سۆرانی  |  بادینی  |  English      

عێراق.. یاسایی بودجە رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرا

  2021-04-06  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
یاسایی بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی عێراق رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرا، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراقیش دەڵێت، دوایی پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

د. بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عیراق بە ڕۆژنامەی (سەباح)ی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ سێ شەممە یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ رەوانەی سەرۆکایەتی کۆمار کرا و بۆ ئەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق یاساکە پەسەند بکات.

وتیشی، پاش پەسەندکردنی لەلایەن سەرۆک کۆمارەوە، یاسای بودجە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ڕۆژی ٣١ی ئازاری ٢٠٢١، یاسای بودجە لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە بەزۆرینەی دەنگ پەسەندکرا.

بودجەی گشتی عێراق، لە ١٦٤ ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە و لیژنەی دارایی ٤٠ کۆبوونەوە و ٤٥٠ میوانداری تایبەت بەو بودجەیەی رێکخستووە و توانراوە بودجەکە کەمبکرێتەوە بۆ ١٣٠ ترلیۆن دینار و بڕی کورتهێنانیش بگەیەندرێتە ٢٨ تا ٢٩ ترلیۆن دینار و هەروەها خەرجی حکومەت کەمکراوەتەوە و پشکی وەبەرهێنان زیاد کراوە.

بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان، پێشتر بە زیاتر لە ١٣ تریلیۆن و ٩٠٠ ملیار دینار دیاریکرابوو، بەڵام کەمکرایەوە بۆ 13.9%، کە نزیکەی 11 تریلیۆن دینار دەکات.

یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢١ی فیدڕاڵی لە ٦٩ ماددە پێکهاتووە و دوای پەسەند کردنی لەلایەن سەرۆک کۆماری عیراقەوە لە ڕۆژنامەی فەرمی (الوقائع العراقیە) بڵاودەکرێتەوە.