تەندروستی عێراق: بەغدا و بەسرە و هەرێمی کوردستان شوێنە مەترسیدارەکانی کۆرۆنان

  2021-04-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
بەهۆی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسی کۆرۆناوە، وەزارەتی تەندروستی عێراق چەند ناوچەیەکی وڵاتەکەی بە مەترسی بەرز ناوبردووە، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

حەسەن تمیمی وەزیری تەندروستی و ژینگەی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی فەرمی ڕاگەیاندووە، دوورکەوتنەوەی هاوڵاتیان لەوەرگرتنی فاکسینەکانی دژی کۆرۆنا، دەبێتە هۆی لاوازکردنی هەنگاوەکان کە دەدرێت بۆ بەدیهێنانی بەرگری کۆمەڵگەیی لە دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و کۆنترۆڵکردنی.

وەزیری تەندروستی عێراق ئاشکرایکردووە، هێشتا عێراق لەناو شەپۆلی دووەمی کۆرۆنادایە و هۆکاری زیادبوونی تووشبوانی بە پەتاکەش، گێرایەوە بۆ لاوازی پابەندبوونی هاوڵاتیان بە بنەماکای خۆپارێزی، بە تایبەت چالاکییەکانی وەک کۆبوونەکانی تایبەت بە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنەکان و چالاکییە کۆمەڵایەتییەکان و ئاهەنگەکانی دەرچوون و بۆنە ئایینییەکان و پرسە و کردنەوی مۆڵ و بازاڕەکان.

وەزیری تەندروستی عێراق دەختیشیکردەوە، وەزارەتەکەی بە غدا و بەسرە و هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی گوندنشینی وەک ناوچە زۆر مەترسیدارەکان لە قەڵەمداوە لەڕووی تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە دوێنی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق ڕایگەیاند، لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ٧٩٣٧ کەسی دیکە تووشی کۆرۆنا بوون و ٣٥ گیانیان لەدەستداوە.



ڕیکلام