نەتەنیاهۆ ڕاسپێردرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل

  2021-04-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
رئۆڤین ڕڤلین سەرۆکی ئیسرائیل، بنیامین نەتیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ماوە بەسەرچووی ڕاسپارد بە پێکهینانی کابینەی حکومەتی داهاتووی ئیسرائیل.

سەرۆکی ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئەو بڕیارە لەڕووی مۆراڵییەوە بڕیارێکی ئاسان نییە، وەک ئاماژەیەک بەو دۆسیە گەندەڵیانەی کە رووبەڕووی نەتەنیاهۆ کراونەتەوە.

هەڵبژاردنەکانی ئیسرائیل کە لە ڕۆژی ٢٣ مانگی ڕابردوودا بەڕێوەچوون، لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا چوارەم هەڵبژاردنە لەو وڵاتە، بێ ئەوەی باڵی راستڕەو بە سەرۆکایەتی نەتەنیاهۆ سەرکەوتن بە دەست بهێنێت، ئەگەری ئەوەش نییە هاوپەیمانێتی لەگەڵ نەیارەکانیدا پێکبهێنێت، بە مەبەستی دەستبەرکردنی زۆرینەی پەرلەمانی.

لە کۆی ١٥٢ پەرلەمانتاری کنێستی ئیسرائیل، ٥٢ کەسیان پێشنیازیان کردووە نەتەیاهۆ ڕابسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی ئیسرائیل، لە بەرامبەریشدا ٤٥ پەرلەمانتار (یائیر لابید)  وەزیری دارایی پێشوو  سەرۆکی حزبی  (داهاتوو لێرەوەیە) یان پێ پەسەندە بۆ ئەو ئەرکە.

نەتەنیاهۆ تەنها ٢٨ ڕۆژی لەبەردەستدایە بۆ هەوڵی پێکهێنانی کابینەی حکومەتێکی هاوپەیمانی، بە گوێرەی یاساش لە دوای ئەو ٢٨ ڕۆژە دەتوانێت داوا لە سەرۆکی ئیسرائیل بکات، ٢ هەفتەی دیکەی بۆ درێژ بکاتەوە، ئەگەر نەیتوانی لەو ماوەیەدا کابینەی حکومەتەکەی پێشکەش بکات، ئەوا سەرۆکی ئیسرائیل کەسایەتییەکی دیکە ڕادەستپێرێت بۆ پێکهینانی حکومەتی نوێ.

لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارەی ئیسرائیل نەتەنیاهۆ توانیویەتی ٥٢ کورسی پەرلەمانی بەدەست بهێنێت لەبەرامبەریشدا نەیارەکانی توانیویانە ٥١ کورسی بە دەست بهێنن، زۆرینەی رەهاش لە هەڵبژاردنەکاندا بە ٦١ کورسی پەسەند دەکرێت.

  



ڕیکلام