کازمی: ئەنجامی گفتوگۆی ستراتیژی گێڕانەوەی عێراقە بۆ دۆخی ئاسایی

  2021-04-08  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆی ستراتیژی نێوان واشنتۆن و بەغدا، دەروازەیەکە بۆ گێڕانەوەی عێراق بۆ دۆخی ئاسایی خۆی.

کازمی لە توێتێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نووسیویەتی "ئەنجامەکانی خولی سێهەمی گفتوگۆی ستراتیژی دەرگایەکە بۆ گێرانەوەی دۆخی ئاسایی لە عێراقدا، بەو شێوەیەی کە شایستەیەتی، ئەوەش ئەنجامێکی باشە و پیرۆزبایی لەو گەلی ئاشتی خواز دەکەم".

لە بەشێکی تری وتەکانیدا کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، گفتوگۆ ڕێگا گونجاوەکەیە بۆ چارەسەری قەیرانەکان، گەلی عێراق شایستەی ئەوەیە بە ئارامی و ئاسایش و گەشەسەندوو ژیان بەسەر بەرێت.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیکردووەتەوە، نەخێر بۆ ململانێ و جەنگ و چەکی لە کۆنترۆڵ دەرچوو.

ئەو وتانەی کازمی لە کاتێکدایە، دوێنێ وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریکا بە ئامادەبوونی هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەمریکا دەستی پێکرد.

هەر دوێنێ حەسەن نازم وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، خشتەیەکی زەمەنی هەیە بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا .

تەلەفزیۆنی عێراقییە لە زاری وتەبێژی حکومەتەوە بڵاویکردەوە، توێژینەوەیەک ئامادە کراوە و خشتەیەکی زەمەنی تیا دیاریکراوە، بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان لە عێراق.

بەر لە دەستپێکردنی خولی سێهەمی گفتوگۆکانی نێوان ئەمریکا و عێراقیش، ژمارەیەک گروپی چەکداری سەر بە هێزەکانی حەشدی شەعبی، هەرەشەی هێرش و کردەوەی سەربازییان لە هێزەکانی ئەمریکا کرد لە عێراقدا، ئەگەر بەغدا و واشنتۆن وادەیەک دیاری نەکەن بۆ کشانەوەی هێزە بیانییەکان.



ڕیکلام