ژمارەی کوژراوانی خۆپیشاندانەکانی میانمار بۆ زیاتر لە 700 کەس بەرزبووەوە

  2021-04-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
ژمارەی ئەو کەسانەی لە ئاکامی دەستوەردانی هێزە ئەمنییەکان لە خۆپیشاندانەکانی دژبە کودەتای سەربازیی و دەستگیرکردنی ئەندامانی حکومەتی هەڵبژێردراو لە میانمار کوژراون، بۆ زیاتر لە ٧٠٠ کەس بەرزبووەوە.

لە راپۆرتی رۆژانەی رێکخراوی هاوکاری دەستبەسەرکراوانی سیاسییدا، ئاماژە بەوە کراوە کە لەو ناوچانەی هێزە ئەمنییەکان چەکیان دژبە هاوڵاتیانی مەدەنی بەکارهێناوە، کوژراوی نوێ تۆمارکراوە .

لە راپۆرتەکەدا باس لەوە کراوە کە تێکڕای ژمارەی ئەو کەسانەی کە لەو خۆپیشاندانانەدا کوژراون، بەرزبووەتەوە بۆ ٧٠١ کەس و سێ هەزار و ١٢ کەسیش دەستگیرکراون .

هەروەها باس لەوەشکراوە کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ٦٥٦ کەسی دیکە دەرکراوە .

دوێنێ شەممە ١٠ی٤ی٢٠٢١، لە ئاکامی دەستوەردانی سوپای میانمار لە خۆپیشاندانەکاندا، لانیکەم ٨٢ کەس کوژران.

دوابەدوای کۆدەتا سەربازییەکەی میانمار لە ١ی شوباتی رابردوو و لەسەرکار لابردنی ئانگ سان سوچی سەرۆکی پێشووی میانمار، زیاتر لە سێ هەزار خۆپیشاندەر و چالاکی مەدەنی لەو وڵاتە دەستگیرکراون و سزای جۆراوجۆریان بەسەردا سەپێندراوە.

لەو کاتەشەوە دۆخێکی مەترسیدار و خوێناوی لە میانمار پیادە دەکرێت و سوپای ئەو وڵاتە زۆربەی لێپرسراوە باڵاکانی حکومەتی پێشووی دەستگیر کردووە.



ڕیکلام