سۆرانی  |  بادینی  |  English      

یەكگرتووی ئیسلامی و گۆڕان هەڵبژاردنی داهاتووی عێراقیان تاوتوێكرد

  2021-04-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی لە شاری سلێمانی كرد و لە دیدارەکەشدا تاوتوێ چەند پرسێک کرا، لەوانەش هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.

نوسینگەی ئەمینداری گشتی یەکگرتوو لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 6-4-2021، شاندێكی باڵای یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەلاحەدین محەمەد بەهائەدین ئەمینداری گشتی، سەردانی بزووتنەوەی گۆڕانی لە شاری سلێمانی كردووە و لەلایەن عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەكە و شاندێكی باڵا پێشوازیان لێكراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی سیاسی عێراق و هەرێمی كوردستان و ناوچەكە كراوە، هەروەک جەختیش لەسەر كاری هاوبەشی هەردوولا كراوەتەوە، بەتایبەت ئامادەسازییەكان بۆ ئەنجامدانی كاری پێكەوەیی و یەكخستنی دید و بۆچوونەكان بۆ شێوازی بەشداریكردنی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق كە بڕیارە لە مانگی ئۆكتۆبەری داهاتوو بەڕێوەبچێت.  

ئەوەش خراوەتەڕوو کە لەبەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، جەخت لەسەر داخوازییە ڕەواكانی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستان كراوەتەوە، بە تایبەت داخوازییەكان بۆ چارەسەركردنی بژێوی هاوڵاتیان و چارەسەری كێشەی مووچە كە ماوەی چەند ساڵێكە بەردەوامە.