وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕایگەیاند، دوو سەربازی وڵاتەکەی لە هێرشێکی یەکینەکانی پاراستنی یەپەگە لە باکوری سوریا کوژراون.
لە بەیاننامەیەکدا وەزارەتی بەرگری تورکیا لە تویتەر بڵاویکردەوە، ئەو سەربازەی تورکیا کە لە چوارچێوەی ئۆپراسیۆنی (چڵە زەیتون) ئەرکیان بینووە، لە هێرشێکی یەکینەکانی پاراستنی گەل یەپەگە کوژراون.
بە گوێرەی بەیاننامەکەی وەزارەتی بەرگری تورکیا لە هێرشەکەدا ٣ چەکداری ئەو هێزە هێرشبەرە کوژراون و دواتریش ناوچەیەکەی بۆردومانکردووە.
لەو ناوچانەی باکوری سوریا، کە سوپای تورکیا داگیریکردووە، ناوبەناو ڕووبەڕووبوونەوە لە نێوان سوپای تورکیا و یەکینەکانی پاراستنی گەل ڕوو دەدات.
ئۆپراسیۆنی چڵەزەیتون لە ساڵی ٢٠١٨ سوپای تورکیا لە دژ یەکینەکانی پاراستنی گەل لە پارێزگای عەفرینی ڕۆژئاوای کوردستان دەستیپێکرد و شارەکەی کۆنترۆڵکرد.
لە ساڵی ٢٠١٦ وە سوپای تورکیا ٣ ئۆپراسیۆنی سەربازیی فراوانی لەناو خاکی سوریا ئەنجامداوە و ناوچەیەکی بەرفراوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا داگیرکردووە.