تورکیا و لیبیا سەکۆیەکی میدیایی هاوبەش دروست دەکەن

  2021-04-13  | 
دۆسیە:  تورکیا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
هەریەکە لە تورکیا و لیبیا ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی سەکۆیەکی میدیایی هاوبەش، بە ئامانجی هاوکاری و بەهێزکردنی پەیوەندییە میدیاییەکان لە نێوان هەردوو وڵات، لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنی ستراتیژی لە بواری میدیادا.

ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵی تورکیا بڵاویکردەوە، لەڕێگەی ئەو سەکۆ هاوبەشەوە، ژێرخانێک بۆ تۆڕی پەیوەندییەکان و میدیای تەندروست بنیات دەنرێت لە نێوان هەردوو وڵاتدا.

بە گوێرەی پلانەکە، پردێکی پەیوەندیی لە نێوان سەرکردەکانی ڕا و بۆچوون لە نێوان هەردوو وڵاتدا پێکدەهێنرێت، هەروەها پرۆگرامی هاوبەش بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ڕاهێنان دەستبەر دەکرێت، هەروەها کۆمپانیای تایبەت لەگەڵ نوێنەرانی میدیاکاران و کەرتە جیاجیاکانی دیکە دروست دەکرێت.

ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، کار دەکرێت لەسەر بنیاتنانی کاری تەلەفزیۆنی و سینەمایی هاوبەش و بەپەرچدانەوە هێرشە چەواشەکارییەکان میدیاییەکەی سەر گۆڕەپانی نێودەوڵەتی و ئەنجامدانی کاری هاوبەش لە نێوان دامەزراوە میدیاییە فەرمییەکانی نێوان هەردوو وڵات.

بڕیاریشە هەردوو وڵات لیژنەیەکی کاری هاوبەش پێکبهێنن، لە پێناو دانانی پلانێکی ورد، بە ئامانجی کارپێکردین ئەو سەکۆ میدیاییە هاوبەشە لە ماوەی ٣ مانگدا، دوای ئەوەی یاداشتی لێکتێگەیشتنی هاوبەش دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

هەریەکە لە فەخرەدین ئاڵتون سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکان لە سەرۆکایەتی تورکیا  و وەلید عەمار لافی، وەیزری دەوڵەت بۆ کاروباری پەیوەندی و کاروبرای سیاسی لیبیا یاداشتەکەیان ئیمزا کردووە.

ئەو یاداشتە میدیاییە هاوبەشە یەکێکە لەو ٥ ڕێککەوتنەی کە  لیبیا و تورکیا لە چەندین بواری جیاجیا ئیمزایانکردووە.

لە ڕێوڕەسمی ئیمزاکردنەکەش هەریەکە لە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا و، عەبدولحەمید دبیبە سەرۆکی حکومەتی یەکێتی نیشتیمانی لیبیا ئامادەی مەراسیمی ئیمزاکردنەکە بوون، کە لە لایەن ئەنجومەنی تورکی لیبی بۆ هاریکاری ستراتیژی ئامادەکاری بۆ کرابوو.



ڕیکلام