ریفراندۆم چیە‌و چۆن هاتەكایەوە

شادمان مەلا حەسەن

 

بەشی یەكەم

 رۆژی 25 ئەم مانگە یادی ریفراندۆمەكەی هەرێمی كوردستانە لەساڵی 2017 جا بەم بۆنەیەوە بەپێویستم زانی كورتەیەك لەمێژووی ریفراندۆم بنووسم، بۆ ئەوەی كەمێك سوود بەخوێنەران بگەینم.

لەرووی ماناوە ووشەی ریفراندۆم (Referendum)لە بنەڕەتدا ووشەیەكی لاتینی كۆنەو بەمانای پرسكردن بەمیللەت دێت‌و لەزۆر كاتیش بەراپرسی گشتی ناسراوە، واتە پرسكردن بەمیللەت لەدوو ووشەی لێكدراوە ریفران _دۆم بڕگەی یەكەم واتە پرسكردن بڕگەی دووەم واتە میللەت یان خەڵك. لە هەرێمی كوردستان زۆر لەكەنالەكانی میدیا ووشەی (گشت پرسی)ی بەكار دەهێنن.لە زمانی عربی (الاستفتا‌و الشعبی‌و الاستفتا‌و العام)ی پێدەلێن،  لەزمانی كوردی زیاتر ووشەی (راپرسی) بەكار هاتووە. ریفراندۆم زیاتر بۆ ئەو بابەتە سیاسیانەیە كە دەخرێتە بەردەم میللت یان رای گشتی خەڵك بۆ یەكلایكردنەوەی. واتە میللەت راستەوخۆ بەشدار دەبێت لەدیاری كردن‌و یەكلایی كردنەوەی بابەتەكە بەبەلێ یان نەخێر، چونكە لەریفراندۆمدا تەنها دوو هەڵبژاردە هەیە ئەویش رەزامەند بوونە لەسەر بابەتەكە واتە بەبەلێ دەنگ دەدەیت یان بەنەخێر واتە بابەتەكە رەت دەكەیتەوە. ئەگەرچی زۆرجار بیدەنگ بوونیش هەیە بەلام ئەویش دەچێتە خانەی نەخێر زیاتر. زۆرینەی ریفراندۆم كە كراوە بۆ جێگیركردنی بابەتێكی دەستووری یان سیستەمێكی سیاسی یاخود بۆ یەكلایكردنەوەی بابەتێك كە پەیوەندی بەدیمۆكراتیەتی راستەوخۆوە هەیە، لە دوای جەنگی جیهانی دووەم (1939_1945)‌و دامەزراندنی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان ریفراندۆم وەك رێگا چارەی كێشەی نەتەوە‌و وڵاتە داگیركراوەكان هێنرایە بەرنامەی كاری ئەم رێكخراوە جیهانیە. واتە بۆ یەكلایكردنەوەی مافی چارەنووسی میللەت وگەلانی كۆڵۆنیالی كراو. لە یۆنانی كۆن دیمۆكراتیەتی راستەوخۆ هەبووە واتە لەریگای راپرسی مللیەوە میللەت‌و خەڵك بەشداربوون لەبەڕێوەبردنی وڵات، واتە هەر یاسایەك كە دەردەچوو خەڵك مافی بەشداریكردنیان هەبوو بەرەتكردنەوە یان پەسند كردن بەشداریان دەكرد،  لەچەرخی ئێستادا تاكە وڵاتێك پەیڕەوی دیمۆكراتیەتی راستەوخۆ دەكات، وڵاتی سویسرایە لەكیشوەری ئەوروپا، كانتۆنەكانی سویسرا بۆ هەر بڕیار‌و یاسایەك دەگەڕێنەوە بۆ رای خەڵك بەپەسندكردن‌و رەتكردنەوە. بۆیە تاكو كۆتایی سەدەی بیستەم لە90%هەموو ئەو ریفراندۆمانەی  كە لەجیهان كراوە لەوڵاتی سویسرا بووە. واتە دەكرێ‌ بگوترێ‌ سویسرا وڵاتی ریفراندۆمە. 

جۆرەكانی  ریفراندۆم (راپرسی).

جۆرەكانی ریفراندۆم یان راپرسی لەرووی بابەتیەوە كە دەخرێتە بەردەمی میللەت  چەند جۆرێكن، كە هەریەكەی بۆ مەبەستێكە، بەلام لەبنەڕەتدا هەر راپرسیە 

1_ ریفراندۆمی دەستووری: ئەم جۆرە لەراپرسی‌و ریفراندۆم لەسەر دەستووری وڵات دەكرێ‌، جا دەستوورەكە وەك یەكەمجار كە جێگیر دەكرێ‌ یاخود بەشێك لەدەستووری وڵات هەموار دەكرێتەوە. نموونەی دەنگدانی خەڵكی عێراق لە15/10/2005 لەسەر جێگیركردنی دەستووری هەمیشەیی وڵات. كەوا بەزۆرینە جێگیركرا، یاخود ئەو راپرسیەی لەرۆژی 16/4/2017لە وڵاتی توركیا كرا كەوا بەشێك لەدەستووری وڵات هەمواركرایەوە‌و سیستەمی سیاسی وڵات لەپەرلەمانیەوە كرا بەسەرۆكایەتی. 

لەرووی ماناوە ووشەی ریفراندۆم (Referendum)لە بنەڕەتدا ووشەیەكی لاتینی كۆنەو بەمانای پرسكردن بەمیللەت دێت

2_ ریفراندۆمی قانونی: ئەم جۆرە لەریفراندۆم‌و راپرسیە لەسەر چەند مادەیەكی قانوونی كە ئەنجومەنی یاسادانان دەری كردووە دەكرێ‌، جا بەهەمواركردنەوە بێت یاخود تازە دەركراوبێت. 

3_ریفراندۆمی سیاسی: ئەو ریفرانۆدمەیە كە لەسەر بابەتێكی سیاسی دەكرێ‌، وەك هەڵبژاردنی سیستەمی سیاسی وڵات لەنێوان كۆماری‌و پاشایەتی، یان لەسەر رێكەوتن‌و پەیمان نامەیەكی نێودەوڵەتی كە دەسەتی ئەم وڵاتە ئەنجامی داوە بۆ وەرگرتنی رای میللەت راپرسی دەكرێ‌ لەسەر تاكو بزانرێ‌ میللەت رەزامەند دەبێت لەسەر یان رەتی دەكاتەوە، وەك ئەوەی لەبریتانیا بۆ دەرچوون لەیەكێتی ئەوروپا لەرۆژی 23/6/2016كرا، ئەنجام دەنگ بەدەرچوونی وڵاتی بریتانیا درا لەم یەكێتیە لەلایەن گەلی بریتانیاوە. 

4_ ریفراندۆمی كەسی: ئەم جۆرە لەریفراندۆم‌و راپرسیە لەسەر كاراكتەر‌و كەسایەتیەكی دیار دەكرێ‌ ئایا خەڵك رەزامەند دەبێت لەسەر یان نا بۆ پێگەیەكی دیار. وەك ئەو راپرسیەی رۆژی 11/7/1921لە عێراقی تازەكرا لەسەر (فەیسەڵ كوڕی حسێن كوڕی شەریف)ی مەكە ئایە بكرێت بەپاشای عێراق یان نا، ئەنجام زۆرینەی عێراقی ئەوكات كە راپرسیەكە گرتبوونیەوە رەزامەند بوون بەوەی فەیسەڵ ببێت بەپاشای عێراق.




تۆڕی هەواڵی ژیان بەرپرس نییە لە ناوەڕۆکی ئەم نوسینە