بەراورد بە دوێنێ پێنجشەممە، ئەمڕۆ هەینی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا تاڕادەیەک بەرزبووەوە.
بەپێی داتای بۆرسەکانی جیهان، ئەمڕۆ هەینی ٩ی٤ی٢٠٢١، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بە ٦٣ دۆلار و ١٥ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
هاوکات نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە نزیکەی ٥٩ دۆلار و ٦٩ سەنت دیاریکراوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ پێنجشەممە ٨ی٤ی٢٠٢١، هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت بە ٦٢ دۆلار و ٨٨ سەنت مامەڵەی پێوەکرا و نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمریکاش بە ٥٩ دۆلار و ٤٨ سەنت بوو.
بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لەکاتێکدایە، چەند ڕۆژ پێش ئێستا، نرخی نەوت لە بازاڕەکانی وزەی جیهانیدا بەشێوەیەکی بەرچاو دابەزی، بەشێوەیەک نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برنت هاتەخوارەوە بۆ 61 دۆلار و 56 سەنت.
ئەگەرچی لە چەند هەفتەی ڕابردوودا نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا، گەیشتە 70 دۆلار، بەڵام دواتر بە پێچەوانەوە دەستی بە دابەزین کرد.
بەرزبونەوەی نرخی نەوت کاریگەری گەورەی لەسەر ئابوری عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت بەوپێیەی زۆرینەی داهاتیان پشت بە فرۆشتنی نەوت دەبەستێت.