کازمی: عێراقییەکان سورن لەسەر ژیان و داهاتوویەکی باشتر

  2021-04-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی ڕایگەیاند، عێراقییەکان سورن لەسەر ژیانێکی باشتر کە شایستە بێت لەگەڵ ئەو قوربانیانەی کە داویانە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتێکدا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر ڕایگەیاند، یادکردنەوەی شەهیدکردنی محەمەد باقر سەدر لەسەر دەستی ڕژێمی دکتاتۆری خۆسەپێن، ڕۆژێکی بە ئازارە و نیشانەیەکی جیاکەرەوەیە لە مێژووی عێراقدا.

کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، چونکە دوای ٢٣ ساڵ لەو ڕۆژە یادی هەرەسهێنان و ڕوخانی خودی ڕژێمی دکتاتۆر و خۆسەپێن و لە خۆبایی و ملهوڕە، کە ڕۆژەکانی کردە ئازار.

لە کۆتایی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق دووپاتیکردووەتەوە "بەڵام عێراقییەکان سوورن لەسەر ژیان و داهاتوویەکی ئەوتۆ، کە شایستەی قوربانییەکانیان بێت".

ئەوەش لە کاتێکدایە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و لە ٩ی نیسانی ساڵی ٢٠٠٣، هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، هاتنە ناو بەغداوە، وەک یەکەم ئاماژەش بۆ ڕوخان و کۆتایی هاتنی ڕژێمی بەعس، پەیکەری سەدام حسێنیان لە ناوەڕاستی بەغدا ڕووخان و بووە سەرەتاییەکی نوێ لە مێژووی عێراق.

بە هەمان شێوە لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە ٩ی نیسانی ساڵی ١٩٨٠ دەسەڵاتدارانی بەعس، محەمەد باقر سەدر، بیرمەندی ئیسلامی ڕەوتی شیعەکان، و یەکێک لە دیارترین دامەزرێنەرانی حزبی دەعوەی ئیسلامیان دەستگیرکرد و لە تەمەنی ٣٥ ساڵیدا، بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئێراندا لە سێدارەیان دا.



ڕیکلام