خزعەلی: پێویستە ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق زیاد بکرێت بۆ 400 پەرلەمانتار

  2021-04-09  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
قەیس خزعەلی ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق داوایکردووە، ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانی عێراق زیاد بکرێت بۆ ٤٠٠ پەرلەمانتار و ئاشکرایشکرد، ژمارەیەک لە لێپرسراوانی عێراقی لە کەنداوەوە پارەیان پێگەیشتووە و هێرشی توندیش دەکاتە سەر سعودیە و ئیمارات.

خزعەلی لە وتەیەکدا لە ساڵیادی تیرۆرکردنی محەمەد باقر سەدر ڕایگەیاندووە، لە پێناو وەدیهێنانی چارەسەرەکان، دەبێت چاکسازی ڕیشەیی  و راستەقینە بکرێت، گرنگترینیان هەموارکردنی دەستورە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لە و هەموارە دەستوریانە کە پێویستە بکرێت، هەڵوەشاندنەوە یان گونجاندنی ئەنجومەنی پارێزگاکانە، چونکە زۆربەی خەڵک بڕوای بە ڕۆڵی ئەو ئەنجومەنانە نییە.

لەبەشێکی تری وتەکانیدا ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق ئاماژەی بەوە کردووە، یەکێک لە داخوازییە جەماوەرییەکان پێویستی بە هەمواری دەستورە، ئەویش دیاریکردنی ژمارەی ئەندامانی پەرلەمانە، چونکە زیادبوونی دانیشتوان بە گوێرەی دەستور پێویستی بەوەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ژمارەی  ئەندامانی پەرلەمان زیاد بکرێت بۆ ٤٠٠ پەرلەمانتار.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی حکومەتیش خزعەلی پێی وایە، تاکە ڕێگە بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی تەکنۆکرات، هەڵبژاردنی سەرۆکی دەسەڵاتی جێبەجێکردنە بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ.

سەبارەت بە کرانەوەش بەڕووی وڵاتانی عەرەبیدا قەیس خزعەلی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان دژی کرانەوەی عێراق نین لەگەڵ وڵاتانی عەرەبیدا، بەڵکو ئەوان لەگەڵ کرانەوەدان، بەڵام بە هەنگاوی کرداری. ئاماژەی بەوەشکردووە، هەموو ئەو دەوڵەتانەش کە سعودیە و ئیمارات چوونەتە ناوی چارەنووسیان وێرانبوون و شەڕی ناوخۆ و ئاژاوە بووە.

جەختیشیکردووەتەوە، ئەگەر سعودیە نییەتی ڕاستەقینەی هەیە، پێویستە هەنگاوی کرداری بنێت بۆ گۆڕانکاری لە یەیڕەوی خۆیدا.

ڕوونیشیکردووەتەوە، ناتوانرێت متمانە بە سعودیە و ئیمارات بکرێت، چونکە بەهۆی ئەوانەوە ئازار و خوێن و شەهیدیان هەیە.

بە وتەی خزعەلی سعودیە ٥ هەزار خۆکوژی ناردووەتە عێراق و خۆیان تەقاندووەتەوە و بە میلیاران دۆلاری کەنداو لە وێرانکردنی عێراقدا خەرجکراوە، بۆیە ئەگەر سعودیە  سورە لەسەر هەنگاوی ڕاستەقینە پێویستە داوای لێبوردن لە گەلی عێراق بکات.

دەربارەی ڕۆڵی ئیماراتیش خزعەلی ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆڵی ئیمارات لە عێراقدا زۆر مەترسیدارترە لە ئێستادا، چونکە کەسایەتی هەیە لەناو حکومەتی عێراقدا بە وتەی ئەو پارەیان لە ئیماراتەوە پێ دەگات.

لەو بارەیەوە خزعەلی ڕوونیکردەوە، تا ئێستاش پارەی ئیمارات دێتە عیراقەوە بۆ کڕێنی کەسانی دیاریکراو، بە وتەی خزعەلی ئیمارات لە هەوڵی ساختەکردنی هەڵبژاردنەکانی عێراقدایە، تا بە ئاراستەی بەرژەوەندییەکانی خۆیدا بیبات، بۆیە بۆ ئەوەی پێشوازی لێ بکرێت لە عێراقدا دەبێت دەستبەرداری ئەو کار و چالاکیانەی بێت.

سەبارەت بە بەیاننامەی هاوبەشی نێوان ئەمریکا و عێراق، کە دوابەدوای خولی سێهەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوانیان بڵاویانکردەوە، خزعەلی ڕایگەیاند، ئاماژەی باشی تێدایە و ستایشی شاندی وتووێژکاری عێراقی کرد، چونکە لە ئاستی داخوازیەکانی پاراستنی سەروەریی عێراقدا بووە.

ڕوونیشیکردەوە، ئەوان دژی دروستکردنی پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریکا نین، چونکە بەرژەوەندی وڵاتەکە وا دەخوازێت، دەشیانەوێت پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمریکا لە ڕووی دۆخی سەربازییەوە، بچێتەوە ئەو ئاستەی پێش هاتنی رێکخراوی داعش.

 



ڕیکلام