ڤایرۆسێکی نوێ هەڕەشە لە جیهان دەکات

  2021-04-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
دەسەڵاتدارانی تەندروستی باشوری ئوسترالیا، هۆشداریان دایەدانیشتوانی ناوچەکە دوورکەونەوە لە شەمشەمە کوێرەکان، دوای ئەوەی ئاشکرابووە هەڵگری ڤایرۆسێکی نوێیە و دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ و دەبێتە هۆی چەندین نەخۆشی مەترسیدار.

دەسەڵاتدارانی تەندروستی ئوسترالیا ئاماژەیان بەوەشکردووە، ئەو ڤایرۆسە نوێیە، نیشانەکانی وەک نەخۆشی هاری وایە کە لە سەگەوە دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ، کە دوای دەرکەوتنی نیشانەکانی دەبێتە هۆی مردنی کەسەکە، لە نیشانەکانیشی ئیفلیجی و لەبیرچوونەوە و هێڵنجدان.

ڕۆژنامەی (سەن)ی بەریتانی لە زاری لویز فلود پزیشک لە لقی ڕووبەڕووبوونەوەی نەخۆشە گوێزراوەکان ە وەزارەتی تەندروستی ئوسترالیا ڕایگەیاند، دڵنیابوونەتەوە لە دوو کەس کە تووشی ڤایرۆسی شەمشەمەکوێرەی ئوسترالی بوون.

ڤایرۆسەکە لەڕێگەی لیکی شەمشەمەکوێرەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرؤڤ، کاتێک بەر لەشی مرۆڤ دەکەوێت، یاخود لە کاتی گەستن یان بریندارکردنی شوێنیکی کەسەکە، بە هەمان شێوە کاتێک لیکی شەمشەمەکوێرەکە بەر چاوو و لوت و دەم دەکەوێت، بە هەمان شێوە ڕاستەوخۆ دەگوێزرێتەوە بۆ مرۆڤ.

دەسەڵاتدارانی تەندروستی ناوچەکە هۆشداریان داوە لەوەی تووشبوون بەو ڤایرۆسە، مرۆڤەکان تووشی نەخۆشی مەترسیداری وەک ئیفلیجی و لەبیرچوونەوە و لە کۆتایشدا مردن دەکاتەوە.

ئەو پزیشکە ئوسترالیە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە سەد شەمشەمە کوێرە یەک دانەیان هەڵگری ڤایرۆسەکەیە، بۆیە دوای ئاشکرابوونی ئەو دوو کەیسە هۆشداری توند دراوە بۆ دوورکەوتنەوە و خۆ بەدوور گرتن لە شەمشەمە کوێرە و ئەو شوێنانەی کە مەترسی ئەوەیان لێدەکرێت شەمشەمە کوێرەیان لێبێت.

 



ڕیکلام