فوئاد حسین و ئەبو غیت پەیوەندییەکانی عێراقیان لەگەڵ وڵاتانی هاوسێ تاوتوێ کرد

  2021-04-10  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە دیدارەکانی لەگەڵ ئەمنیداری گشتی کۆمکاری عەرەبی گفتوگۆیانکردووە، سەبارەت بە پەیوەندیەکانی عێراق لەگەڵ هەریەکە لە تورکیا و ئێران و دۆخی سوریا.

فوئاد حسین لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ ئەحمەد ئەبو غیت ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی لە بەغدا ڕایگەیاند، گفتوگۆیان کردووە سەبارەت بە دۆخی ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی و سوریا بە تایبەتی.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەکرد، هاوکات گفتوگۆیانکردووە دەربارەی پەیوەندییەکانی عێراق بە هاوسێکانییەوە، بە تایبەت تورکیا و ئێران، هەروەها ئەنجامی سەردانەکانی لێپرسراوانی عێراق بۆ دەرەوە وڵات.

لە بەرامبەریشدا لەو گۆنگرە ڕۆژنامەنووسیە هاوبەشدا ئەبوغیت ڕایگەیاند، لە چەند مانگی داهاتوودا کۆمکاری عەرەبی میوانداری سەرکردایەتی عێراق دەکات.

ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی جەختیکردەوە، ئەوان ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی دەخەنە خزمەت عێراقەوە بەو شێوەیەی کە دەتوانێت بەرژەوەندییەکانی بۆ دەستبەر بکات.

بەیانی ئەمڕۆ ئەحمەد ئەبو غیت، ئەمینداری گشتی ڕێکخراوی کۆمکاری عەرەبی، گەیشتە بەغدا و لەگەڵ ژمارەیەک لە لێپرسراوانی عێراقی دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجامدا.



ڕیکلام