لیژنەی ئاسایش و بەرگری: ئەمریکا ڕازی بووە هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە

  2021-04-14  | 
دۆسیە:  ئەمریکا
 تۆڕی هەواڵی ژیان
لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، ئاگادارکراونەتەوە لەوەی واشنتۆن ڕازی بووە لەسەر کشاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی لە عێراق.

بەدر زەیادی ئەندامی لیژنەکە ئاماژەی بەوەکردووە، لیژنەی هاوبەشی نێوان عێراق ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای تایبەت بە گفتوگۆی ستراتیژی ، ئاگاداری کردوونەتەوە ئەمریکا ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر کشاندنەوەی هێزە شەڕکەرەکانی لە ناوخۆیی عێراق.

بەدر زەیادی ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ڕایگەیاند، رەزامەندی ئەمریکا بەو خێراییە لیژنەکەیانی تووشی سەرسوڕمان کردووە و ئەوەش کارێکی زۆر باشە.

زەیادی ڕوونیشیکردووەتەوە، کاراکردنی ڕێککەوتنی نێوان بەغدا و واشنتۆن کارێکی گرنگە بۆ بەهێزکردنی یەوەندییەکانی نێوان هەردوولا، چونکەو بە گوێرەی ڕێککەوتنی کۆتایی ئەو هێزەی کە لە عێراق دەمێنێتەوە بۆ ڕاهێنانە نەک هێزی شەڕکەر و سەربازیی.

ڕۆژی ٨ی ئەم مانگە لە چوارچێوەی گفتوگۆی ستراتیژی کە لە ساڵی ٢٠٠٨ وە لە نێوان ئەمریکا و عێراق و ئیمزا کراوە، فوئاد حسین وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەڤیدیۆ چات سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەیان کرد .

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کراوە دەربارەی دۆسیەکانی ئاسایش و تیرۆر و ئابوری و وزە و ژینگە و بابەتە سیاسییەکان و پەیوەندییە کلتورییەکان، لە گفتوگۆکاندا نوێنەرانی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بوون.

بە گوێرەی بەیاننامەی کۆتایی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا جەختیکردووەتەوە لە ڕێزگرتن لە سەروەریی و سەلامەتی خاکی عێراق و بڕیارە پەیوەندارەکان، کە لە هەردوو دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردنەوە دەردەچن.



ڕیکلام