كۆمسیۆن: سبەی دواین وادەى نوێکردنەوەى تۆمارى دەنگدەرانە

  2021-04-14  | 
 تۆڕی هەواڵی ژیان
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، دوایین وادەیە بۆ خۆتۆمارکردنی هاوڵاتیان لە سیستەمی بایۆمەتری کە وەک مەرجی سەرەکی بۆ بەشدارییکردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دیاریکراوە.

کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا داوای لەو هاوڵاتیانە کردووە کە تاوەکو ئێستا ناوی خۆیان تۆمارنەکردووە، پەلە بکەن لە رووکردنە ناوەندەکانی تۆماری دەنگدەران و ناوی خۆیان لە سیستەمی بایۆمەتریدا تۆمار بکەن.

پێشتر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان چەندجارێک وادەی تۆمارکردنی دەنگدەرانی لە سیستەمی بایۆمەتری درێژکردەوە کە دوایینجاریان لە ٣١ی ئازاری رابردوو بۆ ماوەی ١٥ رۆژی دیکە ئەو وادەیەی درێژکردەوە کە سبەی پێنجشەممە ١٥ی٤ی٢٠٢١، وادەکە کۆتایی دێت.

بەپێی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا ھەیە کە بڕیارە لە ١٠ی تشرینی یەکەمی داهاتوودا، بەڕێوەبچێت.



ڕیکلام