پادشای ئوردن: بابەتی شازادە حەمزە لەناو خێزانی هاشمیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت

  2021-04-07  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
شا عەبدوڵای پادشای ئوردن لەسەر رووداوەکانی وڵاتەکەی پەیامێکی ئاراستەی هاوڵاتیانی وڵاتەکەی کردو ڕایگەیاند، بابەتی شازادە حەمزە لەناو خێزانی هاشمیدا مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.

شا عەبدوڵا لە پەیامەکەیدا ڕایگەیاندووە، ئەو بابەتەی ڕادەستی شازادە حەسەن بن تەلالی مامی کردووە و شازادە حەمزەش لەبەردەم خێزانی هاشمیدا پابەندبوونی خۆی بە ڕێچکەی باک و باپیرانییەوە دووپاتکردووەتەوە و دڵسۆزی خۆی بۆ پەیامەکەیان دەربڕیووە.

بە گوێرەی پەیامەکەی پادشای ئوردن، شازادە حەمزە جەختیکردووەتەوە لەوەی بەرژەوەندی ئوردن و دەستور و یاسای وڵاتەکەی دەخاتە سەروو هەموو شتێکەوە.

ڕونیشیکردووەتەوە، لە ئێستادا شازادە حەمزە لە کۆشکی پادشایەتییە و لەژێر سایەی ئەودایە.

ئەو وتانەی پادشای ئوردن دەربارەی براکەی لە کاتێکدایە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شازادە حەمزە کە جێنشینی پێشووی پادشای ئوردن بووە، لەگەل ٢٠ کەسی دیکە بە تاوانی کودەتا و هەوڵێ تێکدانی ئاسایش و ئارامی ئوردن دەستگیر کران و ئەو شازادەیە لە ماڵەکەی خۆی دەستبەسەر کرا.

سەبارەت بە لایەنەکانی دیکەی روداوەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئوردن، شا عەبدوڵای دووەک جەختیکردەوە، لێکۆڵینەوەکان لەو بابەتە بەردەوامە و بەگوێرەی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، بەرژەوەندی گەل و نیشتیمان لەسەروو هەموو پێوەرەکانەوە دەبێت و بابەتەکان لەچوارچێوەی یاسادا مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت، بەشێوەیەک دادپەروەریی و شەفافیەتی تیا بچەسپێت.



ڕیکلام