بە تۆمەتی بەرتیل وەرگرتن لێکۆڵینەوە لە پارێزگاری پێشووی زیقار دەکرێت

  2021-04-06  | 
نازم وائیلی پارێزگاری پێشووی زیقار
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەستەی نەزاهە ئاشکرایکرد، دادگا فەرمانی بانگهێشتکردن و ئامادەبوونی بۆ لێکۆڵینەوە کردن بۆ نازم وائیلی پارێزگاری پێشووی زیقار دەرکردووە، بە تۆمەتی وەرگرتنی بەرتیل لە بەڕێوەبەرانی فەرمانگەکانی پارێزگاکە.

فەرمانگەی لێکۆڵینەوە لە دەستەی نەزاهە لە لێدوانێکدا دەربارەی دۆسیەی پارێزگاری پێشوو و ناردنی بۆ دادگا ڕایگەیاند، دادگای لێکۆڵینەوەی نەزاهە لە شاری ناسریە، فەرمانیکردووە بە ئامادەکردنی پارێزگاری پێشووی زیقار بۆ لێکۆڵینەوە.

لە فەرمانکەدا ئاماژە بەوە کراوە، پارێزگاری پێشووی زیقار تۆمەتی بەرتیل و سەرانە وەرگرتنی خراوەتە پاڵ، کە بەزۆر لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکانی پارێزگاکە سەندووە، بە تایبەت بەڕێوەبەرایەتی بەرهەمە نەوتییەکان و پاڵاوتگەی زیقار.

لە مانگی ئازاری ڕابردوودا دەستەی نەزاهە ئاشکرایکرد، بە تۆمەتی گەندەڵی و بەکارهێنانی پۆستەکانیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان و سەرانە وەرگرتن لە فەرمانگەکانی دەوڵەت، فەرمانی بانگهێشتکردن بۆ ٥ لێپرسراوی پارێزگاری زیقار دەرچووە، لە ناو نیشیاندا پارێزگاری پێشووتر هەیە.

لە کۆتایی مانگی ئازاری ڕابردوودا میدیا ناوخۆییەکانی عێراق بڵاویانکردەوە، هێزێک لە ئاسایشی نیشتیمانی سەر بە پارێزگاری زیقار، یەکێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانی فەرمانگەیەکی دەوڵەتی دەستگیرکردووە، لەو کاتەدا گە بەرتیلی وەرگرتووەز

ئەو بەڕێوەبەرە گشتییە لە یەکێک لە چێشتخانەکانی پارێزگاکەدا بە بەرتیلی ٢٠٠ هەزار دۆلار و چەندین نوسراو و بەڵگەنامەوە دەستگیر کراوە.



ڕیکلام