گرنگترین ناوەرۆکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی حکومەتی عێراق

  2021-04-13  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا گفتوگۆ کراوە لەسەر کێشە و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی بیرۆکراسیەت لە دامودەزگا حکومییەکان و بەرزبوونەوەی نرخی کەلوپەلە خۆراکییەکان لە مانگی رەمەزاندا.

لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا پیرۆزبایی لە گەلی عێراق کراوە بە بۆنەی هاتنەوەی مانگی رەمەزانی پیرۆز، دواتر گفتوگۆ کراوە دەربارەی کێشە و پێداویستییەکانی هاوڵاتیان و کەمکردنەوەی بیرۆکراسیەت لە دامودەزگانی دەوڵەت، کە پێویستە کاری لە پێشینەی هەموو وەزیرەکان بێت.

کازمی ئاماژەی بەوەکردووە، ئەوان هاتوون بۆ خزمەتکردنی هاوڵاتیان و تێپەڕاندنی بەربەستەکان کە وڵاتی پیا تێپەڕ دەبێت،

لە بەشێکی تری ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ڕاسپاردەکانیان بۆ وەزارەتی بازرگانی دووپات دەکەنەوە، بۆ کارکردنی بەردەوام بە مەبەستی دابینکردنی بابەت خۆراکییەکانی ناو فۆڕمی خۆراک و لەوڕووەوە هەموو توانایەکی خۆیان بخەنە گەر.

هەر لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا ئاماژە بەوەشکراوە، زیادبوونی نرخی کەلوپەلەکان زۆربەی پەیوەندیی هەیە بە چاوچنۆکی هەندێک لە بازرگانەکان، بۆ ڕێگریش لەو کارە هەڵمەتیان دەستپێکردووە بۆ ڕێگریکردن لە بەرزکردنەوەی نرخ.

جەختیشکراوەتەوە لە هاندانی هاوڵاتیان بۆ وەرگرتنی ڤاکسینی کۆرۆنان لەو ڕووەشەوە وەزارەتی تەندروستی هەوڵی زۆری داوە بۆ دابینکردنی فاکسینی دژی کۆرۆنا.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، بەهۆی گرتنە بەری ڕێوشوێنەکان بۆ چاکسازی، سەرکەوتوو بوون لە زیادکردنی بڕی یەدەگی دراوی بیانی لە بانکی ناوەندیی عێراقدا.



ڕیکلام