کازمی: بڕی یەدەگی بانکی ناوەندیی ٦٠ ملیار دۆلار زیاترە

  2021-04-11  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، بڕی یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندیی عێراق بەرز بووەتەوە بۆ زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار.

کازکی لە بەیاننامەیەکدا بڵاویکردەوە، زۆر پرۆژەیان لە پارێزگاکانی باشور جێبەجێکردووە، کە بەهۆی جەنگ و خراپی ئیدارەدانەوە بێبەش بوون لە زۆرێک لە خزمەتگوزارییەکان.

ئاماژەی بەوەشکردووە، لەوەتەی حکومەتیان وەرگرتووە، بە هەموو توانای خۆیانەوە کاریان کردووە، بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی دادپەروەرانە لایەک بکرێتەوە لە شارەکانی باشور و سەرجەم ناوچەکانی دیکەی عێراق.

لە بەشێکی دیکەی وتەکانیدا سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕوونیکردەوە، سەرکەوتوو بوون لە ڕاگرتنی بەهەدەردانی گەورە لە خستەبازاڕی فرۆشی دۆلار لە لایەن بانکی ناوەندییەوە، کە پێشتر ناوبانگێکی خراپی هەبووە و بەردەوامیش دەبن لە گرتنە بەری ڕێوشوێنەکانیان لەوبارەیەوە.

جەختیشیکردەوە، سەرەڕای ڕێگرییەکان کە هەندێک ویستوویانە لەمپەریان بۆ دروست بکەن، بەڵام بەردەوام دەبن لە هەنگاوەکانیان بەڕاستەی بەرپەرچدانەوەی گەندەڵی و هیچ پاشەکشەی لێ ناکەن.

بە گوێرەی بەیاننامەکەی کازمی، لە ئێستادا بڕی یەدەگی پارەی بیانی لە بانکی ناوەندیی گەیشتووەتە زیاتر لە ٦٠ ملیار دۆلار، کە پێشتر و بەر لەدەستپێکردنی ڕێوشوێنەکانی چاکسازی ئەم حکومەتە بڕەکەی ٥١ ملیار و ٩٠٠ ملیۆن دۆلار بووە.



ڕیکلام