایی بەپۆستی وتەبێژی وەزارتەكان بدرێت، هەروەك چۆن لە وڵاتانی پێشكەوتوو بەتایبەت ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا دەیبینین، كاتێك وتەبێژ بەناوی پنتاگۆن، یان وەزارەتی دەرەوە، یان كۆشكی سپی كۆنگرەی رۆژنامەوانی سازدەكەن، پەیام‌و لێدوانەكانیان وەك قسەی خودی وەزیر‌و سیاسەتی فەرمی ئەمریكا سەیردەكرێت، لەهەرێمی كوردستانیش بەوشێوەیە سەیربكرێت‌و لەژێر ناوی رێكخستنەوە هەوڵی كۆنترۆڵكردنی زیاتری زانیارییەكان‌و مەوداكانی راگەیاندن نەدرێت.

پێویستە وەزیرەكان نەچنە ژێر باری هەوڵی سەرۆكی حكومەت بۆ بەرتەسكردنەوەی ئازادی

هەروەك پێویستە وەزیرەكانیش نەچنە ژێر باری هەوڵێكی لەوجۆرەوە، بەپێچەوانەوە دەبێت وەزیرەكان كەسانێكی لێهاتوو وەك وتەبێژی وەزارەتەكانیان دابنێن، بەمەرجی ئەوەی ئەو كەسە ئاگایی تەواوی هەبێت لە بەرامبەر سیاسەتی وەزارەتەكە‌و حكومەتی هەرێمی كوردستان.

بێگومان پەرلەمانی كوردستان‌و پەرلەمانتارانیش دەبێت داكۆكی بكەن لە جێبەجێكردنی یاساكان‌و بەتایبەتیش یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری، ئەمە بۆ راگەیاندنكاران‌و رۆژنامەنوسانیش راستە كە پێویستە فشارەكانیان زیاتر بكەن، تاوەكو رێگا بەهەرجۆرە هەوڵێكی لەوشێوەیە بگیرێت.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە